بە بەشداری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی و ئەندامی فەرمانداری گشتیی هیزەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕۆهلات عەفرین، ڕێوەبەر و هاوسەرۆکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نوێنەرانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێگاکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی قەسەدە، مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی حکومەتی کاتی دیمەشق ئەحمەد شەرع و دەستپێکردنی یەکەم خولی شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بۆ دیمەشق و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تاوتوێ کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق لە شەڕی دژی داعش کرا، هەروەها باس لە بارودۆخی دیلەکانی داعش و ئەو کامپانە کرا، کە دەیان هەزار خێزانی داعشی تێدا ڕاگیراون.
هەروەها، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سووریا تاوتوێ کرا، کە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپاوە پێشوازی لێکرا، ئاماژە بەوە کرا، کە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سووریا، ئەم بڕیارە زەمینە بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە سووریا خۆش دەکات و جارێکی دیکە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە و پەنابەران بۆ گوند و شارەکانیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا ڕاگەیەندرا، کە بڕیار دراوە بۆ ئامادەکاری بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی کە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەخۆ بگرێت، بە مەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار.