نەورۆز لە حەسەکە و دەرباسیە: سڵاو لە گەریلا کرا

لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی حەسەکە و دەرباسیە سڵاو لە چالاکییەکانی گەریلا کرا.

دانیشتووانی حەسەکە و ناوچەی دەرباسیە بە جۆشەوە ڕوویانکردۆتە گۆڕەپانەکانی نەورۆز، لە حەسەکە ئاهەنگی نەورۆز لە هەرێمی بەنداوی غەربی و لە ناوچەی دەرباسیە لە گوندی جۆل بستانە.

دایکی شەهیدان لە هەردوو ئاهەنگەکە ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

حەسەکە

لە ئاهەنگەکەی حەسەکە ئەندامی مەجلیسی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ناوچەی شەدادی ڕەفعەت دەروێش گوتی: "گەریلا بە چالاکی دژی سوپای داگیرکەری تورک دیسانەوە ئاگری نەورۆزی بەتینتر کرد. دیمەنی چالاکییەکان، پێداگری گەریلا بۆ شکاندنی داگیرکەر دەردەخەن".

دەرباسیە

لە ئاهەنگەکەی دەرباسیە وتەبێژی کۆنگرەی ستار ڕەیحان لۆقۆ تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕایگەیاند ئامانجیان دوورخستنەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە لە گەل، هەروەها ملکەچبوونی گەلە بۆ سیستەمی سەرمایەداری.

هەروەها ڕەیحان تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بێدەنگی بەرامبەر هێرشەکان شەرمەزار کرد.

بەڕێوەبەری مەجلیسی کانتۆنی جەزیرە، شیار محەمەد ئاماژەی بەوە کرد پەکەکە بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەورۆزی لە کوردستان و جیهان ژیاندەوە و گوتی: "کەس ناتوانێت تێکۆشانی گەلە بەرخۆدەرەکەمان بشکێنێت".

پاشان ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.