لە یەکەم ڕۆژی جەژندا کچەکەی ئەبوو لەیلا سەردانی گڵکۆی باوکی کرد

گەلی کۆبانێ لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا سەردانی مەزارگەی شەهیدەکانیان کرد و وەفا و دڵسۆزی خۆیان بۆ یادی شەهیدان دووپات کردەوە. لەیلا فەیسەڵ عەبدی بیلال (ئەبوو لەیلا) سەردانی مەزاری باوکە شەهیدبووەکەی کرد.

وەک نەریتێک گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا سەردانی مەزاری شەهیدان و ئازیزانیان کرد، لەیلای گەنج کچی شەهید ئەبوو لەیلاییە هاوشانی گەل سەردانی مەزاری باوکی کرد لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆبانێ.

شەهید ئەبوو لەیلا یەکێک بوو لە فەرماندەی سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە). لە شەڕی ڕووبەرووبونەوەی تیرۆریستانی داعش لە بەرەی ئەبوقەلقەل، لەکاتی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر منبج لە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠١٦ شەهید بوو.

شەهید ئەبوو لەیلا پێش شەهیدبوونی لە داستانی سەردەمی کۆبانێ نامەیەکی بۆ لەیلای کچی نووسیووە و بەم شێوەیە؛

لەیلای دەلال
ئەمە ئەرک‌ و ڕێگامانە، ئامانجی ئێمە پاراستنی تۆ و منداڵانی وەک تۆیە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە شەڕ دەکەین، بۆیە لێرەین. هیوادارم کاتێک ئێوە گەورە دەبن تاوانبارمان نەکەن بەوەی ئێمە دەمانوت؛ 'باب‌ و باپیرانمان هیچ شتێکیان بۆ نەکردین'.
من بۆ تۆ و منداڵانی وەک تۆ دەجەنگم، بۆئەوەی منداڵانی سەر ئەم خاکە ئایندەیەکی خۆشتریان هەبێت‌ و بەئازادی‌ و ئارامی بژین. ئێمە زەحمەتی دەکێشیین‌ و ڕووبەڕووی هەموو مەترسییەک دەبینەوە، تا ئەوکاتەی وڵاتە ئازیزەکەمان بەتەواوی ڕزگار دەبێت، ئێمە شۆڕشی خۆمان بەردەوامدەکەین.
زۆر بیرتدەکەم! خۆشەویستەکەم لەیلا... هەرچی دەبێت با ببێت، باوەڕ بکە تۆ شانازی دەکەیت بەزیندووبوون، یان شەهیدبوونم.
ماچت دەکەم.
باوکت ئەبو لەیلا- کۆبانێ.