دوێنێ سوپای داگیرکەری تورک شارەکانی تل حەمیس، تل کۆچەر و عامودێ سەر بە کانتۆنی جزیرەی بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا ٤ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهید بوون و ١١ هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرى دیموکراتیکى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا ڕاگەیەندراوێکى سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە تاوانێکی تری دەوڵەتی داگیرکەری تورکە و درێژەدان بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و گەمارۆدانی هەرێمەکانە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئامانج لەم هێرشانە تێکشکاندنی ئیرادەی گەل و تێکۆشانی دیموکراسییە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بە چڕکردنەوەی هێرشەکان بە تایبەت لە کاتی ئەنجامدانی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دراوە و گوتراوە: "ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە پێکهاتەکانی هەرێمەکە و گەلەکەمان بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیموکراتیک بۆ پێشکەوتنی زیاتر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی دیموکراتیک دەکەن. ئەم هێرشە کارێکی بێ ئەخلاقی و هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کار و چالاکییەکانی جێبەجێکردنی دیموکراسی و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگا بۆ لە سوریا."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بە توندی هێرشەکان شەرمەزار کراوە و دەوترێت: "بە ئامانجی جێبەجێکردنی چاوەڕوانییەکانی گەل ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، هەموو ئەو تۆمەتانەی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان دەدرێت، تۆڵەسەندنەوەن و ئامانجیان ڕێگریکردنە لە هەڵبژاردنەکەن. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەڵبژاردنانە بۆمسۆگەر کردنی دیموکراسی ڕاستەقینە لە سوریا، هەنگاوێکی جدیین."
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا، داوا لە گەلانی هەرێمەکان کراوە کە هاودەنگی خۆیان لە دژ بە سیاسەتە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک پەرەپێبدەن و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.
لە کۆتاییدا ڕاگەیاندراوەکەدا سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرا و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان خوازراوە.