ئۆپەراسیۆنەکەی هەسەدە: ٣ چەتە کوژران

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەی هەسەدە بە ناوی "پتەوکردنی ئاسایش"، گوندی دەحلە و بەشێک لە شارۆچکەی بەسیرە کێوماڵکران و ٣ چەتەی تر کوژران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی دەربارەی ئۆپەراسیۆنی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" دوێنێ شەو و ئەم بەیانییە چەند چەتەیەکی کردە ئامانج کە لە بەرەی ڕۆژئاوای فورات لەژێردەستی هێزەکانی ڕژێمی و تاوانبارانەوە هاتنە هەرێمەکانی جەدیدە بەکارە و جەدیدە عەگیدات، هێزەکان لە گوندەکانی شحێل و زیبان لەگەڵ چەتەکان کەوتنە شەڕەوە، پاش ئەوەی چەتەکان دەستیان دایە ترساندنی دانیشتووان و وێرانکردن و تاڵانکردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بە توندتر بەردەوام دەبێت.

ئەم بەیانییە هێزەکان گوندی دەحلە و بەشێک لە شارۆچکەی بەسیرەیان کێوماڵکرد، سێ چەتەی سەر بە "نەواف ئەلبەشیر" کە دزەیان کردبووە هەرێمەکە کوژران، ڕاونانی ئەو چەتانە بەردەوامە کە هێرش دەکەنە سەر ناوچە مەدەنییەکان و ماڵەکان بەکاردەهێنن بۆ خۆشاردنەوە لەپێناو ئاستەنگکردنی هەڵمەتە ئەمنییەکە و دواخستنی ئەنجامەکانی هەڵمەتەکە. 

هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" لە دەیرەزۆر دووپاتی دەکەنەوە بەردەوامن لە پاککردنەوەی هەرێمەکە لە چەتەکان و شانە تیرۆریستییەکانی داعش، تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکان جەخت دەکەنەوە لە بەئامانجگرتنی چەتەکان، ناهێڵن هەرێمەکە ببێتە گۆڕەپانی تاوانکارییەکانیان و ڕێگری دەکەن لەوەی زیان بە خەڵکی سڤیل بگات، هەروەها هێزەکان دووپاتی دەکەنەوە، لەو چەتانە خۆشنابن کە ئاسایش و ئارامی تێکدەدەن، ئامرازە سەربازییە ڕەواکان بەکاردەهێنن بۆ لەناوبردنیان.

هاوکات، لە مەنبەج، چەند دەستەیەک لە چەتەکانی داگیرکەری تورک هێرشیان کردە سەر گوندی ئەلمەحسنلی، هێزەکانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکە بوونەوە، پاش پێکدادان و کوشتنی ژمارەیەک چەتە، ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ کرا".