ئه‌نجامنامه‌ی كۆنفڕانسی «گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینه‌وه‌ی ئه‌تنیكی له عه‌فرین» له لایه‌ن فه‌ره‌ح سابیر پڕۆفیسۆری مێژووی هاوچه‌رخ و پسپۆڕی كاروباری ئێران، توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین خوێنرایه‌وه.
ئهنجامنامهكه:
دوای داگیركردنی عه‌فرین له لایه‌ن توركیا و چه‌ته‌كانییه‌وه، ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی ڕۆژاڤا به به‌شداریی هه‌ژمارێك ناوه‌ندی بهبهڵگهیی كردن و ڕێكخستنی حقووقی ده‌ستی به‌به‌ڵگه‌كردنی پێشێلكارییه‌كان، وێرانكارییه‌كان، ناوی قوربانییه سیڤیله شه‌هید و برینداره‌كان كرد. هه‌روه‌ها هێرشه‌كانی دژ به كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی، سازییه گشتییه‌كانی وه‌ك فێرگه، فڕن، هێڵی ئاوی خواردنه‌وه، ناوچه‌ی شوێنه‌واری، ئه‌و كاروانانه‌ی بۆ پشتگیری له هه‌رێمه‌كانی باكووری سووریا ده‌چوونه عه‌فرین كه بوونه ئامانجی هێرشه نامرۆڤانه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك.
ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر و چه‌ته‌كانی دوای ئه‌وه‌ی عه‌فرینیان داگیر كرد بارودۆخێكی داگیركارانه‌یان سه‌پاند، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌م شێوه‌یه به‌شێك له خاكی سووریا بخه‌نه سه‌ر توركیا. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه داگیركاره و چه‌ته‌كانی، درێژه‌یان به پێشێلكارییه‌كانیان دژی دانیشتوانی ڕه‌سه‌ن دا. سیاسه‌تی كۆچپێكردن، ڕفاندن، كوشتن، دزی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماڵ و موڵكی هاوڵاتییان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیاسه‌تی ئاسمیلهكردنیان به‌ڕێوه‌برد. ناوی گوند، شار و ده‌ڤه‌ره‌كانیان كردنه توركی، مه‌نهه‌جی زمانی توركیان له فێرگه‌كان سه‌پاند. هه‌روه‌ها ناوچه شوێنهوارییهكانیان ڕووخاند كه ناسنامه‌ی شارستانه‌تیی هه‌رێمه‌كه پیشان ده‌ده‌ن، به واتایه‌كی دیكه به گوێره‌ی سیاسه‌تی داگیركاریی توركیا سه‌رله‌نوێ دیمۆگرافی هه‌رێمه‌كه داده‌ڕێژنه‌وه.
له‌به‌ر مه‌ترسی سیاسه‌تی قڕكردنی نه‌ژادی و گۆڕینی دیمۆگرافی له عه‌فرین، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رانبه‌ر ئه‌م سیاسه‌تانه، ئێمه وه‌ك ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی ڕۆژاڤا به پێویستمان زانی كۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تی ساز بكرێت كه پێشێلكارییه‌كانی توركیا له دژی گه‌لی عه‌فرین سه‌ركۆنه بكات و ده‌نگی گه‌لی عه‌فرین، به‌ڵگه‌كانی داگیركاریی توركیا و چه‌ته‌كانی بگه‌یه‌نرێته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ.
كۆنفڕانسه‌كه‌مان به ئاماده‌بوونی ١٥٠ ئه‌كادیمیست، سیاسه‌تمه‌دار و حقووقناس به‌ڕێوه‌چوو، هه‌روه‌ها چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه له ده‌ڤه‌ری جیاجیای جیهان له ڕێی سكایپ و دیمه‌نی تۆماركراوه‌وه به‌شدارییان كرد.
له‌و گفتوگۆیانه‌دا باس له چۆنایه‌تیی وه‌ستاندنی گۆڕینی دیمۆگرافی كرا، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی ڕزگاركردنی عه‌فرین كرا به هه‌موو ڕێبازه‌كانی سیاسی، كولتووری، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی. دوای گفتوگۆی به‌رفره‌وان له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیازانه ڕێككه‌وتین:
- تا داگیركه‌ر له عه‌فرین ده‌رده‌كرێت، كۆنفڕانس و كۆنگره له وه‌ڵاتانی خاوه‌ن كاریگه‌ریی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ساز بكرێن. ناوه‌نده‌كه‌مان ئاماده‌یه پشتگیری ئه‌و چالاكییانه بكات.
- كۆمیته‌یه‌ك له هه‌موو ناسنامه جیاجیاكان دابمه‌زرێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی چاودێریی جێبه‌جێكردنی بڕیار و پێشنیازه‌كانی كۆنفڕانسه‌كه بكات.
- ناوه‌ندی بهبهڵگهیی كردنی كرده‌وه‌كانی توركیا له عه‌فرین، بكرێته‌وه.
- زیاتر په‌ره به خه‌باتی دیبلۆماتی له‌گه‌ڵ ڕێكخستنه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان بدرێت ده‌رباره‌ی عه‌فرین.
- كۆمیته‌یه‌كی قانوونی دابمه‌زرێت، ئه‌ركی كۆمیته‌كه ئه‌وه‌یه سكاڵاكان ڕاده‌ستی دادگه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكات و پێشێلكارییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه حقووقییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌به‌ڵگه بكات.
- ده‌زگه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندن دابمه‌زرێت كه باس له پێشێلكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بكات.
- پشتگیری ئه‌و هه‌نگاو و ڕێوشوێنانه بكرێت كه گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانی عه‌فرین بۆ واری خۆیان مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها موڵكی دانیشتوانی عه‌فرین كه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه به گوێره‌ی رێبازه ڕهواكان، قانوونه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یمانه مرۆییه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان.
- بانگ له گه‌لی كورد، گه‌لی سووریا و دۆسته‌كانیان بكرێت كه چالاكییه‌كانی خۆیان به ئامانجی ڕزگاركردنی عه‌فرین (چیای كورمێنج) به‌هێز بكه‌ن و ڕۆژێك وه‌ك ڕۆژی پشتگیریی عه‌فرین ڕابگه‌یه‌نرێت.
- داوا بكرێت فڕین له ئاسمانی باكووری سووریا قه‌ده‌غه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی عه‌فرین دووباره نه‌كرێته‌وه.
- ناوی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی توركیا و چه‌ته‌كانیان كه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر عه‌فرین تۆمار بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی له دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دۆسیه‌یان له‌سه‌ر بكرێته‌وه.
- داوا له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ بكرێت كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌په‌له هاریكاریی خه‌ڵكی عه‌فرین بكه‌ن كه له شه‌هبا نیشته‌جێن.
s.m