پارێزەر نەعیمی: گۆشەگیری لە دژی کوردان و گەلانی بندەستە

پارێزەر محەمەد ئەمین نەعیمی رایگەیاند، گۆشەگیری تەنیا هەر لەدژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە و ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی گۆشەگیری لە دژی گەلی کورد و گەلانی بندەستە.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٣ ساڵە لە زیندانی ئاسایشی بەرزی ئیمڕاڵی لەناو هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدا بە دیلگیراوە، ١٩ مانگە هەواڵی نازانرێت. پارێزەر محەمەد ئەمین نەعیمی لەسەر ئەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئەوەیخستەڕوو کە گۆشەگیری نەک هەر لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان، بەڵکوو لەهەمان کاتدا لە دژی گەلی کورد و گەلانی بندەستەیە.

پارێزەری نەعیمی رایگەیاند، کە دیداری ئۆجالان و بنەماڵەکەی مافێکی یاسایی و رەوایە و وتی، "بە گوێرەی یاساکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، نابێت مرۆڤی زیندانیکراو لەو مافە بێبەش بکرێت. جێبەجێکردنی یاساکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بژاردە و ئارەزومەندانە نییە، بەڵکوو دەبێت جێبەجێ بکرێن. تورکیا لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بەدواوە لە ئیمراڵی گۆشەگیری و ئەشکەنجە پەیڕەو دەکات. خۆی لە خۆیدا رفاندن و دادگایی کردنەکەشی بە شێوەی چەتەئاسا ئەنجامدرا".

ئەنجومەنی ئەوروپاش چاوی بەسەردا دەنوقێنێت

پارێزەر نەعیمی ئەوەی خستەڕوو کە کاتێک بابەتەکە گەلی کورد و رێبەری گەلی کورد بێت دامەزراوە و هیزە نێونەتەوەییەکان بە گوێرەی یاساکان مامەڵە ناکەن و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بە گوێرە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دادگایی دەکات. ئەو دەسەڵاتەی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات ئەنجومەنی ئەوروپایە. ئەنجومەنی ئەوروپا لە بەرامبەر هەڵوێستی تورکیا بێدەنگە کە ئەو بڕیارانە بە فەرمی ناناسێت. خاڵی ٥١ی نەتەوەیەکگرتووەکان، ستاتۆی رۆمای دادگای تاوانە نێونەتەوەییەکان و پەیماننامەی لاهای پێشێل دەکات".

'مافی هیوا' هەموو کەسێک دەگرێتەوە

پارێزەر نەعیمی دەستنیشانی کرد کە هەر وڵات و دامەزراوەیەک بەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان چاو بنوقێنێت، هاوکاری گۆشەگیرییە و وتی، " بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان 'مافی هیوا' رەوایە و یاساییە. لە سوریا گۆشەگیری قورس ٢٠ ساڵە. لە ئەوروپا لە ماوەی چوار ساڵدا سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. لە تورکیا ٢٥ ساڵە و دەبێت سەر لەنوێ چاوخشاندنەوەی پێدا بکرێت و هەڵبسەنگێنرێتەوە. تورکیا بە گوێرەی یاساکانی خۆیشی مامەڵە ناکات. مادام لەماوەی ٢٥ ساڵدا دەبێت 'مافی هیوا' رەچاو بکرێت و بە گوێرەی ئەو بڕیارە ناجوڵێتەوە ئەو کاتە وڵاتێکە کە یاساکانی خۆی پێشێل دەکات. لە وەها دۆخێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو مافەی هەیە کە دەستوەردان لەو وڵاتەدا بکات کە یاساکانی خۆی پێشێل دەکات. بەڵام بە هۆی بەرژەوەندییەوە ئەو مافە کاری پێناکرێت و بێدەنگی هەیە".

سی پی تی بە گوێرەی پێوانەکان ناجوڵێتەوە

پارێزەر محەمەد ئەمین نەعیمی ئەوەی بە بیرهێنایەوە کە سی پی تی جارێکی تر سەردانی ئیمراڵی کردووە، لە قۆناغەکە دڵنیاییە و پێشتریش راپۆرتی بڵاوکردووەتەوە و وتی، "لە بری ئەوەی راگەیەندراو بدات و ئەنجامی چاودێرییەکانی بڵاوبکاتەوە، چاوەڕێی رێگەپێدان و مۆڵەتی تورکیایە. سی پی تی بە شێوەی دادپەروەرانە و بە گوێرەی پێوانەکان مامەڵە ناکات، ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێناگەیەنێت".

هـ ب