شوێنپێی هەنگاوەکانی سەید ئەڤران لە رۆژئاوا

لە سەرەتای شۆڕشی رۆژئاواوە، سەید ئەڤران بۆ رووماڵی ساتەکان، گواستنەوەی وشە، دیمەن، چیرۆک و یادەوەرییەکانی ئەم شۆڕشە رەنجی کێشا، گیانی خۆی بەخت کرد و لە یادگەی هەر نیشتمانپەروەرێکدا جێگەی کردەوە و بە زیندوویی مایەوە.

سەید ئەڤران کە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوا روویکردە ئەو بەشەی کوردستان، لە دەرگای هەموو ماڵێکیدا. نەجاح گولو و محەمەد حەسەن باس لە خەبات و کەسایەتی و بەرهەمەکانی دەکەن.

بە درێژایی مێژووی کوردستان، هەموو کات چیرۆکی قارەمانان بوونی هەبووە، کە لەپێناو خەڵکەکەیان شەڕیان کردووە، گیانی خۆیان بەخت کردووە و هەوڵیان داوە تا چراکان بە داگیرساوی بمێننەوە. ئەم قارەمانە بوێرانە زۆرتر خۆیان دەکردە چەقی چیرۆکەکان، بەڵام هەندێک جاریش چارەنوس و ئازادی خەڵکەکەیان لە چەقی چیرۆک و بەرخودانیان دانا. ئەم تایبەتمەندیە بیرەوەری و کاریگەری لەبیرنەکراوی لە دڵی هەموواندا بەجێدەهێشت. ئەوان بە هەناو و ناخی هەموواندا گەشتیان کرد، مەینەتی، پەژارە، خۆڕاگری و سەرهەڵدانی گەلەکەیان بە شێوەی ئەفسانەیەک گواستەوە. دەبوونە شۆڕش و دەخرۆشان. یەک لەم قارەمانانە  رۆژنامەوانی شۆڕشگێڕ شەهید سەید ئەڤران بوو، کە چرای راستی و حەقیقەت بوو.

"هەڤاڵ سەید بۆنی چیا و گەریلا و شۆڕشی لێدەهات"

محەمەد حەسەن خەڵکی گوندی میسکی سەر بە شاری جندرێسی عەفرینە و لە ئێستادا لە شەهبا دەژی. محەمەد بە ئاماژەدان بەوەی چەندین ساڵە شەهید سەید ئەڤران دەناسێت وتی، "بۆ یەک رۆژیش بە خەمباری نەمبینی. وەک ئاوێکی روون لە خرۆشاندابوو. لەگەڵ یەکەم بینینی یەک شت کە لەبەرچاوم وێنابوو؛ گەریلا بوو. کاتێک لەگەڵیدابووم وا هەستم دەکرد لەگەڵ تەواوی گەریلاکاندا لە چیام. هەڤاڵ سەید بۆنی چیا و گەریلا و شۆڕشی لێدەهات. هۆگری پەیوەندی توندوتۆڵ و رووبەڕوو لەگەڵ خەڵک بوو، خەڵکی خۆش دەویست. خۆی لە سەروو خەڵکەوە نەدەبینی، پیرۆزترین شت بەلایەوە خەڵک بوو. بەردەوام یادی هاوڕێ شەهیدەکانی بەرزڕادەگرت".

باسی لەوەشکرد، "سەید ئەڤران راستگۆ و لەخۆبوردەبوو. لە ئایدۆلۆژیادا قاڵ ببووەوە. شۆڕشگێڕبوونمان لەکەسایەتی ئەودا دەبینی. تا سەر ئێسک شۆڕشگێڕبوون رەگی لەودا داکوتابوو. ژیانێکی جیاواز لە کەسانی دیکەی نەبوو. کەسایەتیەکی خۆگونجێنی لەگەڵ خەڵکدا هەبوو. لەهەرکوێیەک بووایە هەرزوو کاریگەری دادەنا. زۆر حەزی لەوەبوو کە گوێ بۆ خەڵک رابگرێت. زۆر جار بە بێ ئەوەی هیچ بڵێ تەنیا گوێی دەگرت. دواتر لە رێگەی هەڵسەنگاندنەکانی هێزی بە ئێمە دەبەخشی. ماندونەناس بوو. نەیدەزانی پشوودان چییە، هەموو کات سەرقاڵی کاربوو".

"شاگرد و خوێندکارانی سەید ئەڤران لە هەموو دەزگایەکی راگەیاندندان"

حەسەن بە ئاماژەدان بەوەی لە سایەی سەید ئەڤرانەوە لە شەهبا درێژە بە کاری رۆژنامەوانی دەدرێت و باسی لەوەکرد، هەر رۆژنامەنووسێک کە لێرەدا کاردەکات خوێندکاری سەید ئەڤرانە و بە بینینیان بیری سەید ئەڤران دەکەوێتەوە و وتیشی: "ئەو رۆژنامەنووسێکی گەورەبوو، خوێندکارانی سەید ئەڤران لە هەموو دەزگایەکی راگەیاندندا جێگەیان کردووەتەوە. هیج رۆژنامەنووسێک لێرە نابینیت کە لەلایەن سەید ئەڤرانەوە پەروەردە نەکرابێت. کاتێک ئەم رۆژنامەنووسە گەنجانە دەبینم بیری سەید ئەڤران دەکەومەوە. نەیانهێشت پێنوس و کامێرای شەهید سەید لەسەر زەوی بمێنێتەوە. درێژەیان بە رێگەکەی دا. کەواتە ئەو تائێستاش لە رێگەی ئەو میراتەی بۆی جێهێشتووین لەنێوماندا دەژی و زیندووە".

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی سەید ئەڤران لە رۆژئاوا کاریگەری زۆری لەسەر داناوە، نەجاح گولوە. نەجاح لە بنەماڵە وڵاتپارێزی ناوچەکەیە. باس لەوەدەکات لەسەرەتای شۆڕشەوە سەید ئەڤرانی ناسیوە و وتی، "یەکترمان بینی، ئەگەرچی تەمەنی هەڵکشابوو، بەڵام ورە و وزەیەکی گەنجانەی هەبوو. گیانی نیشتمانپەروەری زۆر بەهێزبوو. پابەند و وەفداری رێبەرایەتی، وڵات، شۆڕش و شەهیدان بوو. کاتێک قسەمان لەگەڵ دەکرد، هەستمان دەکرد کە لەگەڵ گەنجێکدا قسە دەکەین. نەماندەویست لەو شوێنەی ئەوی لێبوو دووربکەوینەوە.بەردەوام باسی لە دەستکەوت و بەرەوپێشچوونەکانی شۆڕش دەکرد و جەختیشی لەسەر نەهێشتن و تێپەڕاندنی کەموکوڕییەکان دەکردەوە. لەگەڵ هەمواندا هاوڕێ بوو. بوێر و ئازابوو. زۆر بە زیادەوە ئەوەی داوای لێکرابوو ئەنجامی دەدا".

'بە منی وت، ئەم ئیرادە و هێزەی تۆ، هەڵوێستی شکۆمەندانەی تۆ تەنانەت بۆ رۆژێکیش نابێت بشکێت'

نەجاح گولو ئەوەی خستەڕوو کە دوابەدوای شەهیدبوونی یوسف گولو (ئاێ یوسف)، مەزڵوم نورەدین گولو و محەمەد مەحمود گولو کە لە ٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری قامیشلۆ لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەهیدبوون، زیاتر بە رۆژنامەنووسی شەهید سەید ئەڤران ئاشنا بووە و وتی، "ئەو هەموو رۆژێک لەگەڵمان بووە. بۆ یەک رۆژیش جێینەهێشتین. ئەگەر کارێکی هەبوایە دەچوو ئەنجامی دەدا و دەهاتەوە. لە ناخۆشترین رۆژەکانماندا بە تەنیا جێینەهێشتین و ورەی بەرزدەکردینەوە. هەموو کات ئەومان نەدەبینی، بەڵام هەرکاتێک پێویستان پێی هەبوایە و کێشەیەکمان هەبوایە، لە تەنیشتمانەوە بوو. هاوڕێی رۆژی تەنگانە بوو. هەمووکات بە منی دەوت: "ئەم ئیرادە و هێزەی تۆ، ئەم هەڵوێستە شکۆمەندەی تۆ بۆ یەک رۆژیش نابێت بشکێت و لاواز بێت.

هەموو کات باسی لە کۆمەڵکوژیەکان دەکرد کە بەسەر گەلی کورددا هاتوون و خۆیشی برینی قووڵی ئەو کۆمەڵکوژیانەی هەڵگرتبوو. تەنانەت ئەگەر نەیدرکاندایە، توڕەیی بەرامبەر بە دوژمن لە کردار و هەڵسوکەوتەکانیەوە دەبینرا. هەوڵی دەدا مێژوو بە زیندوویی رابگرێت. شایەت و گەواهیدەری دەیان کۆمەڵکوژی و هێرشی قڕکاری بوو، ئەمەش وایکردبوو ببێتە کەسێکی شارەزای مێژوو. کەسایەتیەکی بە پرەنسیپی هەبوو. هێزی بە هەڤاڵانی دەبەخشی. پشتیوانی هەڤاڵان و گەلەکەی بوو. هێزمان لێوەردەگرت. بەتەنیا جێی نەهێشتین. هاوبەشتی کۆست و ئازارەکانمان بوو. هاوڕێیەکی راستگۆ و راستەقینەبوو. جێگەی لە دڵماندا کردبووەوە. لەبیرکردنی هەڤاڵ سەید ئەستەمە. چوومە سەر گڵکۆکەی و بەڵێنمدا کە تێکۆشانی ئەو بگەیەنینە ئاکام".