مەزڵوم عەبدی: دەوڵەتی تورکیا شەڕ دەسەپێنێت، ئامادەی شەڕین و شەڕەکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە

فەرمانداری گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمشەوی سەر ڕۆژاڤای کوردستان ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورک شەڕ دەسەپێنێت، ئێمەش شەڕمان ناوێت، بەڵام ئامادەی شەڕین و ئەگەر ڕووبدات، ئەوا شەڕەکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرمانداری گشتیی، هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی- قەسەدە لە لێدوانێکدا، سەرنجی خستە سەر هێرشەکانی ئەمشەوی سەر ڕۆژاڤای کوردستان کە لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکیاوە ئەنجامدرا.
مەزڵوم عەبدی وتی: ئەمشەو لە کاتژمێر ١٢دا لە شەهباوە تا دێرک ڕێمی تورکیا هێرشی ئاسمانی کردە سەر ڕۆژاڤای کوردستان، هێرشەکە تا ئێستا بەردەوامە و واش دیارە ماوەیەکی دیکەش درێژەی دەبێت.  بەڵام لە زەمینەوە جموجوڵی سەربازی سوپای تورک نەبینراوە.

عەبدی ئاشکرای کرد: دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیدا جیاوازی لە نێوان مەدەنی و هێزی لەشکریدا نەکردوە. تەنانەت جیاوازی لە نێوان هێزەکانمان و هێزەکانی حکومەتی سوریاشدا نەکردوە. بەهۆی هێرشەکانەوە ژماریەک شەهید و بریندار هەن.

فەرمانداری قەسەدە وتیشی: ئەم هێرشانە هیچ پەیوەندیان بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە، ساڵێک زیاترە ئامادەکاریان بۆ دەکرێت.
چونکە هەمووان دەزانن ئێمە و هیچ هێز و لایەنێکی کوردی هەرگیز مەدەنیەکانیان نەکردەتە ئامانج. بەڵکو ئەو تەقینەوەیە کراوەتە بیانو بۆ تۆڵەکردنەوە لە گەلەکەمان. ئەوەش گەمەیەکی چەپەڵی هەواڵگری تورکیا و پەیوەستە بە جموجۆڵەکانی ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و لە لایەن خودی چەتەکانی سەر بە ڕژێ؟ی تورکیاوە ئەنجامدراوە.

مەزڵوم عەبدی جەختی کردەوە: هێرشەکانی ئەمشەو ئیرادەمان ناشکێنێت. ئەوەی دیارە ڕژێمی تورکیا شەڕ دەسەپێنێت. ئێمە شەڕمان ناوێت و هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیە، بەڵام ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئێمەش ئامادەی شەڕین و ڕێوشوێنمان گرتوەتەبەر. شەڕەکەش هەمووان تێیدا زیانمەند دەبن و فراوانیش دەبێتەوە و کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت.

عەبدی ئاشکرای کرد: بۆردومانی ناوچە ئارامەکانی ڕۆژاڤای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڕەشەیە لە ئارامی هەموو ناوچەکە و لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە. دەبێت بزانرێت هێرشەکان تەنیا بە ناوچەکانی ئێمەوە سنووردار نامێنەوە و شەڕ فراوان دەبێتەوە و هەموو شوێنێک دەگرێتەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرمانداری گشتیی، هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی- قەسەدە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی:  داوا لە گەلەکەمان دەکەم، لە پێناوی پاراستنی گیان و ژیانیاندا، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و پابەندبن بە ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە.

هـ.هـ