تەرمی ٢ شەڕڤانی قەسەدە لە کۆبانێ بەخاکسپێردرا

تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە حەنیف کۆبانێ و مستەفا تەربووش کە بەهۆی نەخۆشی سەختەوە شەهیدبوون، لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەخاکسپێردران.

تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە حەنیف کۆبانێ (حەنیف ئەحمەد نەبی) و مستەفا تەربووش (مستەفا ئیبراهیم تەربووش) کە ٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەهۆی نەخۆشی سەختەوە شەهیدبوون، لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەخاکسپێردران. سەدان دانیشتووی کانتۆنی فورات و ئەندامی ڕێکخراو و دامەزراوەکان بەشداربوون.

وتەبێژی دەسپێشخەریی سوریا بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان لە کانتۆنی فورات، عایشە ئەفەندی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و تیشکی خستەسەر تێکۆشانی شەهیدان، ڕایگەیاند هەردوو شەهید بۆ ئازادیی خۆیان و گەلەکەیان بەرخۆدانیان کرد، گوتی: "دەبێت خاوەنداری لە تێکۆشانیان بکەین و شوێنکەوتەی ئەوان بین".

کچی شەهید حەنیف، دیجلە ئەحمەد کە ئەندامی فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)ـەیە، ڕایگەیاند بە شەهیدەکانمان سەربەرزین و خاوەنداری لە میراتیان دەکەین و شوێنکەوتەیان دەبین، وە تێکۆشانەکەیان دەگەیەنین بە سەرکەوتن.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی کۆبانێ، مەحمود مەحمود ڕایگەیاند تا سەرکەوتن درێژە بە بەرخۆدان و تێکۆشان دەدەن، گوتی: "شوێنکەوتەی شەهیدان دەبین و ئاڵای سەرکەوتن بەرزدەکەینەوە، خەون و خەیاڵی شەهیدەکانمان بەدی دەهێنین".

پاشان ناسنامەی هەردوو شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

تەرمی هەردوو شەهید بە هەلهەلە و درووشمی "شەهید نامرن" بەخاکسپێردرا.