ژنانی کانتۆنی فورات: متمانەمان بە هێزی خۆمان هەیە؛ داگیرکەری تێکدەشکێنین

ژنانی کانتۆنی فورات رایانگەیاند، کە دەبێت دەوڵەتی تورک باش بزانێت کە ئێمە کوردی پێشوو نین، ئێمە هەین و بە هێزی خۆمانەوە کۆتایی بە داگیرکەری دەهێنین.

دەوڵەتی تورک ماوەیەکە بێ پسانەوە هێرش دەکاتە سەر سەراسەری ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، خۆی لە خۆیدا هێرشەکان لە سەرەتای شۆڕشی رۆژئاواوە بۆ سەر دەستکەوتەکان شۆڕش بەردەوامن. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە چەندین دەمامکی جیاجیاوە هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. سەرەتا لە بەرگی داعشدا هێرشی کردە سەر کۆبانێ و بووە یەکەم تێکشکانیان؛ ئێستاش راستەخۆ بە روخساری خۆی و چەتەکانی بە ناوی سوپای نەتەوەیی سوریا هێرش دەکات. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەشدا قەسەدە و یەپەژە بەرخودانێکی مێژوویی دەکەن. سەبارەت بەوە ژنانی کانتۆنی فورات قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

جەمیلە شەهین دایکی شەهید عەگید ئەوەی خستەڕوو کە بە هەزاران کۆمەڵکوژییان بەسەر ئێمەدا هێناوە، بە هەزاران کەس لە گەلەکەمان بە کۆمەڵکوژیدا تێپەڕبوون، ئێستاش دەڵێین کە ئێمە لێرەین، ئێمە چیتر کۆتاییمان پێنایات و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "کچان و کوڕانمان لەپێناو ئازادیدا خۆڕاگری دەکەن. ئێمە لەو پێناوەدا و بۆ ئازادی جگەر و گیانی خۆشمان دەبەخشین. تەنانەت جگەری خۆشمان بەخشی، بەڵام پەشیمان نین. بانگەوازمان بۆ هاوڕێیانی عەگید ئەوەیە کە دەبێت بکەونەخۆ، ئەوانیش عەگیدن، سڵاو لە بەرخودانی قەسەدە دەکەم، ئێمە هەبووین و دەبین".

فاتمە محەمەد عیسا دایکی شەهید مورادیش باسی لەوەکرد کە قەسەدە و یەپەژە هێزی ئەوانن و وتی، "دەبێت ئێمە وەک دایکانی شەهیدان هەڵسینە سەر پێ، لە بەرامبەر تاڵانکاری و کاولکاریدا بوەستینەوە، ئێمە ئەو تاڵان و چەتەییە قەبوڵ ناکەین. دەوڵەتی تورک و چەتەکانی نازانن کە دەبێت چی بکەن، هەربۆیە تاڵان و چەتەیی دەکەن. بەڵام دواجار بە هێزی قەسەدە لەناودەچن. چەتەکانی دەوڵەتی تورک بەهۆی بەرخودانی قەسەدە و یەپەژەوە هەڵدێن".

وتەبێژی ژنانی چەلەبیە ئەمینە مستەفاش وتی، کە تەنیا مەگەر بە خەیاڵ کۆبانێ داگیربکەن و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "ئێمە هەزارانین و ئێمە پشتی هێزەکانمان دەگرین؛ ئەوەتا بە شەو و بە رۆژ گەلەکەمان لە ئامادەباشیدایە، لە گۆڕەپانەکاندایە و ئەرکی پارێزگاری لە وڵاتەکەی بەجێدەگەیەنێت. دەتوانین بە بێ هەموو شتێک بین، بەڵام ناتوانین بێ خاک بین. کۆبانێ وەک ئێسکێک لە قوڕگیان دەگیرێت. وەک چۆن بەشار رووخا، دەوڵەتی تورکیش دەڕوخێت؛ ئێمە لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ پشتی هێزەکانمان دەگرین. بۆچی کەس ناپرسێت کە ئەو چەتانەی داعش لە کوێوە دێن؟ ئێمە تا کۆتایی خۆڕاگری دەکەین، گەڕانەوە و پاشەکشێ بوونی نییە، یا سەرکەوتن یا سەرکەوتن".