قەسەدە: دەوڵەتی تورک و چەکانی بۆردوومانی ١٣ گوندییان کرد

ناوەندنی ڕاگەیاندی قەسەدە ڕایگەیاند دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی دوێنێ یەک شەممە ١٦ی شوبات بۆردوومانی ١٣ گوندی کردووە.

هێزەكانی سووریا دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەت دەوروبەری بەنداوی تیشرین و قەرەقۆزاق، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوێنێ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی درێژەیان بە هێرشە ناڕەواكانیان دا بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق، لە كاتێكدا فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان گوندی بیر حەسوی گردی عەلووشی بۆردومان كرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کراوە هێرشی فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورک بەردەوام بووە و هاتووە: "فڕۆكە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەند جارێك هێرشیان كردە سەر  گوندی غەسق، هەروەها بۆردوومانەكە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی خەڵكی گەیاند، بۆردوومانەكە هاوكات بوو لەگەڵ تۆپبارانی قورسی تانك و موشەك و هاوەن بۆ سەر زۆربەی گوندەكانی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق، كە زیانی ماددیی لێ كەوتەوە."

لە درێژە دەڵێت: "لە بەرەی بەنداوی تیشرین؛ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بە چەكی قورس بەردەوام بوون لە بۆردوومانكردنی دەوروبەری بەنداوەكە، لە هەمان كاتدا داگیركەران و چەتەكان، بە تۆپی قورس خانووی كرێكارانیان بۆردوومان كرد و زیانی ماددییان لێكەوتەوە."

لە بەردەوامییدا دەڵێت: "فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك چوار هێرشیان كردە سەر شارۆچكەی شێخلەر لە ڕۆژئاوای كۆبانێ و زیانی ماددییان بە ماڵ و موڵكی خەڵكی مەدەنی گەیاند، هەروەها بە درێژایی دوێنێ لە ئاسمانی شارۆچكەی عەین عیسا جوڵەی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەکان و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك هەبووە."