کەجەکە: تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک مافێکی بنچینەییە

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە بە ئاماژەدان بە قڕکردنی ئیکۆلۆژی لە کوردستان و تورکیا رایگەیاند: "ئەو تاڵانکارییەی کاریگەری دەکاتە سەر کۆی ژیان، ئەرکی تێکۆشانێکی هەمەلایەنە دەخاتە سەر شانمان. ئەوەش بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیە کە پێناو ژینگە و ئایندەدا تێبکۆشین".

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە رایگەیاند کە ئاماری قڕکردنی ئیکۆلۆژی بەهۆی شەڕ لە کوردستان تادێت دژوارتر دەبێت و لەپێناو پاراستنی جیهان، ژینگە و داهاتوودا بانگەوازی راگەیاند.

تاڵانکاری ئیکۆلۆژی دژوارتر دەبێت

راگەیەندراوەکەی کەجەکە لە ژێر ناونیشانی "تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک مافێکی بنچینەییە" بەم جۆرەیە:

"لێکەوتەکانی تاڵانکردنی ئیکۆلۆژیک، کە هێزە باڵادەستەکان و لایەنە رانتخۆرەکانی سیستمی سەرمایەداری بە بێ ئەخلاقییەوە پێداگرانە پێشەنگایەتی دەکەن، روژ لەدوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە و رێگە لەبەردەم زیانی نوێ دەکاتەوە. ئەو کۆبوونەوە، هاوپەیمانی و دیدارانەی هێزە سەردەستەکان کە بە ژمارەیەکی قەرەباڵغ گوایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ئیکۆلۆژیە –کە هەر خۆیان بەرپرسن لەوە- ساز دەکرێن، جگە لە بەڵێنی بێ بنەما و بۆش و هاوکاری ئەو دووڕووییە زیاتر هیچ ئەنجامێکی دیکەیان نابێت. تائێستا ئەوەی لە ژێر ناوی چارەسەریدا ئەنجامدراوە، تەنیا خەڵەتاندنی رای گشتیی، خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و قووڵترکردنەوە کێشەکان بووە. بەهۆی بەرژەوەندیەکانیانەوە، بە شێوەیەکی بێ شەرمانە ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکاندا دەیدەن، جێبەجێیان ناکەن. پشتیوانی لە قڕکردنی ژینگە لەلایەک، ساڵ لە دوای ساڵ قووڵتری دکەنەوە و ژمارەی پێوانی نوێ تۆمار دەکەن. ئەنجامی قووڵتر کە هەموو رۆژێک بە شێوەی دژوارتر دەیبینین، ئاستی ئەو دڕندایەتیە کە لە ژێر دەمامکی 'پێشکەوتن' و 'شارستانیەت' بەڕێوەدەبرێت ئاشکرا دەکات. ئەو قڕکردنە بەو رادەیە دژوارە کە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکانیش، کە تائێستا چاوپۆشی لێکردووە و چاوی بەسەردا نوقاندووە، دان بەوەدا دەنێت و دێتەگۆ و وەک 'کارەسات' ناودێری دەکات.   

تەنیا لەم چەند رۆژەی ئەم دواییەدا لە کیشوەر و وڵاتانی جیاجیا پلەکانی گەرما لە بەرزترین ئاستدا هەڵکشاون، سووتانی دارستانەکان و لافاوەکان، هەروەها ئەو زیانانەی بە هۆی شەڕی دژوارەوە دێنە ئاراوە، بۆ ئەوەی لە ئاستی مەترسییەکانی ئەو کارەساتە تێبگەین بەسن. هەموو هێرشێک بۆ سەر ئیکۆلۆژی برینێک دروست دەکەن کە هەرگیز ساڕێژ نابن و ئەگەر ئەو تاڵانکارییەی ئێستا بەردەوام بێت ئیتر دەزانین کە لەماوەکانی داهاتوودا ئێمە بەرەو چ ژیانێکی تاریک راپێچ دەکات.

