ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی لە تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەر کرد، ڕووداوەکانی پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاند. پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی دوران کاڵکان بەم جۆرەیە:
دوران کاڵکان ئاماژەی بە جیاوازی نەورۆزی ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند ئەم نەورۆزە چوار پارچەی کوردستان و کوردان و دۆستەکانیان بەجۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بەپیری نەورۆزەوە دەچن. گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ناوی بەبەری ئەم نەورۆزەدا کرد، گوتی "نەورۆزی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک". لەم کاتەدا، بانگەوازێکی وەهای کرد. قۆناغەکەی وەها پێناسەکرد. گەلەکەمان دەڵێت، ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەم نەورۆزی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت".
هەروەها دوران کاڵکان نەورۆزی لە ژنان و گەنجان و هێزەکانی گەریلا و گەل و دۆستانی کورد پیرۆزکرد، لە کەسێتی مەزڵوم دۆغاندا هەموو شەهیدانی نەورۆزی بیرهێنایەوە.
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد داوا و درووشمەکانی بەشداربووانی ئەم نەورۆزە ئاشکرایە، گوتی: "هەمووان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان دەوێت. بەم نەورۆز دەڵێن "نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ"، دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرجی ژیان و کاری ئازادی بۆ بڕەخسێت. سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دەربچێت".
لە درێژەدا گوتی: "نەورۆز چەندێک ئازادی دەنوێنێتەوە، هاوکات مرۆڤایەتیش دەنوێنێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "نەورۆز لەگەڵ پەکەکەدا چەند جوانە، ئێمە بەبێ هۆ لەگەڵ پەکەکەدا ئەم ڕۆژەمان دەست پێ نەکرد". بەباشی واتای جۆشی نەورۆزی دەستنیشان کرد. گەریلا بە تێکۆشان لەسەر بناغەی شەهیدانی قارەمان، نەورۆزی گەیاندە ئەم واتا ڕاستەقینەیە. گەیشتین بەم ئاستە. بەهیواین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. لەسەر ئەم بناغەیە کوردستان ئازاد دەبێت، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک دەبن. لە جیهاندا مرۆڤایەتی دەگەنە ئاستێکی بەرزتر لە دیموکراسی و ئازادی. ئێمە بۆ ئەمە تێدەکۆشین و دەژین. لەسەر ئەم بناغەیە، ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دۆستان بانگهێشت دەکەین کە زیاتر ڕووبکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز، بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز بکەن، بە دەنگێکی بڵندتر داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەن".
نەورۆز بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد. بانگەوازەکە لە سێیەمین هەفتەدایە. ئایا لەم کاتەدا چ پێشکەوتنێک هاتە ئاراوە؟ لە پراکتیکدا چیمان بینی؟
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد، پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجامدا، گفتوگۆی جیاواز هەیە، نەیار هەن، کەسانێک هەوڵدەدەن بە خواستی خۆیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام کەسانێکیش هەن بەڕاستی دەیانەوێت لە پرسەکە تێبگەن، گوتی: "بەڵام لە پراکتیکدا شتێکی ئەوتۆ نییە. قسە هەیە، بەڵام پراکتیک نییە. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا دەنگی دایەوە. هەمووان لێدوان و ڕاگەیاندراویان هەبوو. تەنانەت ئەمریکا و چین و هەموو دەوڵەتان قسەیان کرد، هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان قسەیان هەبوو. هەموویان هیوادار و چاوەڕوانن. بەڵام هیوا و چاوەڕوانییەکان لەڕووی سیاسییەوە دەبن بە چی، نازانرێت. هیچ شتێکی ئەوتۆ لە پراکتیکدا نییە".
دوران کاڵکان ڕایگەیاند ئێمە ئەم ٢ هەفتە و نیوە لێکۆڵینەوەمان لە مانیفێستۆکەی ڕێبەر ئاپۆ کردووە و لەنێو خۆماندا تاوتوێمان کرد و ویستمان ئەوەی تێگەیشتووین بیگەیەنین بە گەلەکەمان، ئەم هەوڵانەی ئێمە هەن، بەڵام ڕەوشەکە ئاسان و سادە نییە، گوتی: "پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەڕێوەبەری ئێمە ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکات و بەو پێیە مامەڵە دەکات، ئەمەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. دووپاتی کردەوە بۆ کردنەوەی ڕێگە بەڕووی ئەمەدا، ئاگربەست ڕادەگەیەنێت. لەم ڕووەوە ڕاگەیاندراو و هەڵسەنگاندن هەبوون. هاوکات پێش چەند ڕۆژێک بەڕێوەبەریی ئێمە، بۆ ڕەخنەگرتن لەوەی ئەم ڕەوشە لە قسەدا ماوەتەوە و نەچووەتە بواری پراکتیکەوە، بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەم بابەتە، لە ڕاگەیاندراوی نەورۆزدا هەندێک ئاگاداری و هۆشداری بڵاوکردەوە. ئێمە ئەوەی لەسەرمان بوو کردمان. کەس چاوەڕێی ئەوە نەبوو ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی وەها بکات. باوەڕیان نەدەکرد، دەیانگوت وەها نابێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی کرد کە کەس باوەڕی نەدەکرد و چاوەڕێی نەدەکرد".
