دوو دەستگیران لە تاران بە تۆمەتی سەماکردن سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا

دادگای ئێران بە پاساوی ئەوەی لەبەردەم برجی ئازادی لە تاران سەمایان کردووە، سزای دە ساڵ زیندانیی بەسەر دوو دەستگیراندا سەپاند.

ڤیدیۆیی سەمای ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیر محەمەد ئەحمەدیی دەستگیرانی لەبەردەم برجی ئازادی بڵاوکرایەوە و لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا دەستگیرکران.

حەقیقی بەرامبەر بنەما وشکەکانی ئێراندا وەستابوویەوە و لەچکی لەسەر نەکردبوو.

ئاژانسی هەواڵی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ (هرانا)، کە بارەگاکەی لە ئەمەریکایە بڵاویکردووەتەوە، لە لقی ١٥ی "دادگای شۆڕش" بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەلەواتی لە تاران سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر هەر یەکێک لەو دوو دەستگیرانەدا سەپێنراوە و هەروەها بۆ ماوەی ٢ ساڵ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و گەشت بۆ دەرەوەی ئێرانیان لێ قەدەغە کراوە.

ئەو دوو دەستگیرانە لەبەر سەمایەک بە تۆمەتی "موفسدی و هاندانی خەڵک بۆ لەشفرۆشی" و "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" تاوانبار کراون.

ئاماژە بەوەکراوە، ئێستا ئاستیاژ حەقیقی لە زیندانی ژنانی قەرچەک لە دەرەوەی تاران زیندانیکراوە و ئەمیر محەمەد ئەحمەدیی دەستگیرانەکەشی لە زیندانی فەشافویەدا زیندانیکراوە. ئەو دوو زیندانە بە تایبەتی زیندانی قەرچەک لە زیندانە ترسناکەکانی ئێرانن و لەسەر دۆخی خراپی زیندانی قەرچەک چەندین ڕاپۆرت لەلایەن چالاکوانانەوە بڵاوکراوەتەوە.

ژ.ت