تەڤ-دەم لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی کرد

ئەنجوومەنی ڕاگەیاندنی تەڤ-دەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانی بە توندی شەرمەزار کرد و گوتی: "ئەمە جارێکی دیکە ترسی دەوڵەتی تورک لە ڕاگەیاندنی ئازاد، نیشان دەدات".

ئەنجوومەنی ڕاگەیاندنی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەنجوومەنی ڕاگەیاندنی تەڤ-دەم تیشکی خستەسەر تاوان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دووپاتی کردەوە کە ڕۆژنامەنووسانی هەرێمەکە گەواهیدەری تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیستن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "ڕۆژنامەنووسان بە کامێرا و ڕاپۆرتەکانیان درۆ و بانگەشەکانی شەڕی دەروونی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەخەنە ڕوو.  هەروەها ڕۆژنامەنووسان بەرخۆدانی ئەفسوناوی قەسەدە و ئیرادەی بەهێزی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گرێدراوی گەل بە دەستکەوتەکانیەوە ڕادەگەیەنن. لەبەر ئەمەش دەبنە ئامانجی دەوڵەتی فاشیست کە تەواوی یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات".

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا وەبیر هێنراوەتەوە کە لە دەستپێکی شەڕ لە بەنداوی شەهیدان (تشرین) چەندین ڕۆژنامەنووس بوون بە ئامانجی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گوترا: "ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان لەسەر ڕێگەی بەنداوی تشرین و شاری سرینی کۆبانێ لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهید بوون. دوێنێ لە (١٥ی شوباتی ٢٠٢٥) ڕۆژنامەنووسی شاری عەفرینی داگیرکراو عەگید ڕۆژ لە بەنداوی بەرخۆدان ( بەنداوی تشرین) لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە شەهید کرا. ئەمە جارێکی دیکە ترسی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە ڕاگەیاندنی ئازاد کە دڕندەی ئەو ئاشکرا دەکات، نیشان دەدات".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەڵێنی شوێنکەوتنی هێڵی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد درا و بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان لە بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەرمەزار کرا. ئاماژە بەوە کرا کە بێدەنگی زیاتر دەوڵەتی تورک هانا دەدات بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بکات.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە دامەزراوە یاسایی، مرۆیی و نەتەوەیەکگرتووەکان کرا کە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکە و بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان کۆمیتەیەکی سەربەخۆ دابمەزرێنن.