هەروەها گوتی: "لە پرۆسەی ٢٠١٣ و ، ٢٠١٤، لە نامەیەکدا بە ڕێبەر ئاپۆمان گوتبوو "ڕەنگە ئێمە ببینە بەڕێوەبەری شەڕ، دەتوانین شەڕ بکەین. بەڵام ئێمە ناتوانین ببینە بەڕێوەبەری ئاشتی. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئاشتی بەدی بهێنێت. ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببات. بۆیە لەم ڕووەوە نابێت چاوەڕوانییەکی زیاتر لە ئێمە هەبێت". لە نامەکەدا ئەمەمان گوتبوو. لە ڕاگەیاندراوی ١ ی ئادار ئەمەمان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. ئەگەر کۆنگرە بکرێت، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان تاوتوێ بکرێت، ئەمە تەنها بە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، کەسی تر ناتوانێت بیکات. نابێت هیوا بە کەسی تردا هەڵبواسرێت. پێش بانگەوازەکەش، دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆش هەڵوێستی ئێمەیان دەزانی. ئێمە بۆ ڕای گشتیشمان ئاشکرا کرد. پەکەکە وەڵامی دایەوە، ئەتمۆسفێرێکی ئەرێنی پێکهات. لای ئێمە هەندێک شت کرا. بەڵام لەلایەنی بەرامبەرەوە هیچ نەکرا. هێشتاش دەڵێن با پەکەکە فڵان شت بکات".
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای بانگەوازەکە و وەڵامی ئەرێنی پەکەکە، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ باشترکردنی ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگیراوەتە بەر، ڕەوشی ئیمراڵی نەگۆڕاوە، سیستەمی پێشوو وەک خۆی بەردەوامە، لە پەرلەمان هیچ هەنگاوێک نانرێت، گوتی: "بۆ نموونە، باس لە ئامادەکردنی یاسای نوێ دەکرا، باسی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی مافی هیوا دەکرا. دەگوترا چاوخشاندنەوە بە ڕەوشی یاسایی و دەستوورییدا دەکرێت. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە. بەڵام لەم ڕووەوە، هیچ پێشکەوتنێکی پراکتیکی نییە. کارەکانی دەم پارتی هەیە، هەڵوێستی پارتەکان هەیە کە دەم پارتی ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو بە گەرمی پێشوازی لێدەکەن. بەڵام دێنە بەردەم ڕاگەیاندنەکان و هەموو شتێکی ژەهرئاسا دەڵێن. واتە نیشانی دەدەن شتێکی ئەوتۆیان لەخۆیاندا نەگۆڕیوە. بۆیە هەمووان چاوەڕوانن، کۆمەڵگا، ڕای گشتی چاوەڕێی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی لە وەڵامی ئەمەدا هەندێک هەنگاو بنێت. بەڵام هیچ نەکرا. دەڵێن لە فڵان کاتدا دەکرێت، باسی دوای جەژن دەکەن. گرنگ نییە تا جەژنی داهاتوو چەند کات تێدەپەڕێت. لەم بارودۆخەی ئێستادا دەبینرێت کە دەسەڵات هەوڵی سەرقاڵکردن و فریودان دەدات. چونکە ئەوەی بەڵێنیان دابوو لەماوەی هەفتەی یەکەمدا بیکەن، نەیانکرد. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت".
ئێمە پرۆسەکە تاوتوێ دەکەین، بەڵام ئەم پرۆسەیە چۆن دەستی پێ کرد؟ گفتوگۆ و هەڵوێستەکان دەربارەی پرۆسەکە چۆنن؟
کاڵکان گوتی: " دەڵێن ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکەی دەست پێ کردووە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. کاتێک لە لایەن بەرەی کوردییەوە هەڵدەسەنگێندرێت، کاتێک بە گشتی هەڵدەسەنگێندرێت، دەبێت بە دروستی هەڵبسەنگێندرێت. ئەم پرۆسەیە چۆن دەستی پێکرد؟ ئەمەش مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەی هەیە. مێژووی شەڕی ٤٠ ساڵەی پەکەکە هەیە. هەروەها پرۆسەی پاکتاوکردن و تەسفیەکردن لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەیە، کە هەوڵی نەهێشتنی پەکەکە دراوە لەسەر بنەمای پلانێک، بە بەکارهێنانی هەموو سەرچاوەکانی تورکیا. دەسەڵاتی ئاکەپە هێزی لە هەمووان وەرگرت، هەر لە ئەمریکا، ڕووسیا، ناتۆ تا ئێران، هەموو سامانی تورکیای بەکارهێنا بۆ لەناوبردنی پەکەکە و سەرکوتکردنی گەریلا. لەسەر بناغەی ئەم پلانە لە ٢٤ ی تەمموزی ٢٠١٤ هێرش پێکهات، مەهەپە بەشداربوو، ئەمە بەس نەبوو، پەدەکەش بەشداربوو، بەس نەبوو، عێراق بەشدار بوو. بە هەموو دەرفەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی پەکەکە هێرشی کرد. ٣ ساڵ بەردەوام بوو. نەیانتوانی سەربکەون. ئامانجەکەیان نەهاتەدی. دەبێت ئەمە قبووڵ بکات. بەڵێ، ئێمەش ناتوانین بە تێکۆشانی چەکداری دەوڵەتی تورک بڕووخێنین. بەڵام لەژێر هەموو قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانەوە ئەم شەڕە ئامادەیە و هۆکارەکەی ئەم شەڕەیە".
هەروەها کاڵکان ڕایگەیاند هۆکارێکی دیکەی پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئاکەپە هەڵمەتی نێونەتەوەیی لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بوو، وە جەختی کردەوە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاستی جەنگی جیهانیی سێیەم، لە شەڕی عێراق و کەنداوەوە تا دەگاتە دوایین شەڕ لە غەززە و لوبنان و گۆڕانکارییەکانی سوریا، لەم ڕووەوە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییەکان هەبووە، چونکە ئیدی گۆڕانکارییەکان تورکیا و ئێران دەگرێتەوە، چونکە پلانی هێڵی وزە لەژێر سەرپەرشتی ئیسرائیل هەیە و لە هیندستانەوە تا یۆنان درێژ دەبێتەوە، ڕێگەی ئەم هێڵە پاککرایەوە و ئێستە نۆرەی تورکیا هاتووە، بۆیە تورکیا ترسی لێ نیشتووە، ئەم هەژموونەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا.
