قەسەدە: لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ٢٣٧ داگیرکەر کوژراون

قەسەدە ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ ی ئاشکرا کرد. بەگوێرەی ئامارەکە لە ١٤٣ ئۆپەراسیۆندا هێزەکانی قەسەدە ٥٢ ی سەربازی تورک و ١٨٥ چەتە کوژراون و ١٧٣ شەڕڤانی قەسەدە شەهیدبوون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئاماری چالاکییەکانی قەسەدەی ڕاگەیاند.

ئاماژە بەوە کراوە کە دەوڵەتی داگیرکەر و چەتەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٣، جگە لەوەی کامپە مەدەنییەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیان کردووەتە ئامانج، هەروەها دەیان هاووڵاتی مەدەنی، لەنێویاندا منداڵ و ژن، لە هێرشەکانی مانگی تشرینی یەکەم و کانوونی یەکەمدا شەهید بوون.

ڕاشیگەیاندووە، چەتەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشیان کردە سەر چەندین شارۆچکە و شەڕڤانانی قەسەدەیان شەهید کردووە، لە ماوەی ئەمساڵدا، هێزەکانی قەسەدە لە شەهبا، مەنبەج، عەین عیسا، تەل تمر و زرگان دەیان ئۆپەراسیۆنیان دژ بە داگیرکەران ئەنجام داوە و ئاسایشی دێرەزۆریان پاراست.

بەگوێرەی ئامارەکەی قەسەدە، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ ساڵی ۲۰۲۳ بڵاو کردەوە و بەمجۆرە بوو.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، ٧٩٨ هێرشیان ئەنجامدا کە ٥٧٨ هێرش بە چەکی قورس بووە و ١٠٣ هێرش لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی خۆکوژی بووە، پاشان ٢٥ هێرش لەڕێگەی چەکی نیشانەشکێن و مامناوەند، ٢ جار بە مین و تەقەمەنی هێرشکراوە.

چالاکییەکانی پاراستنی ڕەوای قەسەدە

١٤٣ ئۆپەراسیۆن لە ڕێگای چەکی قورس ئەنجامدراون و توانراوە ٥٢ سەربازی داگیرکەری تورک و ١٨٥ چەتە کوژراون، کە کۆی گشتیان ٢٣٧ کەس سزا دراوە، هەروەها ٩١ سەربازی تورک و ٢٠٤ چەتە برینداربوون، کە کۆی گشتیان ٢٩٥ چەتە بووە، دەیان ئۆتۆمبێلی دوژمن و بنکە و بارەگاکانیان لە چالاکییەکاندا تێک شکێنران.

ژمارەی شەهیدەکانی قەسەدە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ١٧٣ شەڕڤانی قەسەدە شەهیدبوون و ١٥ برینداربوون لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکان و هێرشەکانی چەتەکانی حکومەتی دیمەشق.

باسی لەوەش کردووە، لە ئاکامی هێرشی داگیرکەران و چەتەکان بۆ سەر هاووڵاتییان و خەڵکی مەدەنی، ۱۱ منداڵ و ۳۹ هاووڵاتیی شەهیدبوون و ٨٣ کەسیش برینداربوون کە لەناویاندا پێنج کەسیان منداڵ بوون.

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان

لە ئامارەکەدا هاتووە، سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورسەوە ٢٤ جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت پاش بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ئەمساڵ لە باکووری کوردستان – تورکیا و سووریا، هەروەها ٣٤٨ جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ناوچەکەدا فڕیون و ٢٧ جار هەلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکان ئاسمانی سووریایان تێپەڕاندووە.

هێرشی سەر هاووڵاتییان

ئاماژە بەوە کراوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە ئاوی ڕووباری فوراتی بڕیوە، بۆیە ئاوی بەنداوی فورات کەمی کردووە و لە ئەنجامدا کارەبا لە زۆر ناوچەدا بڕاوە و خەڵکی هەموو ناوچەکانی کەناراوەکان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەبووە.