ئامارەکانی قڕکردن و کاولکاری ئیکۆلۆژی بە هۆی شەڕەوە تا دێن بەرزتر دەبنەوە

لەئەنجامی سیاسەتە تاڵانکاریەکانی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، لە ئێستادا ئەو شوێنانەی کە بە دژواری ئەم کارەساتەیان تێدا ئەنجام دەدرێت کوردستان و تورکیان. ئاماری قرکردن و لەناوبردنی ئیکۆلۆژی بە هۆی شەڕەوە کە لە سەردەستی ئاکەپە-مەهەپە لە کوردستان بەڕێوەدەبرێت، رۆژ لە دوای رۆژ دژوارتر دەبێت. ئەو توندوتیژیە کە ئەقڵیەتی فاشیستی لەسەر کۆمەڵگا پەیڕەوی دەکات، بە هەموو جۆرێک کاریگەری لە سەر سروشتیش دەکات. دەسەڵاتداری فاشیست کە بە شێوەیەکی ئاشکرا لە پرۆپاگەندەکانی هەڵبژاردنیشدا جێی بۆ پرۆژەکانی تاڵانی ئیکۆلۆژیک کردبووە، دەیەوێت ئەو پلانە چەپەڵانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەک هەنگاوی سەرەتایی دوای هەڵبژاردن پاکتاوکاری و قڕکردن لە دژی دارستانەکانی شڕنەخ، بەستا، گابار و جودی بەوپەڕی دڕندەییەوە بەردەومە، دارستانەکانی ئاکبەلەنی موغڵا، باخە زەیتونەکان لە یاتاغان و هاتای پێسکەش بە کۆمپانیاکانی دەسەڵات کران. هەروەها دیسان لە جودی، سەربازانی سوپای تورکی فاشیست بە شێوەیەکی بێباکانە سووتاندنی دارستانەکانیان بە دیمەن تۆمار کردووە. تائێستا ئاگرەکەی دارستانەکانی جودی بەردەوامە، لە لجێ دارستانی نوێیان سوتاند، لە ناوچەی خیزانی بەدلیس رەز و باخی گوندەکان و بە سەدان داری میوە لەلایەن سەربازانەوە لەناوبران.

کردەوەی فاشیستی کە کشتوکاڵ لەناو دەبات

لە ساڵانی ١٩٩٠دا گوندەکانی کوردستان دەسوتێندران و لەمرۆشدا دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد و کوردستان لە رێگەی کردەوە فاشیستی قڕکردنی ژینگە و لەناوبردنی کشتوکاڵەوە بەڕێوەدەچێت. لەرێگەی ئەو ستەمەوە کۆجبەری و هەژاری بەسەر گەلدا دەسەپێندرێت. لە رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان لەلایەن سەربازان و چەتەکانی سوپای تورکی داگیرکەرەوە دارستانەوە و دار زەیتونەکان دەبڕدرێنەوە و دەسوتێندرێن، کوردستان بە بەنداو گەمارۆ دراوە، بە سەدان سەنتەر و کارگە و کانەبەرد بوونیان هەیە و ئامادەکاری بۆ پرۆژەی نوێی داگیرکەری دەکرێت. لە باکوری کوردستان وێڕای رحا، دێرسیم و ئامەد، لە بۆتانەوە تا سەرحەد لە دەیان ناوچە و شار دەیانەوێت زەوی کشتوکاڵی داگیربکەن و لەسەر ئەوانە ناوەندی وزەی خۆر دروست بکەن و ئاوەکانی هەردوو دەریاچەی وان و رووباری مونزور لە رێگەی وێستگەی کارەبای کاروئاوی وشک دەکەن. هەروەها لە رحا ئاو و کارەبای جوتیاران دەبڕن و ناهێڵن کشتوکاڵ بکەن، لە ئامەد گەنمی جوتیاران لەسەر زەوی دەهێڵنەوە، بژێوی و رەنجی ئەوان بە فیڕۆ دەبەن، لە رێگەی قەدەغەی هاتووچۆوە مەڕوماڵاتەکە رووبەڕووی لەناوچوون، گوندنشینەکانیش رووبەڕووی هەژاری دەکەنەوە. لە کوردستان ئاوی خواردنەوە گوند و ناوچەکان دەبڕن و ئەمانە تەنیا چەند نمونەن بۆ ئەو کردەوانە.

