تەنیا لە کرماشان هەزار منداڵ ناچارن کار بکەن

بەهۆی نەبوونی هەلی کار و بێکاری بەربڵاو، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە کرماشان ناچارن کاربکەن. سەرباری بوونی ژمارەیەکی زۆر منداڵی کرێکار تائێستا دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە پاڕێزگای کرماشان هەزار منداڵ ناچارن کاربکەن. ئەم منداڵانە لە سەر شەقامەکان و دەوروبەری شارەکان کار دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان بێهزاد شەهبازی لەو بارەوە رایگەیاندووە: "هەزار منداڵی کرێکار لەسەر شەقامەکانی کرماشانن".

روونیشیکردەوە، "بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیان هەزار منداڵی کار لە پارێزگای کرماشاندان کە بە هۆی نەبوونی بەخێوکەر، یان بەخێوکەری خراپ یاخود لەبەر کێشەی ئابوری و کولتوری لە شەقامەکاندا کار دەکەن".

شەهبازی بانگەشەی ئەوەسی کردووە کە واتای منداڵانی کرێکار لە پارێزگای کرماشان جیاوازە لە پاڕێزگاکانی دیکە، چونکە بە هۆی جیاوازی کولتورییەوە بنەماڵەکان لەو پارێزگایە لە تەمەنی کەمەوە منداڵەکانیان رەوانەی بازاڕی کار دەکەن.

ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی بە رێژەی بەرزی بێکاری و ئاستی هەژاری و پەراوێزخستنی ئەو پاڕێزگایە نەکردووە کە رۆڵیان لە هەڵکشانی ژمارەی منداڵانی کرێکار هەیە.

شەهبازی لە درێژەدا باسی لەوەکردووە، کە خەڵکی کرماشان بە هۆی هەستی بەرزیانەوە بەگشتی هاوکاری ئەو منداڵانە دەکەن کە لە چواڕێیانەکاندا کار دەکەن و ئەمەش وای کردووە کە بنەماڵەکانیان وهەندێک جار باندە مافیاکان کە ئەو بنەماڵانەیان خستووەتەبەرکار، ناچاریان بکەن کە بەردەوام بن کە کار.

ئەوەسیخستەڕوو کە باندە مافیاکان کە منداڵان ناچار بە کار لە سەر شەقام دەکەن داهاتی زۆریان دەست دەکەوێت و بەو هۆیەوە بەردەوامن لە کارپێکردن بە منداڵان.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان (بێهزیستی) ساڵی رابردوو باسی لە ٣٠٥ منداڵ کردبوو کە ناچارن کار بکەن. بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئامارە، ژمارەی منداڵانی کار لەم ساڵدا هەڵکشانی بەرچاوی پێوەدیارە.  

جێی باسە ئامارەکانی سەرەوە ئاماری فەرمین کە ناوەندە دەوڵەتیەکان بڵاویان کردووەتەوە و ئاماری ئەو منداڵانەیە کە دەستنیشان کراون، بەڵام لە راستیدا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی کار بوونیان هەیە کە هەرگیز دەستنیشان نەکراون. ئاماری دەوڵەت هەموو کات زۆر کەمترە لە ئاماری راستەقینە و ناوەندە دەوڵەتیەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی تایبەت دەستکاری ئامارەکان دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی کرماشان پێشتریش لەو بارەوە رایگەیاندبوو کە لەسەدا ٨٠ی منداڵان لە ناوەندی پارێزگان و دیاردەی کاری منداڵان لە قەزا و شارە بچوکەکان کەمترە.

