شاندی کوردی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق دەستنیشان کران

شانده کوردییەکه له دوای "کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی کورد له ڕۆژئاوای کوردستان" دامەزراوە، لە راگەیەندراوێکدا ناوی هاوسەڕۆک و ئەندامانی خۆی ئاشکرا کرد. شاندەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەست بە دانوستان دەکات.

شاندی کوردی کە دوای "کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی کورد له ڕۆژئاوای کوردستان" دامەزرا بوو، بە ڕاگەیەندراوێک هاوسەرۆک و ئەندامانی خۆی ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکە لە ٤ی حوزەیران کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆی بە ئامادەبوونی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی قەسەدە، ڕۆهڵات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد ئەندامی دیوانی کۆنفرانسەکە ئەنجامدا.

لێدوانی شاندەکە بەم شێوەیەیە:

"دوای وتووێژ لەگەڵ لایەنەکانی ئامادەی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کورد کە لە ٢٦ی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆنفرانسەکە بۆ دامەزراندنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لایەنە نێونەتەوەیی و کوردییەکان، لەسەر بنەمای ڕوانگەیەکی هاوبەش سەبارەت بە سوریا و پرسی کورد، شاندەکە کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆی لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئەنجامدا. فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، مەزڵوم عەبدی و ڕۆهلات عەفرین، و ئەندامی دیوانی کۆنفرانسەکە، ئیلهام ئەحمەد ئامادە بوون، شاندەکە ڕاستەوخۆ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە ئەرکەکانی دەکات.

ئەندامانی شاندی کورد:

هەریەک لە پەروین یوسف و محەمەد ئیسماعیل وەک هاوسەرۆکی شاندەکە هەڵبژێردران، هەروەها هەریەک لە ئاڵدار خەلیل، ڕیحان لوقو، ئەحمەد سلێمان، سلێمان ئوسۆ، ساڵح دەروێش، نەسرەدین ئیبراهیم و فەیسەڵ یوسف وەک ئەندامانی شاندەکە دەستنیشانکران.