وتەبێژی یەپەژە: باپێکەوە بەرەنگاری بکەین

روکسەن محەمەد وتەبێژی یەپەژە رایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە هۆی خۆڕانەگرتن لەبەرانبەر شۆڕشی ژنانە و داوای کرد لەسەر بنەمای شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پێکەوە بەرەنگاری داگیرکەری ببنەوە.

روکسەن محەمەد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بە دڕندەیی لەقەڵەمدا و رایگەیاند، هێرشەکە لەدژی هێڵی نەتەوەی دیموکراتیکە و قڕکردن بەسەر گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکەدا دەسەپێندرێت.

روکسەن محەمەد وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی هەواڵێ فورات (ANF) قسەی کرد.

'بێدەنگی بە واتای هاوکاریکردن دێت'

روکسەن محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، شەڕڤانان و گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، جیهان و مرۆڤایەتیان لە تیرۆری داعش رزگار کرد و نارەزایی بەرانبەر بێدەنگی نێونەتەوەیی نیشاندا و وتی، " لەدژی تیرۆری داعش، گەلان و شەڕڤانان بە بەرخۆدانیەکی بێوێنەیان کرد و مرۆڤایەتی و جیهانیان لە تیرۆر پاراست و رزگاریان کردن. ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. لە بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگی دەوڵەتانی جیهان بەردەوامە. بێدەنگی بە واتای هاوکاریکردن و قبوڵکردنی هێرشەکان دێت."

روکسەن محەمەد دەشڵێت، هێرشەکان نیشانەی سیاسەتی رەتکردنەوە و لەناوبردنی دەوڵەتی تورکە و وتی، " تەکنیک و تەکنەلۆژیای جیهانی لەبەرانبەر گەلانی هەرێمەکە بەکار دەهێندرێت. ئەمەش دەلالەت، لەوە دەکات کە ناتوانێت خۆی لەبەرانبەر شۆڕشی رۆژئاوا و شۆڕشی ژنان رابگرێت."

' بەیەک دەنگ و یەک مستەکۆڵە بڕژێینە نێو گۆڕەپانەکان'

روکسەن محەمەد بانگەوازی لە گەلانی هەرێمەکە، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و دۆستەکانی گەلی کورد کرد، کە پێویستە هەموو کەسێک هەستێتە سەرپێ. بە تایبەتی ژنان و گەنجان پیویستە وڵامی پێویستیان لەدژی هێرشەکان هەبێت. بۆ پاراستنی بەهاکانی شۆڕشی رۆژئاوا پێویستە بە یەک دەنگ و یەک مستەکۆڵە بڕژێینە نێو گۆڕەپانەکان.

وتەبێژی یەپەژە راشێگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ چۆڵکردنی هەرێمەکە و ترساندنی هاوڵاتیان هێرشەکان ئەنجام دەدات و دەیەوێت دەستکەوتی ژنان لەناوببات و پێویستە بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی تۆڵەی لێبکرێتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا روکسەن محەمەد وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکان هەرچەندێک فراوانیش بن، بەڵام دەستکەوتی گەلانی هەرێمەکە و ژنان دەپارێزن و وتی، "ئەم بەرخۆدانە پاراستنی بەهاکانی گەلە. تێکۆشانمان بۆ دابینکردنی ئاسایشی جیهانە."

ف.ق