کاڵکان گوتی: "بەهۆی ئەم ترس و نیگەرانییەوە، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەمە، لەژێر ناوی "دەبێت یەکێتیی ناوخۆییمان بپارێزین"، دەستیان کرد بە باسکردن لە خوشک و برایەتیی کورد و تورک. ڕوویانکردە ڕێبەر ئاپۆ. دەوڵەت باخچەلی لە ١ ی تشرینی یەکەم لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی کۆبووەوە و پاشان لە پەرلەمان گوتی، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات، باسی برایەتی مێژوویی کورد و تورک بکات. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی هەڵسەنگاند و لە ٢٣ ی تشرینی یەکەم لە دیداری لەگەڵ عومەر ئۆجالاندا، گوتی ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی ئەوەم هەیە پرسی کورد لەسەر زەمینەی توندوتیژی و شەڕەوە بگوازمەوە بۆ سەر زەمینەی یاسایی و سیاسیی. هێزی تیۆری و پراکتیکیم بۆ ئەمە هەیە. پرۆسەکە وەها دەستی پێ کرد. پاشان شاندی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا و لە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندراو درا. دووپاتکرایەوە کە دەوڵەت کۆبوونەوەی ئەنجامداوە. دواتر ئەم بانگەوازە کەوتە ڕۆژەڤەوە. ئێستە گفتوگۆکان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەم ڕاستییە لەبیرکراوە، وتەکانی دەوڵەت باخچەلی، بانگەوازەکەی، برایەتی کورد و تورک، ڕەوشی کورد، قسەکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە پەرلەمان و هەڵسەنگاندنی وی، یانی هەڵگرتنی سیستەمی ئیمراڵی و بەدیهاتنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو ئەم شتانە لەبیرکران. تاکە شت باسی لێ دەکرێت ئەوەیە، پەکەکە کەی کۆنگرە دەبەستێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، کەی چەک دادەنێت و کۆتایی بەمە دێت. وەها نابێت".
کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد، پێچەوانەوەی ئەوەی میدیای شەڕی تایبەت دەڵێت: "کێشەکە، کێشەی پەکەکەیە"، ئەم پرسی کوردە، پرسێکی ١٠٠ ساڵەیە، ئەم پرسە پەکەکەی ئافراند، پەکەکە بۆ ئەوە دامەزرا ئەم پرسە ببینرێت و چارەسەر بکرێت، چیتر کورد فریو نادرێت، کێ باسی چارەسەری پرسی کورد دەکات، پەکەکە پێی دەڵێت: "فەرموو چارەسەری بکە".
هەروەها جەختی کردەوە، کورد ئەم پرسەی نەئافراندووە، بەڵکو بەرئەنجامی زیهنیەت و سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی تورکە، کە لە ساڵی ١٩٢٤ ـەوە هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، چارەسەر نەمانی ئەم زیهنیەت و سیاسەتەیە.
لەم بابەتەدا گۆڕانکارییەک هەیە؟
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد، کەس بە مێژوودا ناچێتەوە و ناڵێت ئەوە سەدەیەکە کۆمەڵکوژی کوردان دەکەین، چەندەها جار کورد کۆمەڵکوژکراون، خۆ ئەوکات پەکەکەش نەبوو، کۆمەڵکوژی دێرسیم کرا، ئەوکات پەکەکە هەر نەبوو، بۆیە دەبێت هەڵسەنگاندنی درووست بۆ بابەتە بکرێت، گوتی: "پەکەکە ئەم پرسەی نەئافراند، ئەم پرسە پەکەکەی ئافراند. پەکەکە بۆ نیشاندان و چارەسەری ئەم پرسە دامەزرا. هەڤاڵان هەڵسەنگاندنیان کرد و گوتیان، پەکەکە ڕۆڵی مێژوویی خۆی بەجێگەیاند. خستنەبەرچاوی پرسەکە، ئافراندنی هێزی چارەسەر و سەپاندنی چارەسەری پرسەکە، واتای بەجێگەیاندنی ڕۆڵی مێژووییە. ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و هاوڕێیانیش گوتویانە، پرسی کورد چارەسەر بکەن، هەبوونی گەلی کورد و مافی گەلی کورد قبووڵ بکەن، تورکیا دیموکراتیک بکەن، پەکەکە هیچ شتێکی بۆ خۆی ناوێت. ئێستەش هیچی ناوێت. ئەم بانگەوازەی ڕێبەر ئاپۆ بەم واتایە دێت. کەچی ئێستە دەگوترێت "دەست پێ بکە، خۆت هەڵبوەشێنەوە". باس لەمە دەکرێت، نەوەک هەر پەکەکە، دەڵێن لە هەر شوێنێکی جیهان گرووپێکی بچوک بە ناوی کوردەوە هەبێت یەکسەر گرێدراوی پەکەکەیە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە. نابێت هیچ ڕێکخستنێک بە ناوی کوردەوە هەبێت. ئەمە چ چارەسەرێکە بۆ پرسی کورد؟".
