لە ١ی نیسانی ٢٠٢٥دا لە نێوان ئەنجومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکەکە و دەسەڵاتی دیمەشقدا ڕێکەوتنێک واژۆ کرا. ڕێککەوتنەکە لە ١٤ خاڵی سەرەکی پێکهاتووە. بەپێی ماددەی ١٢ی ڕێککەوتنەکە، دەبێت هەردوولا زیندانەکان چۆڵ بکەن و دیلەکان بگۆڕنەوە.
سەرچاوەکانی ئەنجوومەنی گشتی ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ پرۆسەی گۆڕێنەوە دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی لە ٢٨ی ئایاردا ڕێگری لێکرا، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی دیمەشق ڕەتیانکردەوە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ئازادبکەن.
دوێنێ لە دیمەشق کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ئەنجام درا. یەکێک لە بابەتەکانی کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە هەردوو گەرەکی ئەشرەفیە و شیخ مەقسود و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاراکردنەوەی دۆسیەی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود کراوە، بە شێوەیەک چارەسەربکرێت و ببێتە هۆکاری خزمەتی سەقامگیری هەردوو گەرەکەکە.
ژمارەی دیلەکانی هەردوولا نزیکەی ٤٦٦ کەسە، لەو ژمارەیە ٢٩٠ کەسیان شەڕڤان و مەدەنین لە ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و ١٧٦ کەسیش ئەندامی گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقن.
قۆناغی یەکەمی گۆڕینەوە دیلەکان لە ٣ی نیساندا دوو ڕۆژ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان فەرماندەی گشتی هێزەکانی قەسەدە و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتی سووریا ئەنجام درا. لەو قۆناغەدا ١٤٦ دیل کە زۆرینەیان مەدەنین و ٩٧ ئەندامی گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق کە زۆرینەیان چەتەکانی "سوپای نیشتمانی" دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بوون، ئازاد کران.