تەرمی ٢ شەڕڤانی قەسەدە بەخاکسپێردران

بە ئامادەبوونی سەدان دانیشتووی ناوچەی شەداد، تەرمی دوو شەڕڤانی قەسەدە بە خاکسپێردران، کە لە ئۆپەراسیۆنی 'چەسپاندنی ئاسایش'دا شەهید بوون.

لە مەراسیمێک بە ئامادەبوونی دانیشتوانی ناوچەی شەداد، بنەماڵەی شەهیدان، ئەندامانی دامودەزگا و بەڕێوەبەرایەتییە مەدەنییەکان و شەڕڤانانی قەسەدە، تەرمی هەر یەک لە ئەحمەد مەتەر عەبدوڵا (شڤان) و حسێن عەلی علێوی (ئەحمەد)، شەڕڤانانی قەسەدە، کە لە ئۆپەراسیۆنی 'چەسپاندنی ئاسایش'دا شەهید بوون، لە گۆڕستانی شەهیدانی ناوچەکە بەخاکسپێردران.

لە میانی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی 'چەسپاندنی ئاسایش' لە لایەن هێزەکانی قەسەدەوە، ڕۆژی ٢٧ی ئاب، ئەحمەد مەتەڕ عەبدوڵا و ڕۆژی ٢٩ی ئاب حسێن عەلی علێوی لە دێرەزۆر شەهید بوون.

لە مەراسیمەکەدا، عەبدولمەجید عەتیە، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شەداد، یادی شەهیدانی ئازادیی کردەوە و وتی: "هەردوو شەهید ئەحمەد و حسێن بوونە هێمای شکۆمەندی و هەروەها بۆ نەوەکانی داهاتووش دەبنە ڕووناکی ڕێگەی ڕاستی و ئازادی."

لای خۆیەوە عەودە حسێن، یەکێک لە فەرماندەکانی ئەنجومەنی سەربازی شەداد وتی: سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو دوو شەهیدە دەکەین، کە گیانیان لە پێناو پاراستنی ئەم خاکە پیرۆزە بەخشی.

دوای وتارەکان، زەهرا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵی شەهیدان، بەڵگەنامەی شەهیدبوونی هەر دوو شەڕڤانەکەی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرد.

تەرمی ئەو دوو شەهیدە بە دروشمی "شەهید نامرن" و هەلهەلەی دایکان بەخاک سپێردرا.

ژ.ن