چەتەکانى دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر منبج

ئەنجوومەنى سەربازیى منبج رایگەیاند، گروپە چەتەکانى سەر بە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانى شەڕڤانان لە گوندی عەرەب حەسەن لە منبج.

گروپە چەتەکانى سەر بە سوپاى تورکی داگیرکەر هێرشیان کردە سەر خاڵە سەربازییەکانى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج لەسەر رووباری ساجور.

ئەنجوومەنى سەربازیى منبج لەبارەى ئەو هێرشەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، خاڵەکانیان لە گوندی عەرەب حەسەن کراونەتە ئامانج.

ئەنجوومەنى سەربازیى منبج راشیگەیاندووە، ئەو هێرشە لە کاتێکدایە دەورییەى هاوبەشی دەوڵەتى تورک و ئەمریکا لەو هەرێمەدا لە نێوان شەڕڤانان و گروپە چەتەکاندا دەسوڕێنەوە و چاودێریى بارودۆخەکە دەکەن، بەڵام سەرباری ئەوەش گروپە چەتەکانى سەر بە دەوڵەتى تورک هێرش دەکەنە سەر خاڵی شەڕڤانان و دەیانەوێت شەڕڤانان بخەنە ناو شەڕەوە.

ر.م