مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) لەبارەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، کە تیایدا هاتووە، هێرش و دەستدرێژییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بە قۆناغێکى مەترسیدار دەزانم و ئەم دۆخە زیانێكی گەورە بە خەڵكی مەدەنی دەگەیەنێت و ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی سیاسەتی پاكتاوكردنێكی نوێ.
راشیگەیاندووە، هێرشەكانی دەوڵەتی تورك ئاستی نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە، وای كردووە مەترسییەكان لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە زیاتر بێت، هەروەها داوا لە دەوڵەتی تورك دەکەم، سەرنجی لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆی بێت و لە سنووری خۆیدا چارەسەریان بكات.
مەزڵوم عەبدی جەختیشی كردووەتەوە، ئێمە پشت بەو ڕێككەوتنانە دەبەستین، كە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەمانە، دانمان بەخۆماندا گرتووە بۆ ئەوەی دۆخەكە خراپتر نەبێت و جەنگی گەورەتر ڕوو نەدات.
مەزڵوم عەبدی لە كۆتاییدا داوای لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی كرد، ڕێگری لە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بکەن و ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن، دەشڵێت: “بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێكخراوە مافی مرۆڤ مایەی نیگەرانییە”.
ماوەی چەند رۆژێکە دەوڵەتی تورک هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و بەهۆی ئەو هێرشانەوە جیا لە شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی هاووڵاتی مەدەنی، زیانی زۆر بەر ژێرخانی ئابووری و ناوچە مەدەنییەکانی رۆژئاوا کەوتووە.