کاڵکان جەختی کردەوە، ئەمەی دەسەڵات دەیکات کاتکوشتنە، بەڵام دەبێت بزانن ڕێبەر ئاپۆ دوا دەرفەتی ئەوانە، دیموکراتیکبوون لەسەر بناغەی ئازادی کوردان بۆ پاراستنی یەکێتی تورکیا دوا دەرفەتی ئەوانە، ئەگەر بەم پێیە نەجووڵێنەوە نازانن داهاتوویان چ دەبێت و چ چاوەڕێیانە، بۆ ئەوەی بانگەوازەکە بێتەدی دەبیت ڕێبەر ئاپۆ لەنێو هەلومەرجی ئازاددا کار و خەبات بکات، بەڵام ئەوان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ ناکەن، گوتی: "ئەوەی ئەم بانگەوازەی کرد باخچەلی بوو، گوتی بێتە پەرلەمان. ڕێبەر ئاپۆ چۆن بچێتە پەرلەمان؟ لە هەلومەرجی گۆشەگیری ئیمراڵیدا هیچ گۆڕانکارییەک نییە. مەگەر وا دەزانن بە دڵی خۆی لە ئیمراڵی دەمێنێتەوە، خۆی لەوێ زیندانی کردووە. وەها نابێت. ئەوان تاوانبارن کەچی خۆیان بە ڕەوا دەبینن. وەها نابێت. ئێستە هەندێک دێن و هەوڵدەدەن، دەست بەسەر دەرفەتەکانی پەکەکەدا بگرن، هەوڵی وەها دەدەن و باس لەمە دەکەن. تەنها پێیان دەڵێین، ئەم هەوڵەتان ئارەزووییەکی مەحاڵ و بێهودەیە.
هەندێک دەڵێن با پەکەکە کۆنگرە ببەستێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر هیچ ناکات. ئەمە چۆن دەبێتە ڕۆژەڤ؟
دەربارەی پرسی بەستنی کۆنگرە کاڵکان ئاماژەی بەوەدا وەک پەکەکە لەم بابەتەدا ڕوونن و ڕێبەر ئاپۆ ئەو بانگەوازیەیی لێكردوون و لە ١ی ئاداردا وەک پەکەکە وەڵامی بانگەوازییەکەییان داوەتەوە. کاڵکان جەختی لەوەکردەوە ئەوە کەسەی دەتوانێت کۆنگرە ببەستێت و بڕیار لەسەر چەکدانانی پەکەکە بدات تەنها ڕێبەر ئاپۆیە و ئەمەی گوت: "هەموو کاتێک گوتوومانە، تاکەکە کەس بتوانێت ئاشتی نێوان کورد و تورک بێنێتەئاراوە ڕێبەر ئاپۆیە. کاتێک ئەمە دەڵێین مەبەستمان فریوودانی کەس نەبووە. تەنها راستییەکانمان گوتووە. لە ئێستاشدا هەمان ڕاستی لە ئارادایە. دەبێت ئەمە بزانرابێت. ڕێبەر ئاپۆ لە کۆنگرەی پەکەکەدا نەبێت، کۆیی نەکردبێتەوە، بەڕێوەیی نەبردبێت و ڕازی نەکردبێت ناتواندرێت بڕیاری چەکدانان بدرێت. کەس ناتوانێت ئەم بڕیارە بدات. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم بڕیارە بدات. مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێت، کاتێک دەڵێن دەمانەوێت پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. دەمانەوێت چەک دانێت. ڕێبەر ئاپۆیش دەڵێت، دەتوانم ئەمە بکەم. ئاکەپە، مەهەپە و لایەنەسیاسیەکانی تورکیا دەڵێن، تەواو کەواتا بیکە. گەر ئێوە بە دڵسۆزانە لە کارەکەدان، ڕێبەر ئاپۆیش دەڵێت، من دەتوانم ئەو کارە بکەم. بهێڵن ببێت، کۆنگرەیی خۆی ببەستێت، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە وەرگیرێت، بڕیاری چەکدانانیش وەرگرێت، پەکەکەش هەڵوەشێتەوە و چەکیش دابندرێت. گەر ئامانجتان هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بێت ئەو کاتە ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەو کارە بکات. ئێوە بۆچی ڕێبەر ئاپۆ لە نێو هەلومەرجی زۆر قورسی ئیمراڵییدا ڕادەگرن؟ بۆچی؟ ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە نیازییان شتێکی دیکەیە و جیاوازە. ڕاستییەکەی لە هەوڵی سەرقاڵ کردندان. دیار نییە لە ژێرەوە چ کۆبوونەوەیەک دەکەن و خەریکی چین. ئاشکرایە دڵسۆز نین، یەکگرتوونین. نامانەوێت ئەمە بڵێین، بەڵام بە داخەوە ئەمە ڕاستییەکە. سێ هەفتە ماوەیەکی کەم نییە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی دەتوانرێت هەموو جۆرە پرۆڤۆکاسیۆنێک بکرێت، دەبێت پرۆسەکە بەخێرایی بەڕێوەببرێت. لە پێناو خێرا بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدا ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شووباتدا پەیامی دا، پەکەکەیش لە ١ی ئاداردا ڕاگەیاندراوی دا. لەوکاتەوە دەسەڵاتداری دەوڵەت چی کردووە؟ هیچی نەکرد. جگە لە قسەکردن هیچی دیکەی نەکردووە. بۆیە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، با هەموو کەسێک بەڕاستی بیزانێت. بۆ کۆنگرەی پەکەکە کە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، بەڕێوەیی نەبات، بەشداری نەبێت، هیچ کاتێک نە دەتوانرێت بڕیاری چەکدانان نە دەشتوانێت بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدات. ناتوانێت ئەو بڕیارە وەرگرێت. سەیرە بۆچی لەمە تێناگەن، بەڕاستی سەرم سوڕماوە. باش تێگەیین، لەناو ئەم بابەتەدا فرت و فێڵ هەیە. نایەنەوێت بیکەن. گەر بەڕاستی یەکگرتووبن، بیانەوێت ئەوا دەتوانن بیکەن. لە ڕووی چەکدانانەوە. ئەوانەی لە ئێستادا چەکییان لەدەستە، بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ چەکییان هەڵگرتووە، لەسەر ئەمە سوێندێیان خواردووە. تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ نەبینن چەک دانانێن. کەس ناتوانێت چەکییان پێدانێت. بەڕێوەبەرییمان، فەرماندەیی هەپەگەش، کەس ناتوانێت چەکییان پێدانێت. تەنها دەتوانن چەکەکانیان بدەنە ڕێبەر ئاپۆ. گەلیش قبوڵی ناکات. گەلیش دەڵێت دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت. ئەوە جیاوازە. بەڵام شەڕڤان، شەڕڤانانی فیدایین. هەموو کەسێک ئەو فیدایەتییەی بینیوە. هەزاران جار شەڕڤانێتی خۆیان سەلماندووە. تەنها ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت چەکییان لەدەست دانێت. گەرنا هیچ کەسێک ناتوانێت چەکییان لەدەست وەرگرێت. ئەمە هەرەشە و گورەشە نییە. با کەس بەم شێوەیە وەرینەگرێت. دەربرینی حەقیقەتێکە. لەبەرئەوەی بە جۆرێکی دیکە وەرنەگیرێت، ناچاربووین ڕوونکردنەوە بدەین و بە ئاشکرا باسی بکەین. ڕەنگە بەم شێوەیە لێکبدرێتەوە، 'ئێوە بەرێوەبەرانی پەکەکەن، ناتانەوێت بیکەن'. ئێمە ناتوانین بیکەن، بمانەوێ یا نەمانەوێت شتێکی ترە. بەڵام ناتوانین بیکەن. هیچ ئیمکانێکی نییە. بەڕێوەبەرییمان هێزێکی لەم شێوەیەیی نییە. پەکەکە ڕێکخستنێکی لەوشێوەیە نییە کە بەشێوەیەکی ئاسان بڕیارێکی لێوەبدرێت، هەموو کەسێک دەتوانێت کاری بڕیارێک بدات. لە پەکەکە چۆن تێگەشتوون؟ مرۆڤ سەری سوردەمێنێت. ڕوونە ئەوەندە لەسەر پەکەکە قسەدەکەن، هەموو کەسێک قسەدەکات، بەڵام کەس لەگەڵ پەکەکەدا قسەناکات. هەموو کەسێک لەسەری قسەدەکات، کەچی کەس قسەی لەگەڵ ناکات. هەموو کەسێک دەربارەی پەکەکە پێشنیار دەکات، بڕیار وەربگرن، بەڵام ناڵێیین ئێمە با لە پەکەکەییەکان بپرسین بزان بە گوێرەی ئەم پێشنیارانە دەجوڵێنەوە یا نا، کەس ناپرسێت. تەنیا دەڵێن پرسییان بە رێبەر ئاپۆ کردووە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆشییان خستووەتە ناو هەلومەرجی ڕەهای زیندانیکردنی ئیمراڵییەوە. بەم شێویە نابێت. لەم کارەدا دڵسۆزی و یەکگرتوویی دەرنابڕێت. گەر بە ڕاستی دڵسۆز و یەکگرتووبن، گەر لە بانگەوازیی خۆیاندا دڵسۆزبن، ئەوکاتە دەبێت بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ بگرن. بۆچی، لە ناکاودا بەبێ ئەوەی شتێک هەبێت، دەوڵەت باخچەلی ڕێبەر ئاپۆ بانگهێشتی پەڕلەمان دەکات. با ڕێگەبدەن ڕێبەرێتی بێتە قەندیل. با کۆنگرەی خۆی ببەستێت. هەرخۆی گوتبووی، دەتوانم ئەو بڕیارە بدەم کە داوا دەکرێت. رێبەر ئاپۆ بەڵێنی داوە کە دەتوانێت ئەمە بکات. ئێمە ناتوانین ئەو بەڵێنە بدەین. با ڕێبەر ئاپۆ بیکات، بۆچی ڕێگری لێ دەکەن؟ دیارە هۆکاری جیاوازی لە پشتەوەیە."
ئاگربەستەکەش قسەی لەسەرە، ئامارەکانی هەپەگە هەن، هێرش دەکرێت. ڕەوشی بەرەی شەڕ چۆنە؟ ئاگربەستەکەی پەکەکە تا چ ئاستێک کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
هەروەها کاڵکان لە بەردوامییدا باسی لە پرۆسەی ئاگربەست کرد، لە گەڵییدا ئاماژەی بەوەکرد دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ وەک پەکەکە گفتوگۆی بابەتەکەیان کردووە، جەختی لەوەکردەوە بۆ بابەتی چەکدانان تەنها دەتوانرێت لە کۆنگرەدا بڕیاری ئەوە بدرێت و دەبێت ئەو کۆنگرەیە لە لایەن خودی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەببرێت.
