قەسەدە: ئەو گروپانەی چووبوونە ناو زیبان دەرکران و٢٠ چەتە کوژران

قەسەدە رایگەیاند کە هەموو گروپە چەکدارەکان کە چووبونە ناو زیبانەوە دەرکراون، ٢٠ چەتەش کوژراون و ٣١ی چەتەی دیکە بریندارن.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند کە سەرجەم گروپە چەتە چەکدارەکان کە لە شاری مەیادینی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی دیمەشقەوە شەوی رابردوو چووبوونە ناو زیبدان، دەرکراون و شارۆچکەکە لەو چەتانە پاککراوەتەوە.

سەبارەت بەو بابەتە ئەم راگەیەندراوەی بڵاوکردووەتەوە:

"قەسەدە شەوی رابردوو ئەو چەتانەی رژێمی دیمەشقی لە شارۆچکەی زیبان دەرکرد، کە لە رۆژئاوای فوراتەوە چووبوونە ناو شارۆچکەکەوە. لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان هێزەکانمان و ئەو چەتانەی ماڵی هاووڵاتیان و مزگەوتەکانیان بۆ خۆحەشاردان بەکارهێنابوو، شەڕ هاتە ئاراوە.

لە وشەڕەدا ٢٠ چەتە کوژران و ٣١ چەتەش برینداربوون، کە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی مەیادین و ئەو لایەی دێرەزور کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی رژێمدایە.

چوار شەڕڤان شەهیدبوون

لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە تیرۆریستیەکەدا ٤ شەڕڤان شەهیدبوون.

هێزەکانی رژێم پشتیوانیان لە چەتەکان کرد، بە تۆپ و موشەک و چەکی قورس پارێزگارییان لەوان کرد بۆ ئەوەی تاوانەکانیان ئەنجام بدەن. ژمارەیەکی زۆر موشەک بەر ماڵی هاووڵاتیان و بازاری شارەکە کەوتن، لە ئەنجامدا هاووڵاتیەک شەهیدبوو و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. هەروەها فەرمانگە و دامودەزگا فەرمییەکانیش لەلایەن چەتەکانەوە تاڵان کران.

هێزەکانمان راستەوخۆ رێکاری ئەمنییان گرتەبەر و لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری هەڕێمەکە و گواستنەوەی هاووڵاتیان بەرەو ناوچە پارێزراوەکان کەوتنە خۆ و نەیانهێشت چەتەکان لە هێرشە تیرۆریستیەکانیاندا هەڵبکوتنە سەر ماڵەکان و دواجار ئەو چەتانەیان دەرپەڕاند و ئاسایش و ئارامیان بۆ شارۆچکەکە گەڕاندەوە.

قەسەدە دوپاتی دەکاتەوە پاڵپشت بە هاوکاری دانیشتوانی  هەرێمەکە بە دڵنیاییەوە بەشێوەیەکی بەهێز بەرامبەر بە هێرشەکانی چەتەکانی رژێم دەوەستێتەوە و هەوڵەکانیان بۆ گورزوەشاندن لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە، پوچەڵ دەکاتەوە".

هـ . ب