ئەو قڕکردن و پاکتاوکارییەی لەژێرناوی باری ئەمنی بەڕێوەدەچێت

ئەو قڕکردنەی بەشێوەی دوژمنکارانە بەرامبەر بە کوردان جێبەجێ دەکرێن، لە ژێر دەمامکی 'باری ئەمنی' رەوایەتیان پێدەدرێت، بەڵام لە شەڕی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە کە لە دەشت و چیا چەکی کیمیایی و بۆردومانی فرۆکە بەکاردەهێنێت، هەموو شوێنێک خاپوور دەکات، دەیسوتێنێت و هەروەها پرۆژەکانی تاڵانی ئیکۆلۆژی چ شتێکیتر دژوارتر و خراپتر کاریگەری لە سەر ئاسایش و لایەنی ئەمنی دروست دەکات؟ لە رێگەی ئەو تاڵان و کۆمەڵکوژیانەی ژینگە و سیستمی ئیکۆلۆژیەوە کە ئاسایش و مسۆگەرکردنی بنەمای ژیانی ئێمەیە، چۆن دەتوانرێت پارێزگاری لێبکرێت؟ ئەو شەڕەی لە ژێر ناوی ' باری ئەمنی' لە رێگەی سیاسەتی فاشیستانەوە جێبەجێ دەکرێت تا ئەمرۆش بەردەوام ئازار، کاولکاری و تاڵانی بەدواوە بووە و کاتێکیش لە دژی ژینگە بەڕێوەدەبرێن هەمان ئەنجامی هەیە. تەنیا جیاوازیەکە رەنگە ئەوە بێت کە شەڕ لە دژی ئیکۆلۆژی هێندەی بۆمبەکانی شەڕەکەی دیکە دەنگی نییە و هەندێک جار لە ماوەیەکی زیاتردا هەموو شتێک لەناو دەبات. هەر دارێک کە دەبڕدرێتەوە، هەر بەنداوێک دروست دەکرێت، هەر وێستگەیەکی کارەبا کە ساز دەکرێت درێژەی ئەو شەڕەیە کە لە دژی ژینگە و مرۆڤەکان بەڕێوەدەچێت و زیانی ئەو بۆردومانە هەرگیز قەربوو ناکرێتەوە.

دەبێت ئێمە ئەوە رابگرین

وەک هەموو کارەساتەکان، کارەساتەکانی ئیکۆلۆژیش لەسەر دەستی هێزە باڵادەستەکان و سیستمی دەسەڵاتداری ئافرێنراون، بەڵام ئەوەی دەبێت بەر بەوە بگرێت، ئێمەین. لە بەرامبەر ئاستی قڕکردنی ئیکۆلۆژی کە ئیتر وەک کارەسات ناودێر دەکرێت بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەموو کەس. هەربۆیەش نابێت کەس بێدەنگ بێت بەرامبەر بەوە؛ منداڵان، گەنجان و بەتەمەنەکان هەموو کەس و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەوەدا خۆیان بە رێکخستن بکەن و تێبکۆشن. ئەگەر بێدەنگ بین و دوورەپەرێزیش بین، ناتوانین لەو بەرپرسیارێتیە هەڵبێین. ئەو قڕکردنەی کاریگەری دەکاتە سەر هەموو کایەکانی ژیان، تێکۆشانێکی هەمە لایەنە بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت. تێکۆشان لەپێناو ئیکۆلۆژی بەرپرسیارێتی و هەڵوێستێکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە ژینگە و داهاتوو. تێکۆشانی ئیکۆلۆژی تێکۆشانێکە لە پێناو ماف و دادپەروەری. لە بەرامبەر دزی و تاڵانکاری دەسەڵاتداری فاشیست پارێزگاری لە سروشت و ژینگە، خاک، ئاو و هەوا بنچینەییترین مافە. لەگەڵ هەموو چرکەیەک لە دواکەوتنمان لەو بوارەدا دارستانێک دەسوتێنرێت، زیندەوەرێک لەناو دەبرێت، چەمێک پیس دەکرێت، زەویەک پێشکەش بە وەبەرهێنان دەکرێت، گوندێک چۆڵ دەکرێت و ژیان لەناو دەبرێت. رێکخستنبوون لە پێناو ئیکۆلۆژیک ئەرکێکی ژیانیی و بەپەلەیە. هەربۆیە رۆژی پاراستنی ژیانە لە بەرامبەر ئەقڵیەتی فاشیزم و سیاسەتی تاڵان، لە رێکە رێکخستنبوون و تێکۆشانەوە. رۆژ رۆژی ئەوەیە کە بە بێ دواکەوتن جیهان و ژینگە بپارێزین، بە زانستێکی ئیکۆلۆژیک هێزی خۆمان یەکبخەین، خۆمان بە رێکخستن بکەین و داهاتووی خۆمان بپارێزین، بۆ ئەوەی رێگری لە دزی، تاڵان و کۆمەڵکوژی بگرین، بەر لە هەرشتێک پێویستیمان بە رێکخستن بوون و تێکۆشانە".

هـ . ب