ئیبیشیم: ژنان لە شەهباش بە رێکخستنکراون

لەیلا ئیبیشیم ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى ستار لە کامپى بەرخودان رایگەیاند، ژنانی عەفرین لە شەهبا لە ماوەیەکى کەمدا خۆیان بەرێکخستن کردووە و خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەن.

دواى ئەوەى سوپاى تورک و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکرد دانیشتوانى عەفرین ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ شەهبا. ژنانى عەفرین لە کامپ و گوندەکانى شەهبا درێژە بە بەرخودانى خۆیان دەدەن.

لەیلا ئیبیشیم ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى ستار لە کامپی بەرخودان لەبارەى بەرخودانى ژنانى عەفرین لە شەهبا و کامپەکاندا وتی، لەبەر ئەوەى بەرێکخستنبوونێکى بەهێزیان هەیە وەک هەزارانى ژنى تر لە سوریا پەرتەوازە نەبوون. ژنان لە سوریا کە لە کامپەکاندا دەمێننەوە کردەوەى خراپی جۆراجۆر و تەنانەت بازرگانییان پێوەدەکرێت.

 

ئیبیشیم لەبارەى دۆخی ژنانى رۆژئاواوە وتیشی "ژنانى رۆژئاوا لە دۆخێکى زۆر جیاوازدان. ژنانى رۆژئاوا بەرێکخستنکراون. راستیى خۆیان دەناسن و هۆشیارن و لە هێزى خۆیان ئاگاداران. بیگومان لە سایەى فەلسەفەى رێبەر ئاپۆ خۆیان بەم ئاستە گەیاندووە. ئێمە خۆمان بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بەهێز کردووە. ئەو فەلسەفەیە نیشانی داین، کە ئێمە چۆن دەتوانین خۆمان بە رێکخستن بکەین. ئێمەى فێری ئەوەکرد تاوەکو ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت. ژنانى رۆژئاوا بە گوێرەی پێوەری "ئازادیى ژن، ئازادیى کۆمەڵگەیە" دەجوڵێنەوە و خۆیان بە رێکخستن کردووە".

"ژنانى عەفرین لەسەر پێ و ئامادە و خۆڕاگرن"

ئیبیشیم ژنانى عەفرینی بە نمونە نیشاندا و وتى "ئێمە لە عەفرین کۆچمان کرد و هاتین بۆ ئێرە. ئەگەر خۆبەرێکخستنکردنى بەهێزمان نەبوایە، وەک هەزاران ژنى تر لە سوریا پەرتەوازە دەبووین و هیچمان لێنەدەمایەوە. یەکێتى و بەرێکخستنبوونمان وای لە ئێمە کردووە، کە سەرلەنوێ خۆمان رێکبخەینەوە و لە دەوری یەک کۆبینەوە. ئێمە خۆمان پاراست. ئەگەر ژنانى رۆژئاوا تێکنەشکێنراون و پەرتەوازە نەبوون، ئەوە بە سایەى گەورەیى فەلسەفەکەى رێبە ئاپۆوەیە. ژنانى عەفرین لەسەر پێن و ئامادە و خۆڕاگرن. لە بەرخودانى عەفرین دا ئەوانەى تاوەکو دوا هەناسە خۆڕاگرییان کرد و خۆبەدەستەوەدانیان قبوڵ نەکرد ژنان بوون".

"هاتنەدەرەوە لە عەفرین ئاسان نەبوو"

ئیبیشیم وتشی "هاتنەدەرەوە لە عەفرین ئاسان نەبوو. ئەو ئازارە لە چاوی هەموو ژن و منداڵێکى عەفریندا دەبینرا. کاتێک مرۆڤ سەیری رابردوو دەکات ئەوە دەبینێت، کە خاکی مرۆڤ، شاری مرۆڤ تاڵان دەکرێت. وا هەست دەکەین خاکەکەمان بانگمان دەکات. هاتنەدەرەوە لەوێ زۆر قورس بوو".

"ژنان لە شەهباش رانەوەستان"

ئیبیشیم راشیگەیاند، کاتێک گەیشتوونەتە شەهبا، یەکەم کار کردوویانە ئەوەبووە، کە خۆیان کۆکردووەتەوە و خۆیان بە رێکخستن کردووە و یەکسەر سیستمى خۆیان دامەزراندووە.

ئیبیشیم ئەوەشی راگەیاند "بەرێکخستنکردنى ژنان، پاراستنى ژنان هەر وەک ئەوەى لە عەفرین هەبوو لە شەهبا درێژەمان پێدا، چونکە کاتێک تۆ توانیت ژن بپارێزێت ئەو کاتە دەتوانیت هەموو کۆمەڵگە بپارێزیت. بێگومان ژنان ئازاری زۆریان کێشاوە. هەر ژنێک کە ئازاری کێشابوو ئێمە لە پاڵیدا بووین. ئازارەکەیمان بەش کرد و پشتیوانیمان لێکرد".

بەرێکخستنبوونی ژنان

ئیبیشیم ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا ئەوان لە شەهبا زۆر بە چڕی لەسەر پەروەردەکردنی ژنان رادەوەستن و لەوبارەیەوە وتى "کاتێک ژنێک پەروەردە بکرێت، راستیى خۆی دەناسێت و بەشداری لە کاروباری سیاسی دا دەکات، ئەو کاتە دەتوانێت خۆی بپارێزێت. ئێمە لە شەهبا سەرەتا کۆمۆنمان دامەزراند. لە ناو کۆمۆنەکاندا کۆمیتەى پاراستن، دادپەروەری، پەروەردە و... هتد مان دروستکرد. بە دواى ئەوەدا دەستمان بە پەروەردەکرد. گەورەترین کار کە ئێستا دوژمن دەیەوێت ئەنجامى بدات، هەڵوەشاندنەوەی کامپەکان و پەرتەوازەکردنمانە. لەبەر ئەوەش ئێمە هەوڵ دەدەدین لە کامپەکانماندا خۆمان بەرێکخستن بکەین و یەکێتیى خۆمان بەهێزتر بکەین. رێکخستنبوون چەند بەهێز بێت ئەوا هەر هێزێکى دوژمنان هێرش بکاتە سەرمان، بە ئەندازەیە تەنگاو دەبێت".

لەیلا ئیبیشیم ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى ستار ئەوەشی وت، لە کامپەکاندا ئەو پرۆژانەیان ئافراندووە، کە ژنان بتوانن کاریان تیادا بکەن و بشبێتە پشتیوانیى ئابووری بۆیان.

لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی "ئێمە هەرگیز دەست لە خۆبەرێکخستنکردنمان هەڵناگرین. لە کوێ دەبێت با ببێت ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان بە ژنان بگەیەنین و بەرێکخستنیان بکەین. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەو کارە بکەین، ئەوا ئێمە توانیومانە ژنانی عەفرین لە دەست داگیرکەری رزگار بکەین".

ر.م