بەشی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکە بەیاننامەیەکی بلاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
"دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر گەلەکەمان، ناوەندە ستراتیژییەکان، ژێرخانی ناوچەکە و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری بۆردومان دەکات. دوانیوەڕۆی دوێنێ، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر جارێکی تر زۆرێک لە ناوەندەکانی خەڵکی مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی بۆردومان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجامی هێرشەکان بەم شێوەیەیە:
"١٨ هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبهەڵگر.
٢٠ هێرش بە چەکی قورس.
لە هێرشەکاندا ئەو ٦ ناوەندەی کە بۆردومان کراون بریتین لە کارگە، کۆمپانیاکانی بیناسازی، وێستگەیەکی شەمەندەفەر و کۆگاکانی دانەوێڵە.
٢ مالی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆردومان کراون.
لە کانتۆنی جزیرێ و شاری کۆبانیدا ١٠ خاڵی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆردومان کران.
لە کانتۆنی جزیرێ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ١١ شوێنی بۆردومان کردووە، لەو هێرشانەدا خاڵی پشکنینی باکوری قامیشلۆ، کارگەی جودی، دەورووبەری کۆگاکانی دانەوێڵە، ڕۆژئاوای ناوچەی گرکێلەگێ، کۆگاکانی دانەوێڵەی ناوچەی عامودێ، گوندی تەویلەی ڕۆژئاوای ناوچەی تل تەمر، وێستگەی شەمەندەفەری قامیشلۆ، نەخۆشخانەی کۆڤید-١٩ (کۆرۆنا)ی قامیشلۆ، ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی حەکیم حاجی بەکر لە ناوچەی دربەسپی، ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی ئەشرەف ئەلکیا لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی دربەسپی، کۆمپانیای بیناسازی لە قامیشلۆ و گەڕەکی ئەلەی قامیشلۆ بۆردومان کران.
لە کۆبانی دەولەتی تورکی داگیرکەر ٦ هێرشی ئاسمانی و لە ناوچەی شەهبای ڕۆژهەڵاتی عەفرین ١٩ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە و لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی ماددی گەورە بەر ناوچەکە کەوتووە. هەروەها لەو هێرشانەدا ٨ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و بە دەیان کەسیش بریندارن. لەو هەرێمانەی کە هێرشەکان ئەنجام دراون هێزە ناونەتەوەییەکان و هیزەکانی سوریا چالاکن، بەڵام لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بە تایبەتی هێزە ناونەتەوەییەکان و ڕوسیا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.