ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی دیمەشق لەبارەی کەمپی هۆلەوە گەیشتنە ڕێککەوتن

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش دەربارەی کەمپی هۆل ڕێککەوتن.

سەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شێخمووس ئەحمەد ڕایگەیاند لە کەمپی هۆل، شاندێکی دەسەڵاتی دیمەشق، شاندێکی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش ڕێککەوتوون بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی دەرکردن و بنەماڵە سورییەکان لە کەمپەکە و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر کەمپەکە.

ئەحمەد ڕایگەیاند، هەرکەس بیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هاوکاری دەکات و ئەولەوییەت دۆسیە مرۆییەکانە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئیعتیبارە سیاسییەکان.

کەمپی هۆل وەک یەکێک لە مەترسیدارترین کەمپەکانی جیهان دەناسرێت. لە کەمپەکەدا، بەتایبەت خێزانی ئەندامانی داعش هەیە. ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەمپەکە و باشکردنی ڕەوشی مرۆیی هەرێمەکە.