چالاکوانێکی ژینگەیی هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخی ژینگەی عێراق
چالاکوانێکی بواری ژینگەپارێزی دەلێت: " سیاسەتی ئاوی هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران، عێراقی ڕووبەڕووی مەترسی ژینگەیی کردۆتەوە و بیابان بوون لە عێراق ڕوو لە فراوان بوونە ".
چالاکوانێکی بواری ژینگەپارێزی دەلێت: " سیاسەتی ئاوی هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران، عێراقی ڕووبەڕووی مەترسی ژینگەیی کردۆتەوە و بیابان بوون لە عێراق ڕوو لە فراوان بوونە ".
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و لە هەندێک ناوچەش بە تەواوی گۆڕانکارییەکە هەستی پێکراوە، جگە لەو شەپۆلە خۆڵبارینەی كە ساڵانە چەندین جار لە عێراق و هەرێمی كوردستان دووبارە دەبێتەوە، فڕێدانی پاشەڕۆ و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو و پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژینگەی عێراقی رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە كردووەتەوە، راپۆرتە پزیشكییەكان سەرچاوەی بەشێكی زۆر لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان بۆ تێكچوونی ژینگە دەگەڕێننەوە.
بەگوێرەی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری تەكنیكیی وەزارەتی ژینگەی عێراق، رۆژانە نزیكەی ٢٠ هەزار تۆن پاشەڕۆ لەسەرانسەری وڵاتدا فڕێدەدرێت بەڵام بەهۆی نەبونی پلان وەزارەتی ژینگەی عێراق نەیتوانیوە ئەم دۆخە چارەسەر بکات یان سوود لە پاشەڕۆكان وەربگیرێت.
لەلای خۆیەوە شکۆفە محەمەد چالاکوانی بواری ژینگەپارێزی و سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستانی سەوز، سەبارەت بە دۆخی ژینگەی عێراق بەگشتی و ژینگەی کەرکوکی بەتایبەتی و چەند پرسێکی وەکو هۆکارەکانی خراپ بوونی ژینگە و مەترسییەکانی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و لەسەر داهاتووی عێراق و هەروەها ڕێگەچارەسەرکان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
عێراق لە ڕیزبەندی زەرەرمەندترین ووڵاتانە لە ڕووی ژینگەوە
سەبارەت بە دۆخی ژینگەیی عێراق، شکۆفە محەمەد چالاکوانی ژینگەپارێز، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ڕایگەیاند: "جێگای داخە کە ئاماژە بە هەندێک خاڵی گرنگ بکەین لەسەر ژینگەی عێراق بە گشتی و ژینگەی شاری کەرکوک بەتایبەتی، بەگشتی لە عێراق ژینگە لە هەموو ڕوویەکەوە باش نیە و رۆژ لەدوای رۆژ ڕوو لەخراپ بوونە، ئەو گۆڕانی کەش و هەوایەی کە بەڕۆکی جیهانی گرتووە عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەهەمین ووڵاتە کە گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر ژینگەکەی کردووە، ئەو هۆکارانەی کە وایکردووە کە عێراق لە ڕیزبەندی ئەو ووڵاتانە بێت کە زەرەمەند بووە بە گۆڕانی کەش و هەوا بریتییە لە بیابان بوون کە بەردەوام ڕوو لە فراوان بوونە".
بەهۆی تورکیا و ئێرانەوە ئاوی ڕووبارەکان کەمی کردووە
هەروەها شکۆفە محەمەد باسی مەترسی تورکیا و ئیرانی کرد بۆسەر ژینگەی عێراق و ئاشکرای کرد: "هەروەها کەمی ئاو بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار بەدی دەکرێت بەتایبەتی لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، کە یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران لەگەڵ عێراق، هەروەها عێراقیش کەمتەرخەمە لەکاتی واژوو کردنی ئەو پەیماننامانەی کە لەگەڵ ئەم ووڵاتانە واژووی کردووە،چەندین هۆکاری دیکەش هەن وە عێراق مەترسی ژینگەی زۆر لەسەرە".
کارگەکانی ناو کەرکوک دوورن لە پابەندبوون بە یاسا و ڕینەمایی ژینگەیی
ئەو ژینگەپارێزەی شاری کەرکوک، بەم شێوەیە باسی لە ژینگەی شارەکە کرد: "سەبارەت بە شاری کەرکوک، ئەم شارە بەدەر نیە لە هەموو ئەو مەترسییە ژینگەیانە، چونکە خەڵکی کەرکوک لەناو کۆمەڵێک کێڵگەی نەوتی دەژێن، لەدەرئەنجامی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوک بڕێکی زۆر لە غازی زیان بەخش دەچێتە هەوای کەرکوک، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کارگە لەناو شاری کەرکوک هەن کە دوورن لە پابەندبوون بە ڕینەمایی یاسا ژینگەیی و تەندروستییەکان، ئەو کارگانەش دەبنە هۆی پیس بوونی کەش هەوای شاری کەرکوک".
کاتی ئەوە هاتووە عێراق سەرچاوەی وزەی سەوز و پاک بەکاربهێنێت
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی ژینگەی کەرکوک ناوبراو ووتیشی: " هۆکارێکی دیکەی کەم ئاوی بەدەر لە سیاسەتە نێودەولەتییەکان و بەرزی پلەی گەرمی، ئەو هۆکارە ئەوەیە کە ئێمە کێڵگەی نەوتیمان زۆرە وە بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت پێویستیان بەبڕێکی زۆری ئاوە، بۆیە بەشێک لە ئاوی شیرینی شارەکە بۆ دەرهێنانی نەوت بەفیڕۆ دەچێت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە عێراق سەرچاوەی وزەی سەوز و پاک بەکاربهێنن لەبری نەوت، چونکە ماوەی چەند ساڵێکە لەناوچەکانی خواروی کەرکوک دیاردەی بە بیابان بوون بەدی دەکرێت، هەروەها چەندین گەرەک بەهۆی بێ ئاوییەوە دەناڵێنن".
کەرکوک ١٧ سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەی تێدایە
شکۆفە محەمەد تیشکی خستەسەر هۆکارە سەرکییەکانی پیسبوونی ژینگەی کەرکوک، و ئاشکرای کرد: "عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمە لەو ووڵاتانەی کە مەترسی گۆڕانی ژینگەیی لەسەرە شاری کەرکوکیش یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق بەهۆی بوونی ئەو شوێنانەی کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، کە کەرکوک ١٧ سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەی تێدایە کە زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کێڵگە نەوتییەکان کە پاشماوە زیان بەخشەکانی دەکەنە هەوای شارەکە وە هەروەها تێکەڵ بە دەغڵ دانی جووتیاران دەبن".
ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوە مەترسییەکان زۆر گەورەتر دەبێت
دەربارەی ڕێگەچارە بۆ دۆخی ژینگەی عێراق، ئەو ژینگە پارێزە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "پێویستە لەڕیگەی دەستور و یاسا بگەڕینەوە بۆ ئەو کەمتەرخەمی و دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر کایەکانی ژینگە، بەپی یاسا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو وەزارتی ژینگە و شارەوانیەکانی پارێزگاکان بەدواداچوون بۆ سەرپێچەیەکان بکەن، تا چارەسەرێک بدۆزنەوە چونکە تا چەند ساڵێکی دیکە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوە مەترسییەکان زۆر گەورەتر دەبێت".
مەترسی لەسەر بەردەوامی ژیانی خەڵک دەبێت
لە کۆتایدا، شکۆفە محەمەد چالاکوانی ژینگەپارێز، مەترسییەکانی خراپبوونی ژینگەی بۆسەر داهاتووی عێراق خستەڕوو و ئاشکرای کرد: "بەپی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵێک لە توێژەران باش لەبواری ژینگەپارێزی ێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ عێراق بەدەست کەمی ئاوەوە بناڵێنێت، ئەگەر هۆکارەکانی خراپ بوونی ژینگەی عێراق چارەسەر نەکرێت ئەوە مەترسی لەسەر بەردەوامی ژیانی خەڵک دەبێت و نەخۆشیەکانیش رۆژ لەدوای رۆژ ڕوو لەزیادبوونە و سەرهەڵدەدات".
هـ . ب