ڕاشیگەیاندووە، لە ۲۷ی حوزەیراندا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جارێکی دیکە وێستگەی ئێلۆکی لە سێرکانێ داخست، کە بۆ پێویستی ئاوی خواردنەوەی حەسەکە کاری دەکرد و بووە هۆی ئەوەی یەک ملیۆن کەس لە شارەکە و دەوروبەری بێ ئاو بن. هەروەها چەتەکان چەندین جار وێستگەکەیان داخست و ڕێگرییان لە ڕۆیشتنی ئاوەکە کرد.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ۵ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳، سوپای داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر زۆرێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپ و مووشەک، هەروەها ئاو و کارەبا و نەوت و کۆگای گەنم و قوتابخانەکانیان کردە ئامانج.

پاشان لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٣ سوپای داگیرکەری تورکیا گوندی عەین ئەلعەبیدی لە تل تەمیر بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو خوشکی هەمان خێزان شەهید بوون و سێ براش بریندار بوون.

هەروەها لە ٨ی ئابی ئەمساڵ گوندی ئەلشەرەقە لە ناوچەی سیلوک لە باشووری ڕێگای ئێم فۆڕ بۆمبباران کرا، لە ئەنجامدا ژنێک و دوو منداڵەکەی کە لە ماڵەکەی خۆیاندا کرانە ئامانج کوژران و ژنێک و دوو منداڵیش بریندار بوون.

لە سەرەتای مانگی حوزەیران گوندی موحستان لە باکووری ڕۆژئاوای منبج بە چەکی قورس بۆمبباران کرا و لە ئەنجامی هێرشەکەدا چوار منداڵ کوژران و لە ٩ی هەمان مانگدا سوپای داگیرکەری تورکیا گوندی تەهای ڕۆژئاوای منبجیان بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ منداڵی هەمان خێزان بریندار بوون.

لە ٢٣ی ئاب فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلی ژن تیڤییان بۆردوومان کرد لەسەر ڕێگای قامشلۆ-عامودا لە سنووری گوندی تل تەمر، لە ئاکامدا هەریەک لە نەجمەدین فەیسەڵ شەهید بوو، بەڵام هاج سینان کارمەندانی ژن تیڤی بریندار بوو.

لە بەرواری ٨ی ١٠ی ٢٠٢٣ لە ئاکامی هێرشێکی سوپای داگیرکەری تورکیا لە گوندی بیشێریش لە ترپەسپی پێنج کرێکاری کردە ئامانج و سەرجەمیان بریندار بوون، ڕۆژی دواتر سوپای داگیرکەری تورکیا گوندی مستوری عەین عیسا بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا دوو منداڵ لەناو ماڵەکەیان کوژران.

لە بەرواری ٧ی ١٠ی ٢٠٢٣ گوندی خالیدییە لە ڕۆژئاوای عەین عیسا بۆمبباران کرا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژنێکی تەمەن ٦٥ساڵ کە بەهۆی تۆپێکی لە ماڵەکەیدا شەهید بوو مێردە ٧٠ ساڵەکەشی بریندار بوو.

لە بەرواری ٨ی ١٠ی ٢٠٢٣ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەکادیمیای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان بۆردوومان کرد لە گوندی حەمزە بەگ لە هێرشەکەدا ٢٩ ئەندامی هێزەکانی دژە ماددە هۆشبەرەکان کە لە مەشقدا بوون شەهید بوون.

لە بەرواری ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەریەک لە ناوچەکانی (چاپخانەی سیمیشلی، وێستگەی گازی سێدکۆپ، کۆگای خۆراک، دامەزراوەی سینا، نەخۆشخانەی کۆرۆنا، وێستگەیەکی کارەبا، کۆگایەک، ناوەندێکی ئۆکسجین، کۆگایەکی سیرامیک، وێستگەیەکی بیناسازی، گوندی ئوم فیرسان، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کاڵای پاککردنەوە) هەروەها لە شاری عەمودە کارگەیەکی زەیتوون و کۆگایەکی گەنم و هۆڵێکی هاوسەرگیرییان بۆردوومان کرد، پاشان لە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیادا ٧٤ ناوەندی مەدەنی و بنکەی نەوت و ژێرخانی ئابووری ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کران.