لەماوەی مانگێکدا لە عەفرین ٦ کەس کوژراون و زیاتر لە ٥٠ کەس ڕفێنراون

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا ڕاپۆرتی مانگی ئەیلولی ئاشکرا کرد، گوتی: "چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین لەماوەی مانگێکدا لە عەفرین ٦ کەسیان کوشتووە و ٢٩ کەسیان بریندار کردووە و زیاتر لە ٥٠ کەسیان ڕفاندووە".

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا ڕاپۆرتی مانگی ئەیلولی دەربارەی تاوانەکان دژی خەڵکی شاری عەفرین داگیرکراو لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە بڵاوکردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا تاوانی چەتەکان دژی خەڵکی مەدەنی، لە کوشتن و دەستدرێژی و لێدان و دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵکی هاوڵایان و بڕینی دار و گۆڕینی دیمۆگرافی ئاشکرا کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە، ٦ هاوڵاتی کوژراون، لەوانە ٢ هاوڵاتی لە تۆپباران کوژراون، ئەوانیتر بەهۆی ڕەوشی کارەساتبارەوە خۆیان کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ٢٦ هاوڵاتی برینداربوون، ٦ کەسیان بەهۆی تۆپباران بووە، زیاتر لە ٢٠ کەسیان و لەنێویاندا ٨ ژن و ١٢ مناڵ لە ڕووداوەکانی گوندی کاخیری شاری موباتا بوون. هەروەها چەتەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر لە هەزار دار زەویتونیان بۆ فرۆشتن بڕیوەتەوە.

ئاماژە بەوە کراوە، تاوانی گۆڕینی دیمۆگرافی بەردەوامە، لە شاری جەندریسە ناوەندی هاوکاری و کاری مرۆیی میر سەلمان بە هاوکاری ڕێکخراوێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نزیکەی ٣٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی داگیرکاری درووست کردووە.

هەروەها ڕاگەیاندراوە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی عەفرین بەگشتی و خەڵکی گوندی کاخیر بەتایبەتیان دەستبەسەرداگرتووە، ناچاریان کردوون دەست لە ماڵ و موڵکیان هەڵبگرن و پارە بدەنە چەتەکان.

جەختکراوەتەوە چەتەکان بە ئەنقەست چەندین دارستان و داری زەیتونی گوندەکانیان سوتاندووە.

جێگەی بیرخستنەوەیە ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان ناوی زیاتر لە ٥٠ کەسی بڵاوکردەوە کە لە مانگی ئەیلول لە عەفرینی داگیرکراو لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ڕفێنراون.