یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی بەڕێوەدەچێت

لەژێر دروشمی “ژنانی ئەرمەنیی دژی تووندوتیژیی و نادادپەروەرین”، یەكێتی ژنانی ئەرمەنیی دوای ١٠٧ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جینۆسایدی ئەرمەنییەكان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆی ڕێكخست و یەكەمین كۆنگرەی خۆی سازكرد.

لە مێژوودا یەكەمجارە كە یەكێتی ژنانی ئەرمەنیی دوای كۆمەڵكوژیی ١٠٧ ساڵ بەر لەئێستا خۆیان لە سووریا ڕێكبخەن، ئەمڕۆ لە گەڕەكی حەجەری شاری حەسەكە یەكەم كۆنگرەی خۆیان بە بەشداریی ١٥٠ ئەندام ئەنجام دا.

لە كۆنگرەكەدا هەر یەك كۆنگرا ستار، یەكێتی ژنانی سوریان، كەتیبەی سەربازی شەهید نوبار، ئەنجومەنی ژنانی سوریا، پارتی یەكێتی دیموكراتیك -پەیەدە، پارتی سوریای پێشەڕۆژ و ئەندام و بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخراوە كۆمەڵایەتییە مەدەنییەكان ئامادەبوون.

كۆنگرەكە لەسەر ناوی تێكۆشەر سلاڤا كابوتیكیان بە خولەكێك ڕێزگرتن دەستیپێكرد و دواتر کورتە فیلمێك دەربارەی كاری ژنان و ڕۆڵیان لە پەروەردەكردنی ژنانی ئەرمەنی نمایش كرا.

لای خۆیەوە لۆسناك كاڤۆرییان، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمەڵگەی ئەرمەنی ڕایگەیاند، “ژنانی ئەرمەنیی ئیرادەیەكی بەهێزیان لە دژی پلانی جینۆساید و كۆمەڵكوژیی هەیە” و وتی: كۆمەڵكوژیی ساڵی ١٩١٥ ئازارێكی گەورەیە لە مێژوودا بۆ كۆمەڵگەی ئەرمەنیی، ئامانجی دەوڵەتی عوسمانیی قڕكردنی گەلی ئەرمەنستان و تێكدانی مێژوو و كەلتووری بوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “ئەم سیاسەتە ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە بەردەوامە، بەڵام ئەمڕۆ ژنانی ئەرمەنیی لە ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەرییدا دژی هەموو پلانەكانی جینۆساید خۆیان ڕێكخستووە و یەكڕیزیی خۆیان پێكهێناوە و ئەمەش وەڵامێكە بۆ پیلانە گڵاوەكانی دەوڵەتەكان”.

لە ئێستادا یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی ژنانی ئەرمەنیی بەردەوامە.

ف.ق