لە سێمالکا ٧٣ رۆژە داوای تەرمی گەریلا شەهیدەکان لە پەدەکە دەکرێتەوە

مانگرتن لە دەروازەی سنوری سێماڵکا لە 73هەمین ڕۆژیدا بەردەوامە و داوای تەرمی شەهیدان لە پەدەکە دەکەنەوە، بەرامبەردا پەدەکە دەروازەکەی لە فیشخابوور-ی داخست.

لە ٧٣ هەمین ڕۆژیدا مانگرتن لە دەروازی سێماڵکا لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان بەردەوام بوو، داوا دەکەن پەدەکە تەرمی شەهیدەکانیان ڕادەست بکاتەوە.

ئەندامانی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە هەرێمی جزیرە و ئەندامانی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاروباری کرێکاریی هەرێمی جزیرە بەشداری چالاکیەکەیان کرد و لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی نیگەرانی خۆیان لە کردەوەکانی پەدەکە دەربڕی.

فەیوشاه ڕەمەزان، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاروباری کرێکاری جزیرە بەیاننامەکەی خویندەوە کە تیایدا هاتبوو: هەمووان دەزانین یاسا نێودەوڵەتییەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە لە کاتی شەڕدا تەرمی شەهیدان ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێت، بەڵام ماوەی ٧٣ ڕۆژە خەڵکی ڕۆژئاوا داوای تەرمی شەهیدەکانیان دەکەن لەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن برای هەموو کوردێکن، بەڵام ڕادەستی ناکەن.

کەسوکاری دوو گەریلای شەهید کە لەشەوی ٢٨ی ئابدا لە کەمینێکی هێزەکانی پەدەکەدا لە ناوچەی خەلیفان شەهید کراون، ماوەی ٧٣ ڕۆژە داوای تەرمی ڕۆڵەکانیان دەکەنەوە و تا ئێستاش پەدەکە وەڵامیان ناداتەوە.

ئەو دوو شەهیدەی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوەکانی شەهید تولهەڵدان ڕامان و سەردەم جودی کە سێ گەریلای دیکەشیان لەگەڵدا شەهیدبوون تا ئێستا تەرمەکانیان نازاندرێت لە کوێیە.

چین و توێژەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژانە سەردانی مانگرتوان و کەسوکاری شەهیدان دەکەن و پشتیوانیان دەکەن و لەگەڵیاندا دەمێنەوە و کردەوەکانی پەدەکە شەرمەزار دەکەن و داوای تەرمی ئەو شەهیدانە دەکەنەوە.

کەسوکاری ئەو دوو شەهیدەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ٥ی مانگی تشرینی یەکەمەوە لە دەروازەی سنوری نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان لە مانگرتندان و داوای تەرمی شەهیدەکانیان دەکەنەوە.

ف.ق