تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیانێکی ماددی و مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کردووە. بە فڕۆکەی بۆمب هەڵگر ناوەندە ئابووری، خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان، کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا دەکرد و لە چوارچێوەی پاراستنی یاساییدا کاریان دەکرد کرانە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ١٠ کەس شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی ٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەهۆی بۆردومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ناوەندی ئۆکسجینی سەنتەری شۆردنی گورچیلە لە شاری قامیشلۆ کرایە ئامانج. ناوەندەکە لە ساڵی ٢٠٢١ کرابووەوە، ٦ ئامێری شۆردنی گورچیلە و ٢٤ کارمەندی تەندروستی هەبوو، ڕۆژانە چارەسەری بۆ ٧٠ نەخۆش دەکرد.

لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا بەشێکی گرنگی ئەم ناوەندە زیانیان بەرکەوت، کە بووە هۆی ئەوەی هەموو ئامێرەکانی شوشتنی گورچیلە لە کار بکەون. هەر بۆیە نەخۆشێک بە ناوی ئەحمەد عەبدولڕەحمان خدر ٦٥ ساڵ، کە زیاتر لە ٢ ساڵە لە سەنتەری دیالیز لە شاری قامیشلۆ چارەسەری بۆ دەکرا، گیانی لەدەستدا.

وێستگەی ناوەندی ئۆکسجین لە تەنیشت سەنتەری دیالیز کە ٢ مانگ پێش ئێستا لە جزیر کرایەوە، ئۆکسجینی بۆ دەیان نەخۆشخانەی مەدەنی، حکوومی و زۆربەی بنکە تەندروستییەکان هەرێم داەبین دەکرد، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە تەواوی زیانی پێگەیشت و وێران کرا.

بەڕێوەبەری سەنتەری دیالیز، ڕاف عەباس، پەیوەندیدار بە هێرشەکانەوە ڕایگەیاند:"دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوونی کورد قبوڵ ناکات و بەردەوام هەوڵدەدات بە ئامانجکردنی ناوەندەکانمان و بەکارهێنانی شێوازی جیاواز ناوی کورد بسڕێتەوە".

چاپخانەی سیماڤ لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە شاری قامیشلۆ لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە بۆردومان کرا. چاپخانەی سیماڤ ساڵی ٢٠١٣ کرایەوە، هەفتانە شەش هەزار ڕۆژنامەی چاپ دەکرد. بۆردومانکردنی چاپخانەکە زیانێکی زۆری مرۆیی و ماددی لێکەوتەوە. لە ئەنجامدا ١٠ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.