کاڵکان ڕایگەیاند دوای ئەوەی گفتوگۆی بابەتەکە کراوە، بۆ پێش کردنەوە بەرووی پرۆسەکەدا ئاگربەستییان ڕاگەیاندووە و ئەمەی گوت: "ڕەنگە قسەکردن لەم بابەتە ئاسان بێت. سەرنج ڕاکێشە، لایەنی بەرانبەر لە دژی ئەمەش وەستایەوە. سەرەتا گوتییان باشە. دوای چەند رۆژێک چی ڕوویدا، بەهەرحاڵ لە ژێر ئەمەوە ناوەڕۆکێکی قڕکەر هەیە، ئاوا دەردەکەوێت، ناوەندی دووژمنایەتی کورد، شەڕی تایبەتە، دەوڵەت باخچەلی گوتی 'دان بە ئاگربەستدا نانێیین'. قسەکانی خۆیان دەگۆرن. چۆن بەمە باوەڕبکەین؟ گەر ئێوە لە دژی ئاگربەستن، ئەو کاتە چی بکرێت؟ بەراستی کارێکی نائەقڵانییە دەڵێن ئاگربەست نییە، دەبێت پەکەکە چەک دانێت و تەسلیم ببن."
کاڵکان لە درێژەدا باسی هەوڵە تێکدەرەکان کە لە لایەن بەرپرسانی باڵای دەوڵەتەوە دەکرێت و ئەمەی گوت: "وای دەبینم، وەزیری بەرگری یاشار گولەر و وەزیری دەرەوە هاکان فیدان هەوڵدەدەن ئەم کارە تێکبدەن. ڕۆشتنە سووریا و عێراق و لە جیهاندا دەگەڕێن. دەزانین چی دەکەن و ئاگاداری ئەوەین، دەچنە هەر جێگەیەک قسەیەک لە سوودی کوردان ناکەن. هەمووکاتێک بە شێوەیی دژایەتیکردنی کوردان دەجوڵێنەوە و کاردەکەن. ئەو شاندەی کە دوای ڕێککەتنامەکەی دیمەشق چوونە سووریا، ڕاوێژکارانی میتیشی تێدابوو، ڕۆشتن بۆئەوەی کوردان ئاستەنگ بکەن."
کاڵکان ئاماژەی بەوەشدا دەبێت دەوڵەتی تورک دەستبەرداری شەڕی تایبەت بێت، هەموو کەسێک دەزانێت ئەم دەربرینانە هیچ بنەمایەکەی نییە ئەوەی هەیە تەنها شەڕی دەروونییە و بۆ ڕاستکردنەوەی شکستەکانیان و ئەمەی گوت: "ئاگربەستمان ڕاگەیاند بۆئەوەی پرۆسەکە بە پراکتیکی بەڕێوەبچێت، جەختمان کردەوە لەوە. دەزانین کە ئاسان نییە، بە ئاسانی حوکم نادەین، بەڵام نابێت کەس زۆرمان لێ بکات. نابێت فشار لە ئارامگرییمان بکرێت. پەکەکە هیچ کاتێک نەیگووتوە سەرکەووتنی ڕەهامان بەدەست هێناوە. یانی گوتوویەتی، سەرکەووتن هەیە، دەتوانین بە شکۆیی خۆمانەوە بجەنگین و شەهید بکەوین. هەموو کاتێک بەم شێوەیە جوڵاوینەتەوە. تا ئێستاش دۆخەکە بەم شێوەیە بووە. بەرخۆدان هەیە. هەوڵدەدەن لە ڕێگەی شەرەوە پرۆسەکە تێکبدەن. کۆمەڵکووژییان لە کۆبانێ ئەنجام دا، نۆ کەسییان لە بنەماڵەیەکدا کوشت. دەڵێن دەبێت دەرکەوێت کێ بەرپرسیاری ئەم کارەیە. جگە لە وەزیری بەرگری کەس ناتوانێ ئەم کارە بکات، فەرمان دەکەن و جێبەجێ دەکرێت. هەرخۆی بە تەنها فەرمان نادەنە سووپای خۆیان، وا دەجوڵێنەوە وەک ئەوەی فەرمان بدەنە پەکەکەیش. دەڵێن دەستبەجێ چەکەکانتان دانێن و تەسلیم ببن. تۆ فەرمان دەدەیتە کێ؟ دەبێت مرۆڤ هەندێک سنووری خۆی بزانێت."
'کێشەی جددیەت هەیە'
کاڵکان لە بەردوامییدا ئەمەی گوت: "بەڵێ، ئاڵۆزی هەیە. سەرنەکووتووە، ناتوانێت نکۆڵی لەمە بکات. بە دوای سەرکەوتنی هەرزانەوەیە. ئەوەی سەرکەووتنی هەرزان بەدەست بهێنێت، لە سوودی ئەم وڵاتە و دەوڵەتە نایەت. دەوڵەت، ئەو هێزە سیاسیانەی کە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن دەبێت ئەم لێگەرینانە بە دوای سەرکەووتنی ئاسانەوە ببینین. هەرخۆی گەریلا ئاشکرای کرد. گەریلا لە قەندیل فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی ئاکانجی خستەخوارەوە، ئەوەی پێی دەگوترا 'هەرگیز ناتوانرێت تێکبشکێندرێت'. هەپەگە دەڵێت ئەمە ئاگادار کردنەوەیەکە. ئەمە یەکەم دانە نییە، چەندینی دیکە خراوەتە خوارەوە و لە ڕای گشتی شاردراوەتەوە. لە ڕێبەر ئاپۆیشی دەشارنەوە. هەڕەشەمان نەکردووە. با بە هەڵە لێکنەدرێتەوە. پرۆسەکە پێچەوانە ناکەینەوە، هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ تێکنادەین. بەم شێوەیەمان نەکردووە. بەرەنگار بووینەوە و پلانەکەیانمان تێکشکاند. ناتوانن گەریلا سەرکەووت بکەن. ناتوانن پەکەکە تێکشێنن و لە ناوی بەرن. دەبێت ئەمە قبوڵ بکەن. ئەمە لە بانگەوازی و قسەکانی ڕێبەر ئاپۆیشدا هەیە. دەڵێت، تەڤگەرێک وێڕای هەموو هێرشەکان ناتوانرێت لەناوببرێت. ناتوانرێت سەرکەووت بکرێت. ئەمە بۆ پەکەکە دەڵێت. لە لایەکی دیکەوە بە بەرخۆدان ئەمەمان کرد. قۆناغەکە مەترسیدارە، ڕووداوەکان لە ئارادایە، دۆخی شەڕی سێهەمی جیهانی لە ئارادایە، کوردانیش زیانی ئەمەیان بەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی زیانی زۆری بەردەکەوێت تورکیایە. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. هەڤاڵانیش ئاماژەیان پێکردووە، نامانەوێت زیانێکی بەم جۆرە بگات بە تورکیا. ڕێبەر ئاپۆ بە ئاشکرا گووتی، ڕێگە بەم زیانە نادەین. بەم هۆکارەوە دەڵێین بۆ دیموکراتیکزەکردنی تورکیا، بۆ پاراستنی یەکێتی تورکیا ڕێبەر ئاپۆ بنەمایە. با ئەم چانسە تێکنەدرێت. پەکەکە هەموو کاتێک ئازادی کوردانی لەسەر بناغەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا هەڵسەنگاندووە. تێکۆشانی ئازادی لە کوردستان لە هەمان کاتدا تێکۆشانی دیموکراتیکبوونی تورکیا بوو. گەر بەم شێوەیە نەبوایە، چ کارێکم لە ناو پەکەکەدا بوو؟ بە دەیان و سەدان لە گەنجانی تورکیا لە ناو پەکەکەدا شەهید بوون. ئەوان چ کارێکییان لە نێو پەکەکەدا بوو؟ گەر بۆ تێکۆشانی دیموکراسیانەی تورکیا نەبووایە. لە ئیمراڵیش کاتێک سزای لە سێدارەدانیان دا، ڕێبەر ئاپۆ گوتی، بۆ دیموکراتیک بوونی تورکیا تێکۆشانمان بەڕێوەبرد. خیانەت قبوڵ ناکەین. تاکە هەڵوێستی راست ئەمەبوو. ئەمە بەم شێوەیە. بۆیە دەبێت دەستبەرداری هێرشی سەربازی و جۆشدانی بەربدرێت. دەبێت درووست ئاگربەست لێکبدرێتەوە، درووست هەڵسەنگێندرێت. هەرگیزی نابێت، با ڕای گشتی خاوەنداری لێبکات. ڕێگە بەوکەسانە نەدرێت کە خواستییانە ئەم پرۆسەیە وەک ئامرازێک بەکاربهێنن، فرسەت نەدرێت بەوکەسانەی خواستی تێکدانیان هەیە. ئەمە هیوامانە. با ئەمەش بزانرێت، هەموو کاتێک بەم شێوەیە نابێت. سەیری دۆخەکە دەکەین، تا چەند بەم شێوەیە بە تاک لایەنە بەردەوام دەبێت، دەگات بە کوێ، مرۆڤ ناتوانێت لە ئێستادا شتێک بڵێت."
لەنێوان قەسەدە و حکومەتی کاتیی دیمەشق ڕێککەوتنێک واژکرا. هاوکات کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان ئەنجامدرا و هێشتاش بەردەوامە. پاشان شاندی دەوڵەتی تورک بەپەلە چوونە سوریا. دواتر ڕەشنووسی دەستوور بڵاوکرایەوە. ئەم پرۆسەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
کاڵکان گوتی: "لەکۆبانێ کۆمەڵکوژی کرا. لە نیوەشەودا، ٧ منداڵ شەهیدکران. شاندێک بەپەلە چوونە سوریا تاوەکو ڕێگەنەدەن لە ڕێککەوتنی نێوان قەسەدە و هەتەشەدا شتێک بە سوودی کوردان بشکێتەوە. بۆیە هەڕەشەیان کرد. بۆیە ئەحمەد شەرع، پێشوەختە ڕەشنووسی دەستوورێکی دژی دیموکراسی واژۆ کرد. چوون و فشاریان کرد. یەک ئامانجیان هەبوو، هیچ دەسکەوتێک بۆ کورد نەیەتەدی".
هەروەها گوتی: "بەڕاستی وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی تورکیا دژی کورد و دژی دیموکراسی کاردەکەن. هەمووان دەزانن. کەس فریو نادرێت. لەوەش زیاتر، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە. باس لەوە دەکرێت، کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە کراوە کە دەیانەوێت ئەم ڕێککەوتنە تێک بدەن. ئێمە نامانەوێت بەم جۆرە بێت. بەڵام هەندێک لایەن دەڵێن، لەپشت ئەم کۆمەڵکوژییەوە هەندێک لایەنی نزیک لە تورکیا هەن".
کاڵکان جەختی کردەوە، بۆ پراکتیزەبوونی ڕێککەوتنەکە دەبێت تێکۆشانی درێژخایەن بکرێت، ڕاستە تورکیا فشاری زۆری کردووە بەڵام نەیتوانیوە هەموو ئەنجامێک بەدەست بهێنێت، لەو ئاستەدا نییە کە بەردەوام کاریگەری لەسەر سوریا دابنێت. بۆیە دەبێت تێکۆشان بۆ سوریایەکی دیموکراتیک بکرێت، بەڵام نابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داببڕێت، بەبێ تێکۆشان بۆ دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرناگرێت، گوتی: "دەبێت لە سوریا دیموکراسییەک لەسەر بناغەی ئازادیی پێکهاتەکان و ئازادیی ژنان بێتەدی. بۆیە پەیوەندیی نێوان دیموکراسیخوازە عەرەبەکان و ژنان و دورزی و سریانی و عەلەوی و کوردەکان، پەیوەندی نێوان گەلان، لەم ڕووەوە گرنگە. دەبێت بەرەوپێش ببرێت. دیموکراسی بەم جۆرە دەبێت، لەسەرەوە بۆ خوارەوە نابێت. ئەگەر لە ژێرەوە، لەسەر ئەم بناغەیە دابمەزرێت، درێژخایەن و واتادار دەبێت. بۆیە هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەکان گرنگن".
کاڵکان تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان لەسەر بناغەی تۆڵەکردنەوە، جەختی کردەوە ڕژێمی بەعس ڕژێمی کۆمەڵگەی عەلەوییەکان نەبووە و نابێت وەها ببینرێت، هێشتا نازانرێت ئەم دەسەڵاتە چەندێک لە ڕژێمی بەعس جیاوازە، چونکە تاوانەکانی بەعس دەکاتە پاساو بۆ کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان، گوتی: "دەبێت هەمووان دژی ئەمە بوەستنەوە. کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان شەرمەزار دەکەین.
کورد و لایەنە دیموکراتیکەکان و سریانی و ئەرمەنی و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەروەک چۆن پشتگیری لە کۆمەڵگەی دورزی دەکەن، ژنان و ڕۆشنبیرانی سوریاش پێویستە پشتیوانی کۆمەڵگەی عەلەوی بکەن. ئەمەش هەندێک پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە. هەروەک چۆن تورکیا لە هاتایەوە تۆڵە لە کۆمەڵگەی عەلەوی دەکاتەوە. وەک هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە وایە. ئەمە ڕەوشێکی مەترسیدارە. پێویستە گەل لە بەرامبەر ئەمەدا بوەستن و پەیوەندی دیموکراتیک لە نێوان گەلاندا دروست بکرێت و بپارێزرێت. ئەمە پێوەری دیموکراتیکبوونە. هەرکەسێک خۆی بە دیموکرات دەزانێت، پێویستە بەم شێوەیە مامەڵە بکات. بانگەوازیان لێ دەکەم کە ئەو کارە بکەن".
گفتوگۆی پرۆسەکە دەکەین، هەستیاری لە ئارادایە، گەلی کورد، دۆستانی گەلی کورد دەتوانن چۆن هاوکاری و پشتیوانی پرۆسەکە بکەن؟
کاڵکان ڕایگەیاند هیشتا داهاتووی پرۆسەکە کە چۆن دەکەوێتەوە ڕوون نییە، ئاماژەی بەوەدا بە هۆکاری بانگەوازییەکەی رێبەر ئاپۆ، چ ڕێبەر ئاپۆ و چ پەکەکەش دڵسۆزیی و جدییەتیان بۆ پرۆسەکە نیشان داوە و لەو کارەشدان. کاڵکان جەختی کردەوە لەوەی دەیانەوێت دڵسۆزییەکان بۆ پرۆسەکە بەردەوام بێت و بە ئەنجام بگات. ئەو هەنگاوەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئافراندنی ئایندەیەکی دیموکراسییانەیە بۆ گەلی کورد و گەلانی تورکیا. لە بەردەوامییدا کاڵکان ئەمەی گوت: "ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کرد، ئەمە دانانی پایەیی سەد ساڵە و هەزار ساڵەیە. بۆیە بەجۆش بووین. بەهەموو شێوەیەک خاوەنداری لەمە دەکەین. بەڵام بە ئێستاشەوە هەمان هەڵوێست لە لاین لایەنی بەرانبەرەوە نیشان نەدراوە."
کاڵکان ئاماژەی بەوەدا بۆئەوەی گۆڕانکاری نوێ بێتەئاراوە پێویستە گۆرانکاری پارادایمی لە لایەن بەرانبەرەوە بێتە ئاراوە. وتیشی ئیدی دەوڵەت ناتوانێت کوردان سەرکەووت و لەناوبەرێت و وتی: "گەر ئەمە قبوڵ بکرێت، شتەکە لە دووژمنایەتی کوردانەوە بپەرێتەوە بۆ برایەتی لە کوردان لە چارەسەری ئاسانتر نییە. ئەوکاتە ئاسانترین چارەسەری بۆ پرسی کورد دێتە ئاراوە. با تەنها سیاسەت و عەقڵێت بگۆردرێت. ئەمە شتێکی ناچارییە، تەنها بۆ کوردان نییە. پێویستییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی تورکیا لە ژێر بەڕێوەبەرییەکی دیموکراسییدا بژین."
کاڵکان لە بەردەومییدا گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەیەکی تێکۆشانی دەستپێکردووە. هەرخۆی پێناسەی سەردەمەکەی کرد. سەردەمی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'. دەبێت لایەنی ئاشتی لە تورکیادا پێکبهێندرێت. لەبەرئەوەی شەڕ لە لایەن تورکیاوە بەرێوەدەبرێت. کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش لە لایەن کوردانەوە ئافرێندراوە، بە تورکیادا بڵادەبێتەوە. پێشەنگی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کوردە، پێشەنگایەتی نەتەوەی دیموکراتیک دەکەن. دەبێت مرۆڤ زۆر زیاتر پەرە بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک بدەن."
لە کۆتاییدا کاڵکان ئەمەی گوت: "بە دڵنییاییەوە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەسەر لایەنی بەرانبەر و دژبەراندا دەسەپێنین. پاشەکشەکردن لەمەدا نییە. بە تێکۆشان گۆرانکاری لە سیاسەت و عەقڵیتدا دەکرێت. وەکوتر هیچ ڕێگەیەک نییە. پەکەکە تێکۆشانە، هەموو شتێک لە رێگەی تێکۆشانەوە بەدەست دێت."