ناڕەزایەتی نیشاندرا دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوەندە تەندرووستییەکانی ڕۆژئاوا

دەستەی تەندرووستی کانتۆنی فورات ناڕەزایەتی نیشاندا بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و کۆمەڵکوژییەکانی بۆ سەر هەرێمەکە و بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان و ئەمبوڵانسەکان، ڕایگەیاند ئەم هێرشە دژی سیستەمی تەندرووستییە لە هەرێمەکە.

هێرشە داگیرکارییەکان لە ڕۆژئاوا

درۆنێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەوروبەری نەخۆشخانەی دڵ و چاو و نەخۆشخانەی مانگی سووری کوردی لە شاری قامیشلۆ بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا زیانی مادی و بریندار هەبوون. دەستەی تەندرووستی کانتۆنی فورات لەبەردەم نەخۆشخانەی کۆبانێ ڕاگەیاندراوی خوێندەوە. لە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی عومەر عەلەوی حوسێن ئیبراهیم ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، پزیشکان و ئەندامانی دەستەکە ئامادەبوون.

لە ڕاگەیاندراوەکە تاوان و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوەندە تەندرووستییەکان شەرمەزارکرا.

ئاماژە بەوە کرا نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور بەرپرسن لەم هێرشانە، چونکە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوەند و کادرە تەندرووستییەکان بێدەنگن.

داواکرا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستێنرێت و جەختکرایەوە ئەم هێرشانە ئیرادەی گەلانی هەرێمەکە و کادرانی تەندرووستی ناشکێنێت و خەباتیان بەردەوام دەبێت.