لە سووریا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١٤ کەس کوژراون

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سووریا بە ڕووداوی جۆربەجۆر لانیکەم ١٤ کەس کوژراون و کۆمەڵکووژییەکانی چەکدارانی حکومەتی دیمەشق لە دژی پێکهاتە جیاوازەکان بەردەوامە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی تاوانەکانی کوشتنی لە سووریادا بڵاوکردوە و ئاشکرای کرد لانیکەم ١٤ کەس بە ڕووداوی جۆراوجۆر کوژراون.

لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە گوندی ئەبوو دەفنەی ئیدلیب پیاوێک بەهۆکاری پاشماوەی جەنگەوە گیانی لە دەستداوە، هەروەها لە باشووری سوەیدا تەرمی کەسێک بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

کۆمەڵکووژییەکانی چەکدارانی حکومەتی دیمەشق

لە ئامارەکەدا سەرنج خراوەتەسەر کۆمەڵکووژی و تاوانەکانی چەکدارانی سەر بە حکومەت دیمەشق و دەستنیشان کراوە لە گوندەوارەکانی لازقییە چوار کەس لە لایەن ئەو چەکدارانەوە کوژراون، کە منداڵیشییان تێدایە.

هەروەها لە هەڵکوتانەسەر گوندەوارەکانی ڕۆژئاوای حومسدا، گەنجێک بە گولەی ڕاستەخۆی ئەو چەکدارانە کوژراوە.

لە بەردەوامیدا هاتووە: "لە قەرداحە تەرمی گەنجێک بە کوژراوی دۆزراوە، کە پێش چەند ڕۆژێک لەلایەن گرووپێکی چەکدارییەوە ڕفێندرابوو کە جلی ئاسایشی دیمەشقییان لەبەردابووە. هاوکات منداڵێک لە شاری ئەل سەنەمین لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارییەکاندا گولـلەیەکی بەردەکەوێت و گیان لە دەستدەدات."

ئاماژەش بەوەکراوە لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە گوندی ئەل دووری ڕۆژئاوای سوەیدا دوو گەنجی دروزی کوژراون. هەروەها سێ برای عەلەوی لە گوندەوارەکانی حەمە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون.