ئەو کۆمەڵە چەکدارانەی دەیانویست بگەنە زیبان، لەلایەن قەسەدەوە گەمارۆدراون

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە ڕایگەیاند، دوو کۆمەڵەی چەکداری سەر بە حکومەتی دیمەشقی گەمارۆداوە کە هەوڵیانداوە بگەنە ناوچەی زیبانی دەیرەزۆر.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ڕایگەیاند، دوو کۆمەڵەی چەکداری سەر بە حکومەتی دیمەشق هەوڵیانداوە بگەنە ناوچەی زیبانی ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر، لەلایەن هێزەکانیانەوە گەمارۆدراون.

درێژەی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"هێزەکانمان دوو کۆمەڵە چەکداری سەر بە دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی دیمەشقیان گەمارۆداوە. هەردوو کۆمەڵەکە لە شاری مەیادین لە ڕۆژئاوای چەمی فوراتەوە بەبێ ئەوەی بکرێنە ئامانج، گەیشتوونەتە ناوچەی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر.

هێزەکانمان ڕێکاری خێرایان گرتەبەر بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و سەلامەتی گەیشتنی هاوڵاتیانی سڤیلی بە ناوچە سەلامەتەکانی گوندەکانی دەوروبەر مسۆگەر کرد. هەروەها ڕێگەی نەدا بە چەتەکان خەڵکی سڤیل لە کردەوەی تیرۆریستی تێوەبگلێنن، تا ئەو کاتەی کۆمەڵە چەکدارەکان لەناو دەبەن یان ناچاریان دەکەن خۆیان ڕادەست بکەن.

لە شەڕەکەدا ژمارەیەک چەکدار کوژراون و ژمارەیەک بریندار بوون. کوژراو و برینداری چەکدارەکان گوزراونەتەوە بۆ هەرێمی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا. لە هێرشی هەڕەمەکیدا بە تۆپ و هاوەن کە لە هەرێمەکانی ڕژێم و لە ڕۆژئاوای فوراتەوە هاوێژرابوون، ژمارەیەک لە دانیشتووان بریندار بوون و زیان بە ماڵ و موڵکەکانیان گەیشت".