قەسەدە لەبارەی کۆمەڵکوژی سەفاویە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی گشتی قەسەدە کۆمەڵکوژی گوندی سەفاویەی شەرمەزار کرد و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد چاودێری پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورک لەبەرانبەر هاوڵاتیانی مەدەنی بکات. قەسەدە وتی، دەوڵەتی تورک پێداگیری لەشەڕدا دەکات.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەبارەی کۆمەڵکوژی گوندی سەفاویەی عەین عیسا لەلایەن دەوڵەتی تورک کە ٤ کەس لە خانەوادەیەک کوژران و دوو کەسیش بریندار بوون راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەنراوی قەسەدە بەم شێوەیەیە:

"دەوڵەتی داگیرکەری تورک تاوانێکی دیکەی لەسەر تاوانەکانی لەدژی گەلەکەمان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیاد کرد. تانکەکانی دەوڵەتی تورک دوێنێ گوندی سەفاویەی رۆژهەڵاتی عەین عیسا کە خەڵکی مەدەنی و کۆچبەرانی گرێ سپێ تێدا دەژین تۆپباران کرد. و لە ئەنجامدا ٤ هاوڵاتی مەدەنی لە یەک خانەوادە شەهید بوون کە ٣ کەسیان منداڵ بوون.

ئەم تاوانە تەئکید لەوە دەکاتەوە کە دەوڵەتی تورک بەردەوامە لەسەر شەڕ و کۆچبەرکردنی خەڵکی مەدەنی و رەسەنی ناوچەکە بۆئەوەی وەک ناوچەکانی دیکەی سوریا داگیریان بکات. دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە هەموو پەیمانەکانی لەگەڵ روسیا و ئەمریکا پیشێل دەکات.

ئێمە ئەم تاوانە شەرمەزار دەکەین. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانیان و گەلەکەمان دەکەین. داوا لە هێزی گەرەنتور روسیا دەکەین کە بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات و پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێنێت. پشتراستی دەکەینەوە کە مافی پاراستنی رەوای خۆمان و پاراستنی گەلەکەمان و هەرێمەککەمان لەدژی دەستدرێژیەکان بەکاردەهێنین. داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە چاودێری پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورک لەبەرانبەر هاوڵاتیانی مەدەنی بکەن و تاوانباران رادەستی دادگایەکی نێودەوڵەتی بکەن."

ف.ق