ئیدارەی سڤیلی دیموکراتیکی مەنبەج پەیوەست بە هێرشە داگیرکارییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ئیدارەی سڤیلی دیموکراتیکی مەنبەج پەیوەست بە هێرشەکانی داگیرکەری تورک، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "تا سەرکەوتن و ڕزگارکردنی هەرێمە داگیرکراوەکان، درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەین".

ئیدارەی سڤیلی دیموکراتیکی مەنبەج پەیوەست بە هێرشەکانی سەر مەنبەج بە بەشداری شێخ و ڕیش‌سپیانی عەشیرەت و نوێنەری پارتە سیاسییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕێکخەری مەجلیسی شاری مەنبەج و گوندەکانی، عەبدولباست ئەلشوێخ، لەبەردەم بارەگای ئیدارەکە ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ماوەی ٢ ڕۆژە هێرش دەکرێتە سەر دانیشتوانی هەرێمەکە و دەڵێت: "ئامانج لەو هێرشانە کوشتن و کۆچبەرکردن و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە. ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاند. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە بانگەوازی ئاشتی دەکات و بانگەوازی ئاشتی لە هەموو جیهان دەکات".

درێژەی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە: "بە یەکگرتوویی بەرامبەر هێرشی کۆمەڵە چەکدارەکانی سەر ڕژێمی فاشیستی تورک دەوەستین. بانگەواز لە هێزە ئاشتیخوازەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین کۆتایی بەو تاوانانە بهێنن. بیرتان دەخەینەوە کە ئیدارەی هەموو دەوڵەتە باڵادەستەکانی هەرێمەکە بەرپرسیارن لەو زیادەڕەوییانە. تا گەیشتن بە سەرکەوتن و ڕزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکان، درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەین".