قەسەدە راشیگەیاندووە، هێزەکانیان بەردەوامن لە پێشڕەوی و ٢ ئۆتۆمبێلبی بۆمبڕێژکراو و ١٠ بنکەى چەتەکان تەقێنراونەتەوە و ٥ رێگای هاتووچۆی تیرۆریستانیش داخرا و تونێلێکى تیرۆریستانیش تەقێنرایەوە.
لە راگەیاندراوەکەى قەسەدەدا هاتووە:
بەرەی باغوز: شەڕڤانەکانمان هێرشیان کردە سەر بنکەکانى تیرۆریستان و چەندین تیرۆریست کوژران و دەستیان بە پێشڕەویکرد و ١٠ خاڵی نوێیان دروستکرد. هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیش ٢ هێرشیان لە دژی تیرۆریستان ئەنجامدا. لە دواى شەڕێکى دژوار شەڕڤانان کیلۆمەترێک پێشڕەوییان کرد و ١٧ خاڵی نوێى تریان دروستکرد.
لە قۆلێکى تری شەڕ لەو بەرەیەدا، هێزەکانمان هێرشیان کردە سەر خاڵ و بارەگاکانی تیرۆریستان و بەو هۆیەوە شەڕ روویدا. لەو شەڕەدا ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و برینداربوون. شەڕڤانەکانمان لەو قۆڵەدا ١٤ خاڵی تریان دروستکرد. تیرۆریستەکان لە هەوڵدان خاڵەکانیان بگرنەوە و بۆ ئەوەش بە مووشەکی جۆری (RPG) خاڵەکانیان بۆردومانکرد.
هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بە تۆپ و فڕۆکە ناوچەکانى ژێر دەستى تیرۆریستانیان کردە ئامانج.
شەڕ بە هەموو قورسى خۆیەوە بەردەوامە.
بەرەی هەجین: شەڕڤانەکانمان سەرلەبەیانیى دوێنێ هێرشیان کردە سەر خاڵی تیرۆریستان. ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و بریندار بوون. تەرم و چەکی بەشێکیان کەوتە دەست شەڕڤانان. تیرۆریستان لە دوورەوە بە هاوەن بارەگای هێزەکانیان بۆردومانکردین، بەڵام هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشت.
لە ئەنجامی خەباتى پشکنینی شەڕڤاناندا، ژمارەیەک لاپتۆپ و بەڵگەى چەتەکان کەوتنە دەستى شەڕڤانان.
تیرۆریستەکان لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانیى دوێنێ دا، بە هەموو چەکە قورس و مامناوەند و سوکەکانى بەردەستیان هێرشیان کردە سەر شەڕڤانان، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرەنگاری کران و شەڕ بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو. لەو شەڕەدا ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و برینداربوون و ئەوەشى کە مابووە رایکرد.
یەکەی تایبەتی شەڕڤانان بۆ هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەى مین و بۆمبی چێندراو، چەندین مین و بۆمبی چێندراوی تیرۆریستانیان لەو هەرێمەدا پوچەڵکردەوە.
هەروەها پێش نیوەڕۆ، لە نێوان شەڕڤانمان و تیرۆریستاندا شەڕێکى تر روویدا و ئەو شەڕەش بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو. تیرۆریستان چەکی دۆشکا و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان بەکارهێنا و ٢ لە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانیان لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێنرانەوە. دواتریش هەوڵیاندا بە ماتۆڕسکیلی بۆمبڕێژکراو هێرشی تری ئەنجام بدەن. زۆربەى هێرشی تیرۆریستان تێکشکێنرا و تیرۆریستەکانى تریش لە گۆڕەپانى شەڕەکە رایانکرد.
لە کاتژمێرەکانى ئێوارەدا، شەڕڤانان لەو بەرەیەدا دەستیان بە پیشڕەویکرد و خاڵی نوێیان دروستکرد. تیرۆریستێک کە بۆمبێکى بەخۆیەوە بەستبووە، هەوڵیدا خۆی لە ناو شەڕڤاناندا بتەقێنیتەوە، بەڵام شەڕڤانان لە دوورە لێیاندا و بۆمبەکە بە خۆیدا تەقییەوە.
فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى چەند بارەگایەکى تیرۆریستانیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و بریندار بوون.
هەروەها شەڕڤانەکانمان هێرشیان کردە سەر بنکەکانى تیرۆریستیان و لەو هێرشەشدا ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و ژمارەیەکى تریش برینداربوون. تیرۆریستان هەوڵیاندا هێرشێکى بەرفراوان لە دژی هێزەکانمان ئەنجام بدەن، بەڵام هێرشەکەیان تێکشکێنرا.
شەڕ بە قورسی لەو بەرەیەدا بەردەوامیى هەیە.
ئامار
ژمارەی تیرۆریستە کوژراوەکان: ٦٣
زیانى تیرۆریستەکان: ٢ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و ١٠بنکە و تونێلێکى تیرۆریستان تەقێنرانەوە و ٥ رێگای هاتوچۆشیان داخرا.
هێرشی هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى: ٣١ هێرشی ئاسمانی".
ر.م