گۆلی ورمێ: قوربانی تاڵانکاری

لەئەنجامی سیاسەتی تاڵانکاریی دەوڵەتی ئێران گۆلی ورمێ رووبەڕووی وشکبوونی تەواوەتییە.

گۆلی ورمێ کە یەکێک لە گەورەترین گۆلە سوێرەکانی ناوچەکەیە ماوەی چەند ساڵێکە وەک ناوچەی تاڵانکاری دەوڵەتی ئێران داندراوە و لەو قۆناغە ٢٠ ساڵەدا ئەو گۆلەیان خستە دۆخێکەوە کە ئیتر دەکرێت بوترێت بە تەواوەتی وشکبووە.

گۆلی ورمێ کە ناوەکەی لە شاری مێژوویی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان پێبڕاوە لە هاوسەنگی ئاووهەوای هەریمەکەدا خاوەنی رۆڵێکی سەرەکیە، هەم بۆ خەڵکی ناوچەکە و هەمیش بۆ ئاژەڵ و پەلەوەرەکان.

رژێمی ئێران کە بۆ ئەوەی بتوانێت زووتر دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان تاڵان بکات، لەناوەڕاستی گۆلەکەدا رێگەیەکی دروست کرد و بەو هۆیەوە گۆلەکە بووە دوو بەش. لەلایەکیتریشەوە بە دروستکردنی لەرادەبەدەری بەنداو ئەو ئاوەی کە مانەوەی گۆلەکەی رادەگرت بڕی. هەروەها هەر وەها بە پێشخستنی کولتوری کشتوکاڵی پیشەسازی کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی بەرهەمی زیاتر لە هەرێمەکە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بیری ناپێویست لەناوچەکانی دەوروبەری گۆلی ورمێ لێبدرێن و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئاوی ژێر زەوی و ئەو رووبارانەی دەڕژێنە گۆلەکەوە بەر لەوەی بڕژێنە گۆلەکە لە رێگەدا وشک بکەن.

 فاکتەرێکی دیکە کە راگەاندنە ناوخۆییەکانی ئێران و رێکخراوە ژینگەپارێزییەکان باسی دەکەن ئەوەیە کە بە پێی ئەوان دەوڵەتی ئێران بۆ بەدەستهێنانی کانزای لیتیۆم کە پێشبینی دەکرێت لە ژێر گۆلەکەدا هەبێت بە مەبەست گۆلی ورمێی وشک کردووە.

ماوەیەکی زۆرە کە لە بەرامبەرئەو سیاسەتانەی دژی ژینگەی ئێران پەیڕەودەکرێن چەندین دەستپێشخەری و چالاکی کراون و دەکرێن. سەرەڕای ئەوەش زۆر جار خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی ئێرانەوە. هەموو جارێکیش کاربەدەستانی ئێران رایانگەیاندووە کە ئەوان بۆ ئەو بابەتە ئەرکی خۆیان جێبەجی دەکەن. بەڵام تائێستا هیچ هەنگاویکی کردەییان بۆ رێگری لەو کارەساتە هەڵنەگرتووە. ئەمەش راستی ئەوە دەسەڵمێنێت کە دەوڵەتی ئێران بە ئەنقەست و بە ئامانجی تاڵانکاری ئەو کارە دەکات.

ئەو گۆلە کە بووەتە دوو بەش نزیکەی لەسەدا ٨٩ی وشکبووە. هەر لە ئێستاوە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی ناوچەکە و زیندەوەران داناوە.

هـ . ب