ژنانی شەهبا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد شەرمەزار دەکەن

ژنانی شەهبا دووپاتی دەکەنەوە، هەمیشە لەسەر فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبن و تێکۆشانی بەردەوام دەکەن بۆ ئازادیی جەستەیی.

ژنانی هەرێمی شەهبا بە هەموو پێکهاتەکانەوە لە دژی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییان ڕێکخست. ژنانی شەهبا دووپاتیان کردەوە، فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئەوان دەسپێکێکی نوێ بووە و ڕایانگەیاند کە تا گەیشتن بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە تێکۆشان و بەرخۆدان دەدەن.

ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی مەجلیسی فافین، زەهرا کەلۆ، گوتی: "ئێمە وەک ژنانی شەهبا، لە دەسپێکی ڕزگارکردنی هەرێمی شەهبا لە تاریکی داعشەوە پەیڕەوی لە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی فکر و فەلسەفەی خۆیەوە مافی ژنان دەپارێزێت و بە شێوەیەکی هاوبەش لە هەموو بوارێکدا بوونی ژن شانبەشانی پیاوان بەرەوپێش دەبات. گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت و ڕێگە نادەن بنەماڵە و پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ چاویان پێ بکەوێت. زانیاری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ وەرناگیرێت. ڕەوش و تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ نادیارە. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە دەوڵەتی تورک لە ئیمراڵییدا لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەی دەبات و بەتایبەتی لەم دواییانەدا، دەوڵەتی تورک یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات. ئێمە وەک ژنانی شەهبا بە هەموو پێکهاتەکانەوە گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەر ئاپۆ شەرمەزار دەکەین. تا نەگەینە ئامانجەکەمان، درێژە بە تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەدەین. پێمان وایە ئاڵۆزییەکانی سوریا و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی، بە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەبێت".

ئەندامی کۆمیتەی کاروباری جڤاکی فافین، یاسەمین موسلیم، گوتی: " دەڵێین بەسە ئەم گۆشەگیرییە توندەی سەر ڕێبەر ئاپۆ. دەبێت گۆشەگیری هەڵوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی ئازاد بکرێت و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی بهێنرێت. هەر لەپێشترەوە ئەو زیهنیەتەی کە دەبێ ژن لە ماڵەوە بمێنێتەوە لە مێشکی جڤاکدا چەسپاوە و تا ئەو سەردەمەی داعش هاتە هەرێمی شەهبا، ژنان ڕووبەڕووی زۆرترین ئەشکەنجە و چەوساندنەوە بوون. هەموو شتێک لەسەر ژنان قەدەغە بوو. بەڵام دوای ئازادکردنی هەرێمی شەهبا، ئەم بۆچوونە بە یەکجار گۆڕا. ئەمەش لە سایەی فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕوویدا. فیکری ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە بوو بە ڕووناکی و هیوایەکی نوێی بۆ ئێمە دروست کرد. ئەمڕۆ ژنانی شەهبا، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، شانبەشانی پیاوان بە شێوەیەکی یەکسان لە هەموو بەشەکانی ژیاندا خەبات دەکەن. هەر بەو هۆیەشەوە ئێمە گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەین، دەوڵەتە نێونەتەوەییەکان دەبێ ئێستا چاویان بکەنەوە و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت".

پاشان ئەندامی بەڕێوەبەری ژنانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، مەنال شێخۆ، گوتی:"ئەو گۆشەگیرییەی کە دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا دەیسەپێنن، ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی فیکری خۆی و بەتایبەتی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک مافی هەموو گەلان و بەتایبەت مافی ژنانی دەستنیشان کرد. بۆ ئەوەش ئێمە وەک خەڵکی شەهبا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەڵێین، باوەڕمان بە فیکری ڕێبەرمان هەیە، ڕێبەر ئاپۆ لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا گرنگترین ڕۆڵی بە ژنان بەخشی. لەسەر ئەم بناغەیە، ئێمه وه ک ژن بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆمان ناوەستێنین. تا دەگەینە ئامانجی وڵاتێکی ئازاد و ڕێبەری ئازاد، تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین".