قەسەدە: ٨ چەتە کوژران

قەسەدە ڕایگەیاند، لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزق، شەڕڤانانی قەسەدە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانیان تێکشکاند و لە ئەنجامدا هەشت چەتە کوژراون و پێنجی دیكەش بریندار بوون.

ڕاگەیاندراوەی قەسەدە

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی و هەروەها بەرخۆدانی شەڕڤانانی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیە:

"دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، دوێنێ (هەینی) هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد کرد.

لە بەنداوی تشرین؛ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، زنجیرە هێرشەکانی خۆیان بۆسەر بەنداوی تشرین بەردەوام کرد، لە هەمان کاتدا بە قورسی ناوچەکەیان تۆپباران کرد،  فڕۆکە جەنگییەکان بە درێژایی شەوی پێنجشەممە بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر ناوچەکە، هێرشەکە تا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٥:٠٠ بەردەوام بوو، شوێنی کرێکاران و دەوروبەریان تۆپباران کران و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری فڕۆکە و تۆپ هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان لە دەوروبەری گردی سیراتەل، شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و شەڕ درووستبوو، لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا.

لە بەرەی ئەبو قەلقەل-گردی سیراتەل، چەتەکان جارێکی تر هێرشیان کرد، شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و شەڕێکی قورس ڕوویدا، لە هێرشە شکستخواردووەکەدا، چوار چەتەکە کوژراون و پێنجی دیکەش برینداربوون، چەتەکانی دیکەش لە ناوچەکە هەڵاتن.

لە گوندی عەشانەش، چەتەکان هێرشی سێیەمیان ئەنجامدا و جارێکی دیکە شەڕڤانان وەڵامیان دایەوە و شەر درووستبوو، لە ئەنجامدا سێ چەتە کوژران.

بەرەی قەرەقۆزاق؛ دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق بە تۆپ، تانک، مووشەک، هاوەن بە چڕی تۆپباران کرا، لە چوارچێوەی هێرشەکاندا گوندەکانی تینا، جادە، بیرۆ هسۆ، خەسەق، مەلها و سنا، گردی سێڤێ و قەرەقۆزاق بە زیاتر لە ٦٠ گولـە تۆپباران کران و لە ئەنجامدا زیان گەیشت بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان.

دوێنێ بە درێژایی ڕۆژ، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی کۆبانێ و گوندەکانیدا و عەین عیسادا دەسووڕانەوە.

ئاماری دوێنێ: هەشت چەتە کوژراون و پێنجی دیکەش بریندار بوون."