هەڤاڵ ئەبوبەکر: دەبێت حزبە کوردییەکان یەکێتیی نەتەوەیی بۆ خۆیان بکەنە بنەما

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکێتی داوای لە حزبە کوردییەکان کرد وتی، "دەبێت رووی چەکمان لە یەکتر نەبێت. پێویستە ئێمە وەک قەڵایەک لە پشتی یەکتر بوەستین و لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر کوردستان ببین بە قەڵغان".

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، دەبێت لە بابەتی نێونەتەوەیدا کورد هەڵوێستێکی هاوبەشی هەبێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتی، "هیوا و داوا و بۆچوونی ئێمە ئەوەیە تورکیا بۆ چارەسەری دەست بۆ شەر و چەک نەبات. ئێمە لایەنگری ئەوەین، کە لە ناوچەکەدا ئاشتی و ئارامی باڵادەست و پارێزراو بێت". هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند، ئەرکی هەموو کەسە ئاشتی وئارامی بۆ ناوچەکە بهێنێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ چارەسەریی کێشە ناوخۆییەکانی کورد داوای یەکێتیی نەتەوەیی کرد و وتی، "بە تایبەتی خەڵکی شەنگال، کەرکوک، سەعدییە، جەلەولا و خانەقین بۆ کاری ناوخۆیی یەک ئامانج و یەکدڵ بن. دەبێت کاری ئێمە ئەوە بێت، کە بۆ چارەسەریی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا کار بکەین. دەبێت ئامانجی هاوبەشمان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بپارێزرێت".

'چەک دەبێت لە دژی هێرشەکانی سەر کوردستان ببنە قەڵغان'

هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ یەکێتی داوای لە هەموو حزبە کوردییەکان کرد و وتی، "دەبێت هەموو حزبە سیاسییەکان ببن بە یەک. دەبێت رووی چەکیان لە یەک نەبێت. پێویستە ئێمە وەک قەڵایەک لە پشتی یەکتر بوەستین و لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر کوردستان ببین بە قەڵغان. هەروەها بۆ بابەتی یەکێتیی نەتەوەیی دەبێت هەموان هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت. لە بابەتی ئاشتیدا دەبێت لە جیهان و کۆمەڵگەى نێونەتەوەییەدا و ئەوانەى دۆستی هەرێمن بە شێوەیەکی یەک رەنگ لە یەکتر نزیک ببنەوە. بۆ چارەسەری دەبێت ئێمە لە رێگەى دیالۆگ، تێگەیشتن و دیموکراسییەوە کار بکەین".

ژ.ت