ئیتر رۆژئاواییەکان ناتوانن خۆیان لە بەرامبەر گۆشەگیریدا رابگرن: بە ئەرکی خۆتان هەستن

هاووڵاتییانى رۆژئاوا و نوێنەرانى رێکخراوەکان ناڕەزایەتییان لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەربڕی و داوایان کرد رێکخراوە نێونەتەوەییەکانى مافەکانى مرۆڤ بە ئەرکی خۆیان هەستن.

شۆڕشی دیموکراتیک لە رۆژئاوا کە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا ئافرێنرا، بەرهەمی تێکۆشان و بۆچوونەکانى ئۆجالانە. لەبەر ئەوەش گەلان لە رۆژئاواى کوردستان بێزارن لە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد.

فەریاڵ عومەر نوێنەری کۆنگرەى ستار لە گەڕەکى غەربیی قامیشلۆ داواى لە دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا کرد، بە خێرایى بە ئەرکى خۆی هەستێت و ئەرکەکانى بەجێبهێنێت.

فەریاڵ عومەر ئەوەى بەبیرخستەوە، لە سایەى رەنجە زۆر گەورەکەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کورد بەم ئاستە گەیشتووە و وتى "ئەگەر بەڕاستى دادگایەک بە ناوی دادگاى مافی مرۆڤ هەیە ئەوا پێویستە ئەو زوڵمەى کە بەرامبەر بە رێبەرەکەمان ئەنجام دەدرێت ببینێت".  

'ئۆجالان نوێنەرایەتیى ملیۆنەها کورد دەکات'

هانا کۆنستانتین پیشەوەرێکى سوریانییە لە قامیشلۆ و لەوبارەیەوە راگەیاند، زیاتر لە ٢٠ ساڵە ئۆجالان لە ئیمراڵی راگیراوە و ماوەی ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەى تەندروستی و ئاسایش و ژیانى ئۆجالانەوە لە بەردەستدا نییە، بۆیە داواى لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانى مافەکانى مرۆڤ کرد بە ئەرک و بەرپرسیارێتیى خۆیان هەستن.

کۆنستانتین راشیگەیاند "دەبێت بە خێرایى گۆشەگیرییەکە لاببرێت. داوامان لەو کەسانە، کە دەتوانن دەستێوەردان لەو بابەتەدا بکەن ئەوەیە، کە بەخێرایى خۆیان بگەیەننە لای ئۆجالان، چونکە ژیان و ئازادیى بۆ ئێمەى گەلانى رۆژئاوا زۆر گرنگە".

محەمەد عەلی محەمەد ئەندامى پەیەدە لەوبارەیەوە وتی "گۆشەگیرکردنی ئۆجالان تەنها گۆشەگیرکردنى کەسێک نییە، بەڵکو لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا دەیانەوێت ٥٠ ملیۆن کورد گۆشەگیر بکەن، چونکە رێبەر ئاپۆ نوێنەری ٥٠ ملیۆن کوردە. دەبێت هەموو کوردێکى خاوەن ویژدان ئەوە بزانێت، کە نابێت ئێمە ژیانێکى بێ رێبەری قبوڵ بکەین".

ئەوەشى وت "پلانى دوژمن سەرنەکەوت، چونکە رێبەر ئاپۆ بۆچوون و فەلسەفەی خۆی بەسەرتاسەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاوکردووەتەوە. ئێمە تاوەکو دوا دڵۆپی خوێنمان بۆ ئازادیى رێبەرەکەمان لە تێکۆشاندا دەبین و هەموو کات و بە بەردەوامی لەسەر رێگاکەى ئەو خۆڕاگری دەکەین و بە دڵنیاییەوە رێبەرەکەمان لەو زیندانەدا دەهێنینە دەرەوە".

"دەبێت ئیتر بەربە تورکیا بگیرێت"

یوسف تۆفیق جومعە گەنجێکى زەحمەتکێشى عەرەبە و لەبارەى گۆشەگیریى سەر ئۆجالان وتى، گەلی عەرەب و هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست قەرزداری ئۆجالانن. زۆریش تامەزرۆییە ئاگاداری دۆخی ئۆجالان لەو گۆشەگیرییە قورسەدا بێت و وتیشی، ئیتر پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکان بەربە تورکیا بگرن.

کاسبکارێکی تری شاری قامیشلۆ بەناوی ماهیر یوسف وتى، ئامانجی دەوڵەتى تورک و هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە، ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و لە گەلی کورد و گەلانى تر داببڕن.

ئەو کاسبکارە ئەوەشى وت "دەبێت ئەوە لەبیر نەچێت، کە گەل و رێبەر ئاپۆ و یەک رۆح و یەک جەستەن. دەوڵەتى تورک چیدەکات با بیکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئێمە لە رێبەرەکەمان داببڕێت. بە دیلکردنى رێبەر ئاپۆ هەزاران کەس بەشداری ریزی تێکۆشان و بزووتنەوەى ئازادی بوون و گەل رۆژ لە دواى رۆژ زۆر زیاتر بەشداری تێکۆشان دەبێت و رۆژ لە دواى رۆژیش زیاتر پشتیوانى لە رێبەرەکەمان دەکەین. لە راستیدا ئەوەى دیلە ئەردۆغانە و ئەوەى ئازادە رێبەرەکەمانە. دەوڵەتى تورک ئیدانە دەکەم، کە لە عەفرین و گرێ سپی رۆڵەکانمان دەکوژێت".

ر.م