پانۆرامای ڕووداوەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

سەرەڕای هێرش و پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکارەکانی دەسکەوتەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی تا دێت گەشە دەکەن.

لە ساڵی ٢٠٢٣ دا، پەرەسەندنی مەزن لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوویدا. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەوڵیداوە لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆستەکانیدا بەهێز بکات و لەم ڕووە پێشکەوتنی بەرچاو هەبوون. دەسکەوتەکان زیاتر بوون و دیموکراسی و پێکەوەژیانی گەلانی هەرێمەکە زیاتر چەسپا. هەروەها تا دێت ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا زیاتر دەبێت و لەم ڕووەوە دەسکەوتی مەزن بەدەست هاتوون. لەڕووی چاند و هونەریشەوە سەرەڕای ئاستەنگەکان بەرەوپێشچوونی گرنگ هەبوون. هاوکات هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەشێوەی دڕندانە بۆ سەر هەرێمەکە بەردەوامە و ژێرخانی هەرێمەکە و خەڵکی سڤیل دەکرێتە ئامانج، بەو هۆیەشەوە قوربانی لە ڕیزی هێزەکانی پاراستن و خەڵکی سڤیلدا هەبوون. لەبەرامبەردا بەرخۆدانی هێزەکان خۆپاراستن و گەلی هەرێمەکە هەبووە و گورزی گەورە لە دوژمن وەشێنراوە.

بەشێک لە ڕووداو و پێشهاتە گرنگەکانی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەم شێوەیە بووە:

دیارترین ڕووداوەکان:

- ١٠ ی کانوونی یەکەم، مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) و هاوپەیمانی نیشتیمانی سوری لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش ڕێککەوتن.

- ٥ ی ئادار سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ئەمریکی ژەنڕاڵ مارک میلی سەردانی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد.

- ٢٠ ی ئادار نوێنەری مەسەدە سینەم محەمەد چاوی کەوت بە جۆ بایدن.

- ٣٠ ی ئادار، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، چەندین ڕاپۆرتی لەسەر تاوانەکانی داگیرکەری تورک ڕەوانەی لایەنە جیهانییەکان کرد.

- ١٨ ی نیسان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەسپێشخەرییەکی ٩ خاڵی بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا خستەڕوو.

- ٢٨ ی نیسان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەسپێشخەرییەکەی بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا خستەبەردەم لایەنە نێونەتەوەییەکان.

- ١٨ ی ئایار، یەکەم کۆنفرانسی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەسترا.

- ٢٣ ی ئایار، حوسێن عوسمان وەک هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک هەڵبژێردرا.

- ٣٠ ئایار، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە کانتۆنی جەزیرە دۆخی ئاوارتەی ڕاگەیاند بۆ پاراستنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.

- ١٠ ی حوزەیران، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڕیاری دا بۆ دادگایکردنی چەتە داعشە بیانییەکان.

- ٢٠ ی حوزەیران، هاوسەرۆکی مەجلیسی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگری هاوسەرۆکی مەجلیسەکە لێمان شوێش و ئەندامی مەجلیس فورات تومان لە هێرشی سوپای داگیرکەری تورک شەهیدبوون.

- ٢٦ ی حوزەیران، ٢٥٦ خێزان لە گرێسپیی داگیرکراو هەڵهاتن بەرەو هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری. 

- ٦ ی تەمموز کارەکانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی دەربارەی پەیماننامەی لۆزان بەسترا.

- ٨ ی تەمموز دووەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئایین و باوەڕەکانی میزۆپۆتامیا بەسترا.

- ٢٥ ی ئاب، مەسەدە پشتیوانی لە جووڵانەوەی ئاشتییانەی جەماوەری شارە جیاوازەکانی سوریا کرد.

- ٢٧ ی ئاب ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری مووچەی کارمەندانی بە ڕێژەی ١٠٠٪ بەرزکردەوە.

- ١٣ ی ئەیلول ١٧٤ خێزانی عێراقی کەمپی هۆلیان بەجێهێشت.

- ٤ ی تشرینی یەکەم سوپای تورک هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە زیاتر کرد.

- ٩ ی تشرینی یەکەم ٢٩ ئەندامی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورک شەهیدبوون.

- ٩ ی تشرینی یەکەم، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.

- ٤ بۆ ١١ی تشرینی یەکەم، ٤٧ کەس شەهیدبوون و ٥٩ برینداربوون بەهۆی هێرشەکانی داگیرکەری تورکەوە.

- ٢٤ ی تشرینی یەکەم، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕاپۆرتێکی وردی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خستە بەردەم لایەنە نێونەتەوەیی و یاسایی و مافەکانی مرۆڤ.

- ١٠ ی تشرینی دووەم، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڤیستیڤاڵی چاندی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێکخست.

- ١٢ ی کانوونی یەکەم، پەیمانی کۆمەڵایەتی نوێی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەسەندکرا.

- ٢٠ ی کانوونی یەکەم، چوارەمین کۆنگرەی مەسەدە بەسترا.

 گرنگترین دەسکەوتەکانی ژنان

- کۆنگرەی ستار ١٤ خولی پەروەردەی کردەوە و ٢٨٥ پیاو بەشداربوون.

- کۆنگرەی ستار لەماوەی ساڵێکدا ١٠٩ خولی کراوەی کردەوە ١٥٦٠ بەشداربوون، هەروەها ٢٢ خولی داخراوی کردەوە و ٢٦٥ ژن بەشداربوون.

- نزیکەی ٢٩٥٧ سیمینار دەربارەی زیهنیەتی پیاوسالاری و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەیان بەسترا.

- کۆنگرەی نزیکەی ٢٦٣ ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ڕێکخست، لەگەڵ ١١٥١ کۆبوونەوە و ٣٢ ڕاگەیاندراو.

- لە ١٦ ی شوبات ژنانی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نزیکەی ١١ هەزار نامەیان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نوسی.

- لە ٨ ی ئادار پەردە لەسەر پەیکەری ژنە ڕەنجدەرێکی فورات لە ناوەندی شاری ڕەقە لادرا.

- پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکان و ڕێکخراوەکانی ژنانی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، ٩٠١ سیمیناریان بە بەشداری ١١٧٠٧ کەس ڕێکخست.

- ١٥ ی ئایار ئەکادیمیای شەهید زەینەب سارۆخان لە حەسەکە کرایەوە.

- ٢٣ ی ئایار یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ئاسۆی ژنان دەرچوو.

- ١ ی ئاب، کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە ڕەقە و تەبقە و دەیرەزۆر و مەنبەج هەڵمەتێکی دژی مادەی هۆشبەر و دیاردەی بەشودانی کچانی مناڵ دەست پێ کرد.

- ١٣ ی ئەیلول گۆڤاری ژنۆلۆژی بە زمانەکانی تورکی و فارسی بڵاوکرانەوە.

- ٤ ی تشرینی یەکەم ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە حەلەب کرایەوە.

- بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانەوە، پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکان و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان، ٦٦٥ سیمیناریان بە بەشداری ١٢٣٩٩ کەس ڕێکخست.

- ٦ ی کانوونی یەکەم، پلاتفۆرمی ئیکۆلۆژی ڕۆژئاوا بەشداربوونی لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕاگەیاند.

 خزمەتگوزارییەکان

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەماوەی ئەم ساڵدا چەندین پرۆژە و خزمەتگوزاری گرنگی پێشکەش کردووە.

- دەیان ڕێگەی سەرەکی و شەقامی ناوشار، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر قیرتاوکراون و چاککراونەتەوە. لەگەڵ بەردەوامیدان بە تەواوکردنی پردی ڕەققە بۆ ئاسانکاری هاتوچۆ و بازرگانی.

- چەندین کۆگای هەڵگرتنی ئاو دروستکراون و چەندەها بیر لێ دراون ئاوی پێویست گەیاندراوەتە شار و شارۆچکە و گوندەکان.

- لەماوەی ئەم ساڵدا دەیان هەزار دار چێنراون و چەندین پارک و باخچە دروستکراون، بەمەش ڕێژەی سەوازیی بە ئاستێکی زۆر گەشەی کرد.

- لەمساڵدا دەیان نەخۆشخانەی گرنگ و نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و نەخۆشییەکانی مناڵان کرانەوە و نۆژەن کراونەتەوە.

- لە وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نزیکەی ملیۆنێک و ٩ هەزار تەن گەنمی وەرگرتووە.

چاند و هونەر

- ١ ی ئادار چالاکیەکانی ڤیستیڤاڵی ئەدەب و هونەری ژنان لە خولی هەشتەم لە قامیشلۆ ئەنجامدرا.

- ٢٩ ی ئادار ئەنجامەکانی پێشبڕکێی شیعری کوردی گەنجان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاندرا.

- ٢٩ ی نیسان چالاکیەکانی "هەفتەی ئەدەبی" خولی دووەم لە کۆبانێ ئەنجامدرا.

- ١١ ی ئایار ناوی براوەکانی پێشبڕکێی شەهید کارزانی ئەدەبی بۆ شیعر و چیرۆک و پەخشان بە زمانی عەرەبی و کوردی ڕاگەیاندرا.

- ١٥ ی ئایار دووەمین خولی پێشانگای کتێب لە قامیشلۆ بەسترا.

- ١٣ ی حوزەیران چالاکییەکانی هەشتەمین ڤیستیڤاڵی چیرۆکی کوردی لە قامیشلۆ ئەنجامدرا.

- ٢٩ ی ئاب چالاکییەکانی یەکەمین ڤیستیڤاڵی ئەدەبی لە ڕەقە ئەنجامدرا.

- ٥ ی تشرینی یەکەم یەکەمین ڤیستیڤاڵی ڕەسەنێتی و کەلەپووری مۆسیقا و گۆرانی لە تەبقە ئەنجامدرا.

- ٢٨ ی تشرینی یەکەم حەوتەمین خولی پێشانگای کتێىی شەهید هەرەکۆل ئەنجامدرا.

- ٥ ی تشرینی دووەم چالاکییەکانی یەکەمین ڤیستیڤاڵی هونەر و ئەدەبی ژنان لە تەبقە بەسترا.

- ١٠ ی تشرینی دووەم، ڤیستیڤاڵی چاندی نەتەوەی دیموکراتیک لە تەل بەراک بەڕێوەچوو.

- ١٢ ی تشرینی دووەم چالاکییەکانی دووەمین خولی ڤیستیڤاڵی ئەدەبی کۆبانێ دەستی پێ کرد.

- ١٥ ی کانوونی یەکەم، چالاکییەکانی نۆهەمین ڤیستیڤاڵی چاند و هونەر لە قامیشلۆ دەستی پێ کرد.

هاوشان لەگەڵ دەیان چالاکی چاندی و هونەری تر لە هەرێمەکە.

 هێرشەکان و بەرخۆدان

- لەماوەی ئەمساڵدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٧٩٨ جار هێرشی کردۆتە سەر هەرێمەکە، ٥٧٨ جار بە چەکی قورس و ١٠٣ جار بە فڕۆکەی سەربازی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٢٥ جار بە چەکی ئاسایی، ٢ جار بە مین و تەقەمەنی.

- هاوکات لەلایەن چەتەکانی سەر بە ڕژێمی دیمەشقەوە هێرشکراوەتە سەر هەرێمەکە و هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی دراوە و زیان بە ماڵ و موڵکی گشتی و تایبەت گەیشتووە.

- لە هێرش و پێکدادانەکاندا، ١٧٣ شەڕڤان شەهیدبوون، هاوکات ٣٩ هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون کە ١١ مناڵی تێدایە، هەروەها ژمارەی بریندارەکان گەیشتۆتە ٩٨ کەس.

- هاوکات لە ٥ ی تشرینی یەکەمەوە و ٢٥ ی کانوونی یەکەم، دڕاندانەترین هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە ڕوویدا، بەهۆیەوە ژێرخانی ئابووری هەرێمەکە و پێداویستییەکانی ژیان زیانی گەورەیان پێکەوت.

- لەبەرامبەردا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ١٤٣ ئۆپەراسیۆنی دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ئەنجامداوە، بەهۆیەوە ٢٣٧ داگیرکەر کوژراون، لەوانە ٥٢ سەربازی تورکی تێدایە، هەروەها ٢٩٥ داگیرکەر برینداربوون، لەوانە ٩١ سەربازی تورکی تێدایە، هەروەها دەیان ئۆتۆمبیل و پێگەی سەربازی کراونەتە ئامانج و تێکشکێندراون.

 بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مادەی هۆشبەر

- لە ساڵی ٢٠٢٣ دا، ٧٣ ئۆپەراسیۆن دژی تیرۆریستان ئەنجامدراوە. لە ئەنجامدا، ٣٥٢ تیرۆریست دەستگیرکراون و ٦ لەوانە ئەمیری داعش بوون. هەر لەم ئۆپەراسیۆنانەدا ١٢ تیرۆریست کوژراون. لەگەڵ ئەوەشدا، چەک و تەقەمەنی و کەرەستەکانی تیرۆریستان دەستی بەسەردا گیراوە.

- لە چوارچێوەی کاروچالاکییەکانی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، ٣٠٠٠ بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا.

هـ . ب