قەسەدە لە تەبقە ٢ چەتەی داعشی دەستگیرکرد
قەسەدە شانەیەکی چەتەکانی داعشی لە گوندەواری کانتۆنی تەبقەی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێکاریگەری کرد و ٢ چەتەی داعشی پسپۆڕیی کەرەستەی سەربازیی و تەقەمەنی دەستگیرکرد.
قەسەدە شانەیەکی چەتەکانی داعشی لە گوندەواری کانتۆنی تەبقەی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێکاریگەری کرد و ٢ چەتەی داعشی پسپۆڕیی کەرەستەی سەربازیی و تەقەمەنی دەستگیرکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو دووپاتی کردەوە، لە کانتۆنی تەبقە شانەیەکی داعشیان بێکاریگەر کردووە و ٢ چەتەی داعشیان دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی ناوەندەکە، تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی (تۆل)ـی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەشیان لە شارۆچکەی مەنسووڕەی تەبقە دژی شانەیەکی داعش ئەنجامداوە. لە ئەنجامدا شانە تیرۆریستییەکە بێکاریگەر کراوە.
پاش بەدواداچوونی بەردەوام و ورد بۆ جمووجووڵی شانەکە، شوێنی خۆحەشاردانیان دەستنیشانکراوە، هێزەکان چەتەکانیان گەمارۆدا و ٢ چەتەی داعشیان دەستگیرکرد. یەکێکیان ناوی عەبدولستار عەبدولفەتاح ئەل محەمەد (ئەبی ئەمیرە)ـیە، ئەویتریش برایەتی بە ناوی محەمەد عەبدولفەتاح ئەل محەمەد (ئەبی بەرا). هەردووکیان خەڵکی مەنسووڕەن.
ناوەندەکە ڕایدەگەیەنێت دوو چەتەکە پسپۆڕی درووستکردنی تەقەمەنیی بوون، هەروەها جێگەیەکیان هەبووە بۆ درووستکردنی بێدەنگکەری چەک (کاتم الصوت) و مین و تەقەمەنی.
ناوەندەکە دووپاتی دەکاتەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی داعش بۆ سودوەرگرتن لە پشێوییەکانی سوریا و بەهێزکردنی ڕێکخستنەکانی، وە هێرشکردن بۆ سەر خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکانی هەرێمەکە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکانی قەسەدە دژی چەتەکان ناوەستن و بەردەوام دەبن تا لەناوبردنیان.