خەڵکی سلێمانی ناچارن ئاوی پیس بەکاربھێنن

هاوشێوەی عێراق، باشووری کوردستانیش، یەکێکە لەو ناوچانەی کە بە ھۆی گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ھاوکات چالاکییە مرۆیی و پیشەسازییەکانیش دۆخەکەی خراپتر کردووە. لەوبارەشەوە ژینگەپارێزێک مەترسیەکی گەورە لەسەر تەندروستی خەڵکی سلێمانی ئاشکرا دەکات.

ڕادیۆ ئاڕ ئێف ئای فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکدا، تیشکی خستووەتەسەر بە بیابانبوونی زیاتری عێراق و لەدەستدانی سەرچاوە ئاوییەکانی، ھەروەھا بەرزی ئاستی پیسبوونی ڕووباری دیجلە، کە سەرچاوەی ژیانی ملیۆنان کەسە.

لە باشووری کوردستان ٨٥٠ هەزار کەس، تا ڕادەیەک ڕاستەوخۆ ئاوەی لقێکی ڕووباری دیجلە بەکاردەھێنن، کە پاشماوەی دەڤەری سلێمانی لە تانجەرۆوە دەڕژێتە ناوی.

ژینگەپارێزێک، کە قسەی بۆ ڕادیۆکە کردووە، سەرنجی بۆ پیسبوونی ئاوی پۆند و بەنداوە بچووکەکانی ناوچەکە ڕاکێشاوە و ڕایگەیاندووە، کە ئاوەکە بۆنی پاشەڕۆی مرۆڤی لێدێت.

ئەو ژینگەپارێزە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تاکوو دەربەندیخان ٢٤ پۆند و بەنداوی بچووکی ھاوشێوە و هەروەها پاشماوەی پیشەسازی و نەخۆشخانەکان لەو ناوچانە بوونیان هەیە. ھاوکات سیستمێک بۆ پاڵاوتنی ئاوەکە بوونی نییە".

ڕاشیگەیاندووە، "یەک قوم لەو ئاوە ئەگەر مرۆڤ نەکوژێت ئاوا، تووشی سکچوونی دەکات. پیسبوونی ئاوەکە لە ئاستی کارەساتدایە".

ئەو ژینگەپارێزە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، "ئەو ڕووبارە ھەموو شتێکی تێدایە لە کەفی قاوەییەوە بگرە تا شامپۆ، بەرهەمی کیمیایی و ھتد. هەندێک جار بە ھۆی ئەو مادە کیمیایانە بۆنی خۆش و ھەندێک جاریش بۆنی پاشەڕۆی مرۆڤی لێدێت".

باسی لەوەشکردووە، "ساڵی ڕابردوو نەخۆشی کۆلێرا لە ناوچەکە بڵاوبووەوە. ماوەیەک سەوزەمان نەخوارد. گوایە لەو ناوچەیە زەوییەکی کشتوکاڵی لێیە، کە پێداویستی سەوزەی سلێمانی، کەرکوک و تەنانەت بەغداش دابین دەکات".

هەرچەندە کاربەدەستان دوای دەربڕینی هەندێک ناڕەزایەتی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، ڕایانگەیاند، لەو بارەیەوە هەنگاو دەنێین، بەڵام تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەک بۆ پاڵاوتینی ئاوەکە دروست نەکراوە.

ژ.ن