پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی کۆچی دوایی عەبدوڕەحمان حاجی ئەحمەدی سیاسەتمەداری دیاری کورد، هاوسەرۆکی پێشووی پەژاک و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کودار ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پەژاک دا وەها هاتووە:
"بۆ ڕای گشتی کوردستان:
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەڤاڵمان "عبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی، هاوسەرۆکی پێشووی پارتیمان پەژاک و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کودار، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٥ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە ڕێبەر ئاپۆ، بنەماڵە بەڕێزی، گەلی کورد، ئازادیخوازان و تێکۆشەران دەکات. ئێمە بە تێکۆشانێکی شایان و لایەق تا بەدیهاتنی ئازادی گەلەکەمان کە یەکێک لە خواستە گەورەکانی هەڤاڵمان بوو، درێژە بە ڕێگای ئازادیی هەڤاڵمان دەدەین و بە ڕێزدارییەوە یادی دەکەینەوە.
هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی هەموو تەمەنی خۆی بۆ خەبات و ئازادی گەلی کورد و گەلانی بندەست تەرخان کرد، هەروەها میراتێکی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشت هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات. هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی ساڵی ١٩٦٤ بۆ خوێندن چووەتە ئەورووپا و لەوێش لە نێو قوتابیانی کورد درێژەی بە خەباتی خۆی داوە. ماوەیەک لە چکۆسلۆڤاکیا درێژەی بە خوێندن داوە و دواتر کە یەکەم 'پەرلەمانی کوردستان لە ئەورووپا' دامەزرا، وەک ئەندام هەڵبژێردرا و لەوێ خەباتی بەردەوام کردووە. هەروەها لە لێژنەی دامەزرێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا تێکۆشانی کردووە، چالاکییەکانی لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کاریگەری زۆری هەبوو. هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی لە ساڵی ٢٠٠٤ بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی پارتیمان پەژاک بوو و تا ساڵی ٢٠١٤ لە کۆنگرەی یەکەم و دووەم و سێیەمدا بە سەرۆکی پەژاک هەڵبژێردرا و وەک پێشەنگی پارتیمان ڕۆڵی هەبووە. لە کۆنگرەی چوارەمدا وەک "هاوسەرۆکی پەژاک" هەڵبژێردرا و بەردەوام بوو لە تێکۆشان هەتا ساڵی ٢٠١٦ . لەو ساڵەشەوە وەک ئەندامی 'ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دێموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)' درێژە بە بەرپرسیارێتی و تێکۆشانی خۆی داوە هەتا دوا ساتی ژیانی. هەروەها لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا ماندوونەناسانە لە چالاکییەکانی ئەورووپادا بەردەوام بوو لە تێکۆشان."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی هەموو تەمەنی خۆی لە پێناو گەلی بندەستی کورد تەرخان کرد و هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی گەلەکەی تەرخان کرد، بە سۆز و ڕێزدارییەوە بەردەوام بیری لای گەلەکەی بوو و بە چالاکییە بەردەوامەکانی ئەو سۆز هەستەی دەخستە بواری جێبەجێکردنەوە. بێ گومان هەبوونی وەک سەرۆکی پەژاک ڕەوڵێکی کارای بوو لە گەشەکردن وبەرەو پێشچوونی پارتیمان. کەسایەتی خۆنەویست و ماندوونەناسانەی بەردەوام بۆ گەل و نەتەوەکەی، ئیلهامبەخش بوو بە تایبەت لە نێو پەژاک و هێزەکانی گەریلادا. لەم ڕووەوە بە هەبوونی هەڤاڵمان دەستکەوتی زۆر بەدەست هات، و بوو بە یەکێک لە تێکۆشەرانی ئازادیخواز و دیموکراسیخوازانەی کە مێژوو هەمیشە بە ڕێزدارییەوە بە بیری دەهێنێتەوە. بەڕاستی هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی نموونەی تێکۆشەرێکی گەورە و خۆنەویست بوو هەتا کۆتایی ژیانی خەریکی کار وتێکۆشان بوو. بۆیە بۆ هەمیشە لە مێژووی تێکۆشانماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) جارێکی تر بە بۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵمان سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ڕێبەر ئاپۆ و بنەماڵەی شەهید، ئەندامانی پارتیمان و گەلی کورد دەکەین و بە هەموو هەوڵمانەوە لە بەرەو پێشەوە چوونی تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان، لەسەر ئەو ڕێبازەی کە هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی بە هێزەوە دەستی پێکردبووە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان هەتا بەدیهاتنی ئازادی گەلەکەمان. هەروەها پابەندبوون بە ڕێبازی تێکۆشانی هەڤاڵمان دووبارە دەکەینەوە. ڕێگای ئەو ڕێگای ئازادی بوو، دروشمی ئەو پابەندبوون و وەفاداری بە گەلەکەمان بوو تا دوا هەناسەی. بۆیە داوا لە گەلەکەمان و ئازادیخوازان دەکەین کە ببنە شایستەی تێکۆشانی بێوچانی هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی و بەڕێزدارییەوە یادی بکەینەوە و پێکەوە بۆ بەدیهێنانی ئازادی گەلەکەمان و بەدیهێنانی خەونەکانی هەڤاڵ حاجی بە شێوەیەکی ڕاست درێژە بە تێکۆشان بدەین. هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی بۆ هەمیشە لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بەڵێن دەدەین ڕێبازەکەی پڕ رێبوار دەبێت."