فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە هێرشی مین دانەوەی شانەی چەتەکانی داعش لەسەر رێگەی خاڵێکی پشکنینی هیزەکانیان لە سەر ڕێگای ڕەقە – حەسەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛
"کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی سەباح ئەلخەیر کە دەکەوێتە سەر ڕێگای ڕەقە-حەسەکە، شانەی چەتەکانی داعش مینێکیان لەسەر ڕێگای ئۆتۆمبێلێکی دەوریەی هێزەکانمان دانا بوو، تەقیەوە.
لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٣ ئەندامی هێزەکانمان لە کاتی بەجێبەجێ کردنی ئەرکی پاراستنی ڕێگاوبانەکان و هاتوچۆی خەڵکی مەدەنی شەهید بوون. هەروەها ئەندامێکی دیکەی هێزەکانمان بریندار بووە و لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، مینێکی دیکەی چێنراو لەم ناوچەیەدا هەیە. شارەزایانی بواری مین و تەقەمەنی بۆ پووچەڵ کردنەوەی دەستیان بە گەڕان و بەدواداچوون کردووە.
شایانی باسە کە کردەوە تیرۆریستییەکان له چوارچێوەی زیادبوونی جموجۆڵەکانی ڕێکخراوی داعش له ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا به تایبەت له دەوروبەری ناوچەی هۆڵ و گوندەکانی ڕەقه و حەسەکه ڕوویداوە. به تایبەت که لەم دواییانەدا زنجیره هێرشێکیان بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە ئەنجام داوە.
ئێمە وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کاتێکدا کە شەهیدبوونی قارەمانەکانمان ڕادەگەیەنین، جەخت لەوە دەکەینەوە کە خوێنی هەڤاڵانمان لەسەر زەوی نامێنێت. هەروەها هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە پاک کردنەوەی تیرۆر تا لەناوچوونی پاشماوەکانی چەتەکان. هاوکات ڕایدەگەیەنین ئەوانەی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێم و گەلەکەمان دەدەن بێگومان ڕووبەڕووی سزاکان دەبنەوە."