وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پێویستە هێزە دەستدرێژیکارەکانی تورکیا لە خاکی عێراق بکشێنەوە

ئەمرۆ هەریەک لە باڵیۆزی تورکیا و ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کران بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی عێراق سەبارەت بەهێڕشەکانی ئەو دوو وڵاتە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو باڵیۆزی تورکیا و ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کران و ناڕەزایی بەغدا سەبارەت بە تۆپباران و بۆردومانەکانی ئەو دوو وڵاتە لە خاکی هەرێمی کوردستان گەیەندرایە تورکیا و ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیرەج مەسجەدی باڵیۆزی ئێران لە عێراقی بانگهێشتکرد سەبارەت بە تۆپبارانەکانی چەند رۆژی رابردووی ئێران بۆ سەر ناوچەی باڵەکایەتی، کە ئامانج لێیان هێزە کوردییەکانی نەیاری ئێرانن لە ناوچەکە.

پێویستە ئێران رێز لە سەروەری عێراق بگرێت

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق بە باڵیۆزەکەی ئێرانی وتووە: "پێویستە ئێران رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و کۆتایی بەتۆپبارانەکانی بهێنێت و سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەدا بەدیبهێنێت."

لەلایەکی دیکەوە و هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ دووەمجار لەم هەفتەیەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراقی بانگهێشتکرد و داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان کرد.

دەبێت دەستبەجێ تورکیا هێزەکانی لە عێراق بکشنێتەوە

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە: "فاتیح یڵدز باڵیۆزی تورکیا لە عێراق پەیامێکی توندی پێدراوە بەوەی دەبێت دەستبەجێ تورکیا هێرشەکانی رابگرێت و هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە."

پێچەوانەی پەیمان و یاسا نێودەوڵەتییەکانن

ئەوەش خراوەتەڕوو: "لە هێرشەکانی دوێنێیدا دووبارە هێزەکانی تورکیا پێشێلی سەروەریی عێراقی کرد، عێراق هێرشەکان سەرکۆنە دەکات، پێچەوانەی پەیمان و یاسا نێودەوڵەتییەکانن."

هێزە دەستدرێژیکارەکانی تورکیا لە خاکی عێراق بکشێنەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: "پێویستە هێزە دەستدرێژیکارەکانی تورکیا لە خاکی عێراق بکشێنەوە کە دوێنێ هاتنە چەند ناوچەیەک، هاوکات هێزەکانی لە ناوچەکانی جێگیربوونیان لە سەربازگەی باشیک و ئەوانی دیکە بکشێنێتەوە."

هەموو رێکارەکان دەگرینەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و سەلامەتی گەلەکەمان

سەبارەت بە وڵامی عێراق وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتوویەتی: "بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو رێکارەکان بگرینەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و سەلامەتی گەلەکەمان بە داواکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەوەی ئەرکی خۆیان راپەڕێنن."

ئێران بە هێرشی زەمینی و تورکیا بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی نەیارەکانیان لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، کە ئەوەش زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتیان گەیاندووە، جگە لەوەش گوندنشینانی ئەو ناوچانەی بۆردومان دەکرێن ژمارەیەک گوندیان چۆڵکردووە و تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون.

ز.ش