هەروەها لەم راپۆرتەدا هاتووە، لەسەدا ٨٩ی منداڵانی کار لە رەگەزی نێرن و لەسەدا ٩٥یان هاوکات خوێندکارن. لەسەدا ٤٥ی ئەو منداڵانە دەستگێڕی و دەستفرۆشی دەکەن، لەسەدا ٣٠یان خۆڵ و خاشاک و کەرەستەی فڕێدراو کۆدەکەنەوە و لەسەدا ١٣ش وەک کرێکاری وەرزی کاردەکەن. لەسەدا ٧٩یان باسیان لەوەکرد کە بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و داراییەوە ناچارن کاربکەن، بە گشتیش لەسەدا ٨٥یان ئاماژەیان بەوەکردووە کە لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە ناچار بە کارکردن کراون.

هەڵکشانی ژمارەی منداڵانی کار لە شەقام و چوارڕێیان و ترافیکلایتەکانی کرماشان لە ماوەی ساڵانی رابردوو یەکجار بەرچاوە و لە هەموو شەقام و ترافیک لایتێک ژمارەیەکی زۆر منداڵ دەبیندرێت کە سەرقاڵی فرۆشتنی گوڵ، کلێنس و بنێشتن یاخود سواڵدەکەن.

ئەم منداڵانە کە بە هۆکاری جیاجیا ناچار بە کارکردن کراون، بە گشتی کێشەی ئابووریان هەیە. لەهۆکارەکانی کارکردنی ئەو منداڵانە دەتوانرێت ئاماژە بە نەبوونی سەرپەرشت، سەرپەرشتی خراپ لەوانە دایکوباوکی گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر، کێشەی کولتوری، نەخوێندەواری، نەخۆشی بەخێوکەر، گیرۆدەبوون لە باندە مافیاکان و سواڵکردن و هتد.. بکرێت.

زۆرینەی ئەو منداڵانەی لە شەقامەکاندا کار دەکەن رووبەڕووی ئازاری جەستەیی و دەرونی دەبنەوە..

بەلەبەرچاوگرتنی مامەڵەی توندوتیژانەی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەو منداڵانە و هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەخێوکەرانیان، ئەم منداڵانە هەست بە بۆشایی دەرونی دەکەن و ئەم هەستەش دەبێت بە پاڵنەرێک تا رووبکەنە ماددەهۆشبەەکان و ئەگەری ئەوەس هەیە کە بەهۆی ئەو توندوتیژیەی بەرامبەریان دەکرێت خۆیان ببنە کەسانی توندوتیژ، واتە ئەو توندوتیژیەی بەرامبەریان دەکرێت، جارێکیتر توندوتیژی لە کۆمەڵگادا بەرهەم دەهێنێتەوە.

زۆرینەی منداڵانی کار لە خوێندن بێبەشکراون یاخود تەنیا تا قۆناغی سەرەتایی دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن. بێ بەشبوونیان لە خوێندن هۆکارە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەشیان نەبێت و بۆ هەمیشە گیرۆدەی ئەو کێشانەبن کە لەمنداڵییەوە تووشی بوون.

لایەنێکی دیکەی نەرێنی بریتیە لەوەی ئەو منداڵانە لە تەندروستی و پەروەردە بێ بەشن و تووشی چەندی نەخۆشی جەستەیی و دەرونی دەبنەوە.

هەندێک لەو منداڵانەی ناچار بە کارکردن کراون ئەگەری هەیە رووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەڵی بەردەوام ببنەوە.

لە رووی بەرزی رێژەی بێکارییەوە پاڕێزگای کرماشان لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی دووەمدایە و ئەم پارێزگای لە ریزی ئەو ١٠ پارێزگایەی ئێراندایە کە رێژەی بێکاری تیایاندا لە سەرووی لەسەدا ١٠یە.

بێکاری بەربڵاو و ئاستی بەرزی هەژاری و پەراوێزخستن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی هەڵکشانی ژمارەی منداڵانی کار لە پارێزگای کرماشان.

سەرباری کێشەکانی پارێزگاکە و زیادبوونی ژمارەی منداڵانی کرێکار، بەڵام دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەڵناگرێت و تادێت ئەم کێشەیە زیاتر تەشەنە دەستێنێت و ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان ناچار بە کارکردن دەکرێن.